تورکمانێک لە رێزەکانی پەکەکە دا

ڕۆستەم جودی ٧ خزمی لە کاتی شۆڕسی رۆژئاوادا شەهید بوون. ئێستا بۆ تۆڵەسەندنەوەیان لە دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکات، کە پشتیوانی داعش بوو و بۆ ئەوەش رووی کردووەتە چیاکانی کوردستان.

یەکێک لە شەڕڤانە ئینتەرناسیۆنالیستەکانی پەکەکە رۆستەم جودی-یە، کە ٧ خزمی لە تێکۆشانی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا شەهید بوون. جودیش لە ئێستادا  بۆ تۆڵەسەندنەوەی خزمەکانی لەدژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکات، کە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی داعش بوو. بۆ ئەوەش ڕووی کردووەتە چیاکانی کوردستان و نزیکەی ساڵێکە لە چیاکانی کوردستان دا تێدەکۆشێت.

لە گەشتی ئەمجارەماندا باسی چیرۆکی گەریلایەکی تورکمان دەکەین، کە ساڵی ٢٠١٨ لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە بەشداری ناو ریزەکانی پەکەکە بووە.

٧ شەهید و شۆڕشی رۆژئاوا

٧ خزمی گەریلای تورکمان رۆستەم جودی لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوا شەهید بوون. لەدوای ئەو شەهیدانە، بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی سەربکەوێت بوو بە شەڕڤانێکی ئەو دۆزە. رۆستەم جودی بەمشێوەیە باسی ژیانی خۆی دەکات:

"ناوم رۆستەم جودییە. لە خانەوادەیەکی تورکمان لە شاری حەسەکەی  ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووم. ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ بەهاری گەلان لە رۆژئاوای کوردستان ٧ کەس لە خانەوادەکەمان بەشداری شۆڕش بوون و چوونە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە). چەتەکانی داعش کە کلکی دەوڵەتی تورکیای فاشیستە، دەیانخواست گەلی رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژ بکەن. بەڵام گەلی باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە دژی هزری کوشتاری داعش یەکێتیی خۆیان دروست کرد  و دەستیان بە خۆ پاراستن کرد. لە ناو ئەو خۆپاراستن و تێکۆشانەی شۆڕشدا لە رەقە، تەبقە و دێرەزوور ٧  خزمم لە تێکۆشان دژی داعش شەهید بوون".

"منیش خواستم لە دژی دەوڵەتی تورک، کە پشتیوانی داعش بوو شەڕ بکەم"

رۆستەم جودی بۆ گەورەکردنی تێکۆشانی شەهیدان بڕیاریدا کە بەشداری ناو ریزەکانی هەپەگە بێت و بۆ ئەو ئامانجە ڕووی کردە چیاکانی کوردستان، جودی باسی سەرەتای بەشداربوونی خۆی بەمشێوەیە کرد:

"ئەوەی چەتەکانی داعشی لە ناوچەکەدا دروست کرد و لە هەموو بوارێکدا هاوکاریی لۆجستیی کردن دەوڵەتی تورکیا بوو. لەبەر ئەوەی لە دژی دەوڵەتی تورک تێبکۆشم رووم کردە چیاکانی کوردستان. سەرەتا کە هاتمە چیا، من سەرم سوڕما لە سروشت، هەوا و ئاوی چیاکانی کوردستان. سەرەتاش لە لایەنی فیزیکییەوە من هەندێک ئاستەنگیم بینی، لەبەر ئەوەی ئەو جێگەیەی منی لێ گەورە بووم دەشت بوو، بەڵام ئەو زەحمەتیانە لە بەردەمم نە بوونە ئاستەنگ. هەر کات مرۆڤ سەیری ئەم  چیایانە دەکات، مرۆڤ دەچێتە سەر چیا، مرۆڤ ئەوەندە زیاتر نزیکی ئازادی دەبێتەوە، واتا ڕۆح و مێشکی من لەگەڵ چیا بوون بەیەک".

"هاوڕێیەتی لێرە دەستەواژەیەکى پیرۆزە"

جودی سەرنجی راکێشایە سەر هەڤاڵێتی لە چیاکانی کوردستان و بەوشێوەیە بەردەوام بوو: "کاتێک هاتمە چیا ئەوەی، کە زۆر کاریگەریی لەسەرم دروستکرد، هەڤاڵێتیی ناو گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بوو. لەبەر ئەوەی هەڤاڵێتی داستانێکی بێ کۆتاییە، ئایا دەبێت مرۆڤ نەکوێتە ژێر کاریگەریی ئەو هەڤاڵێتییە؟ لەبەر ئەوەی هەڤاڵێتی لێرە زۆر بە واتایە. مردنە لە پێناو یەکتریدا. هەڤاڵێتی بۆ چیاییەکان دەستەواژەیەکى پیرۆزە".

بانگەواز

گەریلای هەپەگە رۆستەم جودی رایگەیاند، ئەو گەریلایانەی کە لە چیاکانی کوردستانن تەنها لە گەلی کورد نین و بانگی لە گەنجانی تورکمان و عەرەب و گەلانی تر کرد کە لە ناو ریزەکانی پەکەکە-دا تێکۆشان بکەن.

ر.م