"تورکیا لە ڕیزی یەکەمی پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دایە"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە شاری ئامەد، کۆمەڵەی ڕۆژنامەگەری دیجلە فورات بە ڕاگەیەندراوێک دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند و لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو"تورکیا لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانە دایە کە زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدات.

دیجلە موفتئۆگلۆ و سەردار ئالتان و کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووس لە شاری ئامەد-ی باکوری کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕۆژنامەگەری دیجلە فورات-یان ڕاگەیاند و ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠١٩یان ئاشکرا کرد.

سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەگەری دیجلە فورات ئامانجی دامەزاراندنی کۆمەڵەکەیان خستەڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بەهۆی زیادبوونی فشارەکان بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و بۆ ئەوەی پشتیوانی لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان بکەین بەپێویستمان زانی ئەم کۆمەڵەیە دامەزرێنین، وتیشی: ئێمە دەبینە دەنگی کۆمەڵگا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕاستیەکان دەخەنەڕوو ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئێمە مافەکانی ئەوان دەپارێزین.

"لەهەر جێگایەک بێت مافەکانی ڕۆژنامەنووسان دەپارێزین"

هاوکات دیجلە موفتئۆگلۆ هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە، هیوای خواست ئیدی توندوتیژی لەسەر چاپەمەنی کۆتایی بێت و ڕاشیگەیاند: دۆخی ڕۆژنامەگەری و میدیا بە قۆناغێکی دژوار تێپەڕ دەبێت، دەیانەوێت ڕۆژنامەگەری ڕێکخستنکراو بڵاوبکەنەوە، باوەڕمان وایە بە دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، ئاسوودەییەک بدەینە ڕۆژنامەنووسان، ئێمە لەهەرجێگایەک بین مافەکانی ڕۆژنامەنووسان دەپارێزین.

"تورکیا لەڕیزی یەکەمی پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان دایە"

موفتئۆگلۆ ئاماژەی بە دۆخی گرتن و پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا کرد و وتی: ڕۆژنامەنووس دەستگیردەکرێت، ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، لە تورکیا دەستگیرکردن و گرتن تا هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبێت، بەشێوەیەک کە ئیدی ڕۆژنامەنووس ناتوانێت کار بکات، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دژی دەسەڵاتن ناتوانن کار بکەن، تورکیا لە لایەنی پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان دا لە ڕیزی یەکەمی وڵاتانی جیهان دایە، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە ئازادییەکانی خۆیان بێبەشن، ڕۆژنامەنووس بەهۆی هەواڵێک  و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستگیرو سزا دەدرێت، هەرە دوایی ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆروچ تۆمەتی" تیرۆریست"یان دایەپاڵ.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەگەری دیجلە فورات بانگەوازی بۆ ئازادی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو کرد و وتی: بانگەوازی دەکەین دەست لە گرتنی عەزیز ئۆروچ و تەواوی هاوپیشەکانمان بەردەن و ئازادیان بکەن، تورکیا بۆ ڕۆژنامەنووسان بووەتە گرتووخانە، لەم ٥ ساڵەی دواییدا ناسنامەی ڕۆژنامەوانی ٣ هەزارو ٨٠٤ کەس هەڵوەشێنراوەتەوە.

"سەرجەم کارو چالاکیەکان بۆ ڕووناک کردنەوەی ڕاستییەکان دەبێت"

سەبارەت بە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و دۆخی ڕۆژنامەوانی لە باکوری کوردستان و تورکیا، دیجلە موفتئۆگلۆ هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" لە تورکیا ئازادی ڕۆژنامەگەری نیە، لە دۆخێکی وەهادا دەیانەوێت ڕۆژنامەوان بخنکێنن، بۆیە بە پێویستمان زانی نەفەسێک بدەینە ڕۆژنامەنووسان و کارو چالاکیەکانمان بۆ خزمەتی کۆمەڵگا دەبێت، بانگەوازیش لەسەرجەم هاوپیشەکانمان دەکەین، لەژێر چەتری کۆمەڵەکەمان ببنە یەک، ئەگەر ببینە یەک دەتوانین فشارەکانی پێش خۆمان تێپەڕێنین بۆ ئەوەی بەئاسانی بتوانین کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین.

"فشارو توندوتیژییەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان لەساڵی ٢٠١٩ دا"

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، ئاماری توندوتیژییەکانی ساڵی ٢٠١٩ بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندرا کە بەمشێوەیەیە:

-٧٥ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

-پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ١٧ ڕۆژنامەنووس.

-٢٤ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراوە.

-هێرش کراوەتە سەر ١٤ ڕۆژنامەنووس.

-پێشێلکاری بەرامبەر ٤٤ ڕۆژنامەنووس کراوە لەکاتی ئامادەکردنی هەواڵ.

-لێپرسینەوە لە ٣٣ ڕۆژنامەنووس کراوە.

-٣٠ ڕۆژنامەنووس کەیسی دادگایان لەسەر کراوەتەوە.

-٤٧٧ ڕۆژنامەنووس دادگایی دراون.

-٧٢ ڕۆژنامەنووس سزا دراون.

-٢ ڕۆژنامەنووس دیپۆرتی سنوری دەرەوە کراوە.

-١٣٠ ڕۆژنامەنووس خراونەتە زیندان.

ب.ش