تەمیزکان: دایکم نایەوێت ئیدی چاوەکان فرمێسک بڕێژن

سەبیحە تەمیزکان کچی لەیلا گیوڤەن لەبارەى دۆخی تەندروستیى دایکییەوە وتى "خەون و خواستى دایکم ئەوەیە، کە ئیتر چاوەکان فرمێسک نەڕێژن و منیش زۆر بۆ بارودۆخی تەندروستیى نیگەرانم".

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٢ مانگە لە چالاکیى مانگرتنی بێسنووردایە. سەبیحە تەمیزکانی کچی باسی دۆخی تەندروستیى دایکى بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد و رایگەیاند، دوایین جار لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٠ی بەفرانبار چاوی بە دایکى کەوتووە.

تەمیزکان راشیگەیاند، دایکى لە رووی جەستییەوە باش دیارە و کاتێک بینویەتى تەنانەت توانیویەتى بە پێوە رابوەستێت "بەڵام باری تەندروستیى چووەتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە. ئیتر زەختى دادەبەزێت و بێحاڵ دەبێت، سەری ژان دەکات و گێژ دەبێت. بە رووناکی، بۆن و دەنگ زۆر هەستیار بووە و تووشی ئازاری گەدە بووە. ئێستا ئاوی سوێر و شیرین و ڤیتامینی پێدەدرێت. ڤیتامین بی ١ (B1)شی پێدەدرێت. سەرباری ئەوەى مەترسیی سەر ژیانى زۆر نییە، بەڵام ئێمە دەترسین و لە نیگەرانیداین، کە نەکا لە ناکاو هەواڵێکى خراپمان پێ بگات، چونکە ئیتر ئێستا مانگرتنەکەى لە ٦٠هەمین رۆژدایە و دۆخی چووەتە ئاستێکى مەترسیدارەوە".

"کێ چیى لە دەست دێت با ئەنجامى بدات"

تەمیزکان لەسەر کاریگەرییەکانى چالاکی و پشتیوانییەکانی دەرەوە بۆ زیندانییەکان وتى "لە چوارچێوەى داواکەى دایکمدا لە یەکتر کۆبوونەتەوە و لە زیندانەکانى تریشدا چالاکیى مانگرتن دەستیپێکردووە. لە دەرەوەش چالاکییەکانى پشتیوانیکردن بەڕێوەدەچن. بەڵام پێویستی بەوە هەیە، کە دەنگێکى بەهێزتر بەرز بکرێتەوە. مانگرتن لە خواردن چووەتە ئاستێکى مەترسیدار و قەیراناوییەوە، لەبەر ئەوەى ئەنجامێکى خراپ روونەدات کێ چیى لە دەست دێت با ئەنجامی بدات. دایکم دەڵێت، داواکەى رێگا بۆ ئاشتى کۆمەڵایەتى دەکاتەوە. تاکە خەون و خواستى ئەوەیە، کە ئیتر چاوی کەس فرمێسک نەڕێژێت. من بۆ باردۆخی ئەو لە ترس و نیگەرانیدام. با ئێمە ببین بە دەنگی لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵەکانى".

ر.م