سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لە سێرت بەردەوامە لە کارەکانى بۆ هەڵبژاردن. تەمەلی ئێوارە سەردانى بنکەى هەڵبژاردنى هەدەپەى کرد لە ناوچەى مسرجێ و لەگەڵ گەلدا قسەى کرد.
تەمەلی رایگەیاند، ئەوان مانگى حوزەیرانیان خۆش دەوێت و وتى "هەر چۆن ئێمە لە ٧ى حوزەیراندا دەستمان بە کارێک کرد، لە ٢٤ى حوزەیراندا کۆتایى بەو کارە دەهێنین".
تەمەلی راشیگەیاند، ئاکەپە هەوڵ دەدات بە شەڕ و سیاسەتى گەندەڵی درێژە بە دەسەڵاتدارییەکەى بدات، بەڵام لە ٢٤ى حوزەیراندا ئەو دەسەڵاتە ناهێڵن.
تەمەلی ئاماژەى بەوەشکرد، ئەردۆغان سەردانى ئامەدی کرد و وتى "ئەمڕۆ چووە بۆ ئامەد و هەستاوە وتویەتى 'ئێمە ئامەد وەک ئیستەنبول لێدەکەین' جا سەیرى دۆخى ئیستەنبول بکەن. سەوزایى لە شوێنێکدا نەماوە. تەنها گەزی مابوو، ئێمە بە بەرخۆدانى خۆمان ئەوێمان پاراست و نەماندا پێیان. ئێستاش تورکیایان پێنادەین".
سەزای تەمەلی راشیگەیاند، ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ خاوەنداری لە شارەکانى خۆیان دەکەن. هاوسەرۆک شارەوانییەکان دەستگیرکران، بەڵام شارەکان خۆڕاگرییان کرد.
ئەوەشى وت "وڵات لە دواى ٢٤ى حوزەیران دەگۆڕێت. ئێمە پێکەوە بەربەستەکانی بەردەم ئاشتى و دیموکراسی هەڵدەوشێنینەوە. ئەگەر هەدەپە هەبێت، بەربەستیش نابێت. هەستاوە چووە بۆ ئامەد و دەڵێت 'ئێمە چى دەکەین هەدەپە تێکى دەدات' باشە خەڵکینە ئێمە دەسەڵاتدارین تاوەکو تێکى بدەین؟ تۆ تێکتدا و ئێمەش حسابی هەموو ئەو شارانەت لێدەپرسین کە تۆ وێرانت کردن. بۆ ئەوەش ٣ هەفتە ماوە. ئێمە هەر حەوت رۆژى هەفتە و هەر ٢٤ کاتژمێری شەو و رۆژ خەبات دەکەین. سندوق دەبەن بۆ کوێ ئێمە دەچین بۆ ئەوێ. ئێمە خاوەنداری لە دەنگەکانمان دەکەین و لەو دەسەڵاتە زۆردارە رزگار دەبین".
ر.م