تەڤگەرا ژنێن ئازاد: بەرپرسیاری ڕۆبۆسکی ئاکەپەیە

تەڤگەرا ژنێن ئازاد (تەژەئا – TJA) ڕایگەیاند، بەرپرسیاری کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و ئەوەی فەرمانی کۆمەڵکوژیەکەی دا دەسەڵاتی ئاکەپە بوو. ئاکەپە بەردەوامی کلتوری کۆمەڵکوژیەکانە."

تەڤگەرا ژنێن ئازاد (تەژەئا – TJA) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا، لە دەرسیم تا مەڕاش و لە زیلان تا ڕۆبۆسکی بە دەیان کۆمەڵکوژی لە میژووی کۆماری تورکیادا ئەنجامدراون.

هەروەها تەڤگەرا ژنێن ئازاد (تەژەئا – TJA)  وتیشی، "بەرپرسیاری کۆمەڵکوژیەکە ئاکەپەیە و هەروەها گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا ٢ی کانونی یەکەم لە ناوچەی تەل ڕەفعەتی ڕۆژئاوا ١٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد کە ٨ کەسیان منداڵن. ئێمە دەزانین دامەزراندنی قەیومەکان، دەستگیرکردن، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، هێرشی دژی ڕۆژئاوا و کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ئەنجامی سیاسەتی ئاکەپەن کە دوژمنیایەتی گەلی کورد دەکات."

تەڤگەرا ژنێن ئازاد (تەژەئا – TJA) ڕایگەیاند، لەدژی توندوتیژی، ناحەقی، نادادپەروەری، فشار و زۆردەستی دەوڵەت، خەباتەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بەردەوام دەبێت و بەرێزەوە یادی قوڕبانیانی ڕۆبۆسکی دەکەنەوە.

ف.ق