تەڤگەری ئازادی قەدەغەکردنى فیلمی ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز لە سلێمانى ئیدانە دەکات

تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان رایگەیاند، لە ساڵرۆژى تیرۆرکردنیاندا نمایشى فیلمى ساکینە جانسز لە سلێمانى قەدەغە کرا. راشیگەیاند "ئەو قەدەغەکارییە ئەزموون و مێژووی گەلەکەشمان ڕەش و لەکەدار دەکات".

تەڤگەری ئازادی، داخستنى بارەگاکانى تەڤگەر و داخستنى بارەگاکانى رێکخراوەکانى گەنجان، ژنان و ناوەندی هونەری لەلایەن ئاسایشەوە ئیدانە کرد.

راشیگەیاند، لەم چەند رۆژەدا دەستیشان کردووە بە قەدەغەکردنى کتێبەکانى رێبەر ئۆجالان و فرۆشیارانى کتێبەکانى رێبەر ئۆجالان دەستگیر و زیندانى دەکەن. هەروەها لە دواین کاریاندا، سینەما سالمیان داخست بۆ ئەوەى رێگری لە پەخش و نمایشی فیلمى ژیان و تێکشانی ساکینە جانسز، لە ساڵرۆژی تیرۆرکردنەکەیاندا بکەن.

دەقی راگەیاندراوەکەى تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان

لە ساڵرۆژى تیرۆرکردنیان، نمایشکردنى فلمى ساکینە جانسز قەدەخە دەکرێت!

گرتنەبەری ئەو کارانە دەبێت لەترسی چی بێت؟؟ دەبێت بۆ خزمەتی کێ بێت؟!

بۆ ڕای گشتی و تەواوی گەلەکەمان

ئەگەرچی لەم هەرێمە بەناو نیمچە ئازادە، کە ئەویش بەری رەنج و تێکۆشانی تەواوی گەلەکەمانە و بەرلە هەمووشمان خوێنی شەهیدان، بەڵام زۆر بەداخەوە هەموو دەسکەوتەکان بەحزبی کراوە و لەوەش ناشیرینتر ئەوەندەی ئەم هەرێمە خراوەتە خزمەتی داگیرکارانی کوردستان و ئەوان لێ سودمەندن، ئەوەندە گەلەکەمان سودمەند نەبووە، ئەوەندەى داهات و سەروەت و سامانى ژێرخان و سەرخان و بەها پیرۆزەکانى ئەم گەلە پێشکەش بە داگیرکاران و بەتایبەت دەوڵەتى فاشیستى تورک کراوە ئەوەندە خزمەت بەم گەلە ستەمدیدەیە نەکراوە و پێشکەشى نەکراوە.

 بە رادەیەک تا دەچێت سنورەکانى ئازادى تەنگ دەکرێتەوە و ناتوانرێت بەئازادی لەم هەرێمەدا ژیان بکرێت. لەهەرێمی کوردستان هەر ڕۆژ زیاتر مەودای ئازادی بەرتەسک دەکرێتەوەو ئازادیەکان بن پێ دەخرێن، مافی دەربڕینی حزب بوون و ڕێکخراو بوون و دەربڕینی ئازادیە تاکەکەسیەکان ئاستەنگ دەکرێت.

 ماوەیەکە بەبیانوی بێ بنەما و بێ یاسایى بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کراوەتە ئامانجی هێرشى هێزەکانی ئاسایش و دادەخرێن، هەر بەداخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیەوە نەوەستان بارەگای رێکخراوەکانى ژنان و گەنجان و رێکخراوەکانى چاندو هونەر کە مۆڵەتیان لاى خۆیان پێ درابوو کرانە ئامانجء داخران!

 جیاواز لەوەش مافی خۆپیشاندان و گربوونەوەش قەدەغە دەکرێت. خاوەنداری کردن لە ڕێبەرو تێکۆشەرانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە قەدەغە دەکرێت! بە تاوانى خاوەنداریکردن لە ڕێبەری دیموکراتی گەلان ڕێبەر ئۆجالان، کە گەنجانی ووڵاتپارێز دەیانخواست چالاکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدەن دژی گۆشەگیری سەر بەرێزیان، بەڵام 100 گەنج دەستگیر دەکرێن و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن!

 لە هەمووى ئابڕوبەرانەتر بۆ ئەم دەسەڵاتە لەسەر فرۆشتنی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالان ئەوە دووڕۆژە هێرش دەکەنە سەر فرۆشیاران و راوەدوو دەنرێت و دەستگیر و زیندانیان دەکەن و پێیان دەڵین فرۆشتنی پەرتوکی ئۆجالان قەدەغەیە!

 لەسەر ئامادەکاری بۆ نمایش کردنی فلیمی بەشێک لە ژیان و تێکۆشانی ژنە شۆڕشگێڕى گەلەکەمان ساکینەجانسز سینەما سالم دادەخرێت! ئەوە لەکاتێکدایە بارەگاى دەزگا سیخوڕیەکانی داگیرکەرانی کوردستان و هێزو سوپاکانیان ئازادن لەهەرشوێنێکی هەرێمی کوردستان کاربکەن و بنکە و بارەگا دابنێن وێراى ئەوەى ئاسایشیشیان پارێزراوە.

 پەخش و نمایشکردنی درامای تورکی کە بەشێوەیەکى مەترسیدار ئەخلاق و دابونەریتى کۆمەڵگەى کوردى رووبەرووى هەڵوەشان و لێکترازان کردووەتەوە و کاریگەریى راستەوخۆى کردووەتە سەر ژیانی گەلەکەمان، وێراى ئەوەى چەندین جار داواى وەستاندنیان کراوە بە بێ سانسۆر بەردەوامن. داگیرکردنى باشورى کوردستان لەلایەن دەوڵەتى فاشیستى تورک لە رووى سەربازى، ئابورى، کۆمەڵایەتى، کلتوریەوە بەڵام تا دەچێت زیاتر و زیاتر دەپارێزرێن!

وەک تەڤگەرى ئازادى کۆمەڵگەى کوردستان وێڕای بە توندى شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنى هەموو ئەوکارە نەشیاوانە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە دەستبەرداری ئەو کارانە بێت، لەجێی ئەوە خزمەتی شوڕشگێڕان و کلتوری گەلەکەمان بکات، نەک خزمەتی داگیرکەران.

هەروەها تەواوی گەلەکەمان و ڕای گشتی لە و هێرش و پەلامارانە ئاگادار دەکەینەوە بێ دەنگ نەبن و ڕێگری بکرێت لەو جۆرە کارە دزێوانە و نەهێڵین زیاتر تەشەنە بکات، ئەوە جگە لەوەی بەزیانی گەورە دەشکێتەوە بۆ سەر گەلەکەمان، لەهەمان کاتدا ئەزموون و مێژووی گەلەکەشمان ڕەش و لەکەدار دەکات. لە کۆتاییدا جارێکى تر هەموو ئەو هێرشانەى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان شەرمەزار و رسوا دەکەین و دەپرسین گرتنەبەری ئەو کارانە دەبێت لەترسی چی بێت؟ دەبێت بۆ خزمەتی کێ بێت؟!

ر.م