تەڤگەری ئازادی لەکەرکووک دەستگیرکردنەکانی سلێمانی ئیدانەکرد

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری کەرکووک لە لێدوانێکدا هێرش و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە لایەن ئاسایشی سلێمانیەوە شەرمەزار دەکات .

ئێوارەی ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری کەرکووکی باشووری کوردستان، لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی لەشاری سلێمانیئیدانەکرد.

ڕێحان حەمادی، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە کەرکوک، لە لێدوانەکەدا ڕایگەیاند: "وەکو تەڤگەری ئازادیی هێرش و دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەر و ژنانی چالاکوان بە توندی ئیدانە دەکەین، دیارە ئەو هێرشەی دوێنێ لە لایەن ئاسایشەوە کرایە سەر ئەندامانمان و ژنانی چالاکوان، لە ڕووی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە هیچ پاساوێکی نیە".

ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا وەکو کورد پێویستمان بە یەکگرتوییە، چونکە هەموو دوژمنان کاربۆ پارچە پارچەکردنمان دەکەن.

دوێنێ لە شاری سلێمانی ئاسایش هێرشی کردە سەرئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و زیاتر لە ٥٠ ئەندامی تەڤگەری دەستگیرکرد، کە بەشێکی زۆریان ژن بوون و هەروەها چەند منداڵێکیش لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون، ئەمڕۆ ژن و منداڵەکان ئازاد کران، بەڵام هێشتا پیاوەکان لە زیندانن و مانیان لە خواردن گرتووە.