تەڤگەری ئازادی: کێشەکە خودی زلهێزەکانن لە ناوچەکە

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە بارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی عێڕاق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و خودی ئەو زلهێزانەیان تۆمەتبار کرد کە لە ناوچەکە بونەتە کێشە و ئاڵۆزی.

ئەمڕۆ لە ناوەندی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی عێراق و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەنجامدرا.

تارا حوسێن لەسەر ناوی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی ڕاگەیێنراوێکی خوێندەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکی دوور و درێژە ناکۆکی نێوان عێڕاق و ئێران لە پەرەسەندندایە، ئەم ئاڵۆزیانەش لە دوای ڕێکنەکەوتنی هەردو لایەن دێت لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە پاش ڕوداوەکەی ٣ی ئەم مانگە ئەم ناکۆکیانەی گەیاندە لوتکە.

تەڤگەری ئازادی خودی ئەو زلهێزانەیان تۆمەتبار کرد کە لە ناوچەکە بونەتە کێشە و ئاڵۆزی، نەک ببنە هێزی چارەسەری و جەختیش کرایەوە، هەتاکو ئەم هێزانە لەم ناچەیە بوونیان هەبێت بەردەوام ناوچەکە لە ئاڵۆزی و شەڕدا دەبێت.

لە لێدوانەکەدا ئازاژە بەوەش کرا کە، پێویستە ململانێکانیان لەسەر خاکی عێڕاق یەکلایی نەکەنەوە، ئێمە ڕێبازی شەڕ بە چارەسەری نازانین، دەبێت بە دانوستان چارەسەر بکرێت.

دەربارەی ئەو هێرش و پەلامارانەی سەر باشوری کوردستانیش تەڤگەری ئازادی بانگەوازی دەکات لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێم کە بەرژەوەندی گەل بە بنەما بگرن و ڕۆڵی گرینگ بگێڕن لە ناوچەکەدا.

ز.ش