جه‌میل بایك: گۆشه‌گیری كێشه‌ی باشووری كوردستانیشه‌

جەمیل بایک هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) نامەیەکی پشتیوانی ئاراستەی هەرێم مەحموود کرد كه‌ ماوه‌ی ٥٢ ڕۆژه‌ دژبه‌ گۆشەگیریی سەر ئۆجالان له‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان مانی له‌ خواردن گرتووه‌.

ماوه‌ی ٥٢ ڕۆژە هەرێم مەحموود هاوڵاتییه‌كی شارۆچكه‌ی كه‌لاری ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له‌ باشووری كوردستان، دژبه‌ گۆشەگیریی سەر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عەبدوڵا ئۆجالان له‌ مانگرتندایه‌.

ئەمڕۆ جەمیل بایک هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری کەجەکە نامه‌یه‌كی پشتیوانی بۆ هه‌رێم مه‌حموود نارد و ڕایگه‌یاند، گۆشه‌گیری كێشه‌یه‌كی باشووری كوردستانیشه‌.

دەقی نامەکەی جەمیل بایک:

بۆ هەڤاڵ ئەندازیار هەرێم مەحمود

سەرەتا بەناوی خۆم و هەڤاڵ بەسێ هۆزاتەوە سڵاوی گەرمتان ئاراستە دەکەم، هیوای تەندروستییەکی باشتان بۆ دەخوازم، هەرچەندە درەنگیش بێت، جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆز دەکەم، لە ڕێگەی ئێوەوە سڵاو و ڕێز ئاراستەی گەلە تێکۆشەرەکەمان لە باشوری کوردستان بەگشتی و گەرمیانی خۆڕاگر بەتایبەت دەکەم، هاوکات دەستخۆشیتان بەبۆنەی بەشداربوونتان لە چالاکی مانگرتن لە خواردن بە شێوازی بێسنوور، هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم.

هەڤاڵی هێژا ئیوە خۆتان ئەو ڕاستییە دەزانن، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنوسسازدا تێپەڕدەبن، لەلایەکەوە دەرفەتی ئەوە هەیە گەلەکەمان دۆزی خۆی چارەسەربکات و بگاتە ئاوات و ئامانجەکانی، لەلایەکی ترەوە حکومەتی ئەردۆغان و باغچەلی و دەوڵەتی تورکیا لە هەر کاتێک زیاتر پێداگری دەکەن لەسەر سیاسەتی نکۆڵی کردن و پاکتاوکردنی گەلەکەمان و دەخوازن هەموو داگیرکەرەکانی کوردستان و زلهێزانی جیهان لە دژی گەلەکەمان بکەن بەیەک و هەموو دەستکەوتەکانمان لەناو ببەن.

بۆ ئەوەی نەتوانین سوود لەم قۆناغە مێژووییە وەرگرین، لەو پێناوەشدا بەشیوەیەکی توند ڕێبەر ئاپۆیان گۆشەگیرکردووە و بەهەموو شێوەیەکیش هێرش دەکەنە سەر تەڤگەر و گەلەکەمان، لە هەمانکاتدا دژی هەر بڕیارێکیشن کە لە عێراق، ئێران و سوریا بە ئاراستەی دابینکردنی مافەکانی گەلەکەمان بدرێت، نمونەی هەرە نزیکیش دژایەتییان بۆ ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان و داگیرکردنی عەفرین و دژایەتی بەردەوامیانە بۆ دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە ڕووکاردا خۆی وەها نیشان دەدات کە تەنیا دژی پەکەکەن و کێشەی لەگەڵ گەلی کورددا نییە.

ئێمە لەو باوەڕەداین هەر کوردێکی دڵسۆز و کەسێکی هۆشیار، ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەردۆغان و حکومەتەکەی دژی هەموو گەلی کوردن، لە پێناو پارچەکردن و لاوازکردنی گەلەکەماندا، بۆ ئەوەی بتوانن بە شیوەیەکی ئاسانتر بگەن بە ئامانجەکانی خۆیان ئەو بانگەشانە دەکەن، هەر بۆیە خەڵکانی نیشتمانپەروەر و هۆشیار بەو بانگەشانەی ئەردۆغان فریو ناخۆن، ئەو هەنگاوەی کە هەڤاڵان لەیلا گۆڤەن و ناسر یاغز پێشەنگایەتییان کرد و شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆیان کردە ئامانجی خۆیان، خاوەنی ئەو ناوەڕۆکەیە.

بەرفراوانبوونی چالاکییەکە لە زیندانەکانی تورکیا و هەرچوارلای کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە گەلی کورد گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بەگۆشەگیرکردنی هەموو گەلی کورد دەزانن و پێیان وایە هەتا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەبێت، ئەوا هیچ مافێکی گەلی کوردیش پەسەند ناکەن و گەلی کوردیش گۆشەگیردەبێت، بێگومان ئێوەش ئەو ڕاستییەتان لە کەسێتی خۆتاندا بەرجەستەکردووە ئەوەش ڕاستترین هەڵوێستە.

چوونکە ئەگەر دەوڵەتێک ڕێز لە گەلێک بگرێت، ئەوا دەبێت سەرەتا ڕێز لە سیمبولەکانی بگرێت، خۆ ئەگەر دەوڵەتێک یاخوود هێزێک ڕێز لە ڕێبەری گەلێک نەگرێت ئەوا هیچکاتێک ئامادەنابێت کە هیچ شتێکی ئەو گەلە پەسەند بکات، گومانی تێدا نییە کە دۆزی گەلی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، وابەستەی یەکترن هەتا کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵی کردن نەیەت، کە دەوڵەتی تورکیا پێشەنگایەتی دەکات دۆزی گەلی کورد نە لە باشور نە لە جێگەیەکیتر چارەسەر نابێت.

لەو ڕوانگەیەوە چالاکییەکەی ئێوە زۆر بە واتایە و هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕی و نەتەوەییە، لە سەر ئاستی باشوری کوردستانیش وەڵامێکە بۆ ئەروانەی کە دۆزی گەلەکەمان لە بەشەکانی کوردستان لە یەکتر دادەبڕن و پێیان وایە کە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، پەیوەندی بە گەلی باشور و دۆزی کوردەوە نییە لە باشور، هاوکات چالاکییەکەی ئێوە و ئەو کەسە نیشتمانپەروەرانەی دیکە کە بەشدارییان تێدا کرد، هاوشیوەی هەڵوێستی خەڵکی شیلادزێ شێوازێکی نوێی تێکۆشانە و دەتوانێت گیانی تێکۆشان بکاتەوە بەبەری خەڵکی باشوری کوردستاندا و قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشانی دیموکراتی پەرەپێبدات و ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری دۆزی کورد و سەرجەم قەیرانەکانی باشوری کوردستان.

ئێمە دڵنیاین ئەو چالاکییەی ئێوە دەگاتە ئامانجەکانی خۆی و ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی ناچاردەبن، وەڵامی داخوازییەکانی ئێوە و مانگرتوانی تر بدەنەوە، ئێمەش هەموو هەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ پشتیوانی داوا ڕەواکانی ئێوە و ڕێگە نادەین ڕەنج و فیداکاری ئێوە و خوێنی شەهیدان "زولکوف گەزەن، ئایتەن بەجەت، ئوگور شاکر، زەهرا ساغڵەم، میدیا چنار" بەفیڕۆ بڕوات بەڵین دەدەین هەڵمەتی 'گۆشەگیری تێکبشکێنە..فاشیزم بڕوخێنە..کوردستان ئازادبکە'، سەردەخەین و بەوشیوەیە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، لە باشوری کوردستان و هەر چوارلای کوردستان دەچەسپێنین و دۆزی گەلەکەمان بەتەواوی چارەسەردەکەین و ژیانێکی ئازاد بۆ کۆمەڵگاکەمان دابین دەکەین، لەسەر ئەو بنەمایە جارێکیتر هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی شۆڕشگێڕیدا
جەمیل بایک
هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری کەجەکە

s.m