حزبە کوردستانیەکانی کەرکووک پشتگیری خۆیان بۆهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەدەپە ڕادەگەینێن

لە شاری کەرکووک حزبە کوردستانیەکان پاڵپشتی خۆیان دووبات دەکەنەوە بۆ هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا

هاورێ حەسەن بەرپرسی رێکخراوە دیموکراتەکانی کەرکووک بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند :" پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ شارەوانیەکانی تورکیا گرنگی خۆی هەیە من وەکو تاکێکی کورد و وەکو کاردرێکی حزبی شیوعی پاڵپشتی لیستی هەدەپە دەکەم و داواکارم لە هەموو کوردان ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و ئەوانەشی مافی دەنگدانیان نییە پاڵپشتی لەو لیستەی هەدەپە بکەن چونکە هەموومان دەزانین کورد لە بارودۆخێکی هەستیارە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ".

هەروەها ‌هاورێ حەسەن ووتی:"سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان سەرکەوتنی هەموو کوردە بۆیە پێویستە هەموو لایەک بە جۆش و خرۆشیەوە پشتیوانی لێبکەن و لە رێگەی ئەو پرۆسە دیموکراتیەوە بتوانن پەیامێکی جدی بدرێتە نەیارانی کورد و بیسەلمێنین کە کورد توانای خۆبەرێوەبەری گۆرانکاری سیاسی هەیە ".

هاشم مەلا عەلی بەرپرسی ناوەندی کەرکووکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وت :"ئێمە وەکو پارتەکەمان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەدەپە دەکەین لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا و باکووری کوردستان یەکریزی کوردان لە تورکیا گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن شتێک بۆ کورد بکەن ، گەلی باکوور پێویستە زۆر هۆشداربێ ،  ئێمە هەمیشە ئاواتەخوازی ئەوە بووینە کە کوردی باکووربگەنە دەستکەوتە نەتەوەیەکانی خۆیان چونکە ئاواتی هەر چوارپارچە یەکە ".

هەروەها هاشم مەلا عەلی وتی :"ئەمانەوێ بە ئەردۆغان بڵین تۆ هێچ پێ ناکرێ بەرامبەر ٥٠ ملیۆن کەس لە گەلی کورد ، من لە کەرکووکی خۆڕاگرەوە سڵاورێز دەنێرم بۆ هەر کوردێکی خۆراگر".

شوان محەمەد بەرپرسی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان لە کەرکووک بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند:" سەرەرای ئەو هەموو ئاستەنگ و رێگریەی حکومەتی ئەردۆغان دژی کورد هەدەپە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبی ، ئێمە وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی لە هەدەپە دەکەین لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ".

هەروها شوان محەمەد وتی :" داواکارم لە هەموو کورد کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی باکوور بکەن سەرەرای ئەو رێگری و ئاستەنگیانەی لە لایەن ئاکەپە دەکرێت دژی گەلی کورد و هەدەپە ، داواکارین سبەی گەلی کورد بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات لە چاو سورکردنەوە و هەرشە نەترسێن".

ک٠ش