حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک:ئێستا کاتی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە
حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک جەخت لەوە دەکەنەوە کە، پێویستە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەی کورد ببەسترێت بۆ رووبەربوونەوەی مەترسییەکانی دوژمنانی کورد.
حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک جەخت لەوە دەکەنەوە کە، پێویستە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەی کورد ببەسترێت بۆ رووبەربوونەوەی مەترسییەکانی دوژمنانی کورد.
حزبە کوردیەکانی شاری کەرکوک بە گرنگی دادەنێن کە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەی کورد ببەسترێت و داواش لە لایەنە سیاسیەکان دەکەن بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەسەرووی بەرژەوەندی حزبی دابنێن.
ئەم گۆرانکاریە کاریگەری درێژخایەنی دەبێت بۆ گەلی کورد
بەختیار محەمەد کارگێری کۆمیتەی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان دەربارەی گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی لەم کاتەدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "لە ئیستادا لە سەرتاسەری جیهانی گۆرانکاری ئابوری و سیاسی گەرورە بەریوەیە، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوڕاست لە بەردەم گۆرانکاری ستراتیجی گەورەدایە ئەم گۆرانکاریانەش کاریگەری درێژخایەنی دەبێ لەسەر گەلانی ئەم ناوچەیە، ئێمەش وەکو گەلی کورد کە گەورەترین گەلی بێ وڵاتین پێویستە یەکبگرین و پێکەوە کاربکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان."
پێویستە یار و نەیارانی کورد لە کۆنگرەی نەتەوەی دیاری بکرێن
هەروەها بەختیار محەمەد ڕاشیگەیاند: "پێویستە لەم کۆنگرەیەکدا چەند شتێک دیاری بکەین، وەکو دیاری کردنی هێڵە گشتیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کورد و هێڵە گشتیەکانی خەباتی هەر چوارپارچەی کوردستان دیاری بکەین، هەرەوها پێویستە بابەتی ئاڵا و سرودی نیشتیمان یەکلایی بکرێتەوە و پۆڵێن کارییەک ئەنجام بکرێت بۆ دیاری کردنی یار و نەیارانی گەلی کورد."
لە کۆتایدا بەختیار محەمەد وتی: "ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەگەرێکی گەورەی هەیە کورد بگەینێتە کەنارێکی زۆر ئارام، بۆیە ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیەیە بە پێویستیەکی گرنگی دەزانم."
ڕێحان حەمادی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دەربارەی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی لەم کاتەدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "ئەنجامدانی کۆنگرەیی نەتەوەی کورد گرنگی خۆی هەیە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە دوژمنانی گەلی کورد پڵانگێری دژی گەلەکەمان ئەنجامدەدەن چ لە رۆژئاوای کوردستان چ لە باشوری کورستان و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامی هەیە بۆ سەر نەتەوەکەمان، هەروەها لە بەغداد باس لە هەموارکردنەوەی دەستور دەکرێت کە ئەمەش مەترسیەکی دیکەیە بۆسەر گەلی کورد کە پێویستە ڕیگە نەدەین دەستکاری مافەکانی گەلی کورد بکرێت لە دەستوری عێراقدا."
هەروەها ڕێحان حەمادی ڕاشیگەیاند: "پێوست بوو لە دوای ساڵی ١٩٩٢ کۆنگرەیی نەتەوەیی ئەنجام درابا بەڵام بەداخەوە ئەنجامنەدرا و جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٣ هەوڵی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد درا، بەلام بەهۆی عەقلیەتی پارچەگەری و بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتداری هەندێک حزب و لایەن، ئەم هەوڵەش سەرکەوتوونەبوو بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیی نەتەوەیی."
بەشێک لە حزبەکانی باشور لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵات ئامادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی نەبوونە
هەروەها ڕێحان حەمادی وتی: "پێویستە لە ئیستادا لایەنەکانی باشوری کوردستان لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی بەستنی کۆنگرەیی نەتەوەیی بدەن چونکە باشوری کوردستان لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان مەترسی زیاتری لەسەرە، چونکە ئەردۆعان ڕایگەیاندووە کە ووڵایەتی موسڵ و شاری کەرکوک دەگەرێنێتەوە سەر تورکیا، چەند جار لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان سەردانی باشوریان کردووە بۆ بەستنی کۆنگرەیی نەتەوەیی بەڵام بەداخەوە بەشێک لە حزبەکانی باشور لە پێناو بەرژەوەندی مانەوەیان لە دەسەڵات ئامادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی نەبوونە."
لە کۆتایدا ڕێحان حەمادی ووتی: "داوا لە چینی رۆشنبیر و مامۆستا و تەواوی چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگاکەمان دەکەم کە هەوڵ بدەن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد تا خوێنی شەهیدانمان بەفیرۆ نەچێت."
ئەو گۆرانکارییەی رووی کردۆتە ناوچەکە کاریگەری دەبێت لەسەر چارەنووسی کورد
هەروەها مامۆستا محەمەد نەسرەدین-سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەم کاتەدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: ''ئەو گۆرانکارییە گەورەیەی کە رووی کردۆتە ناوچەکە و ئەو باردۆخەی کە هەرچوار پارچەی کوردستان پیدا تێپەر دەبن، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەم قۆناغەی زۆر گرنگ کردووە، چونکە ئەو گۆرانکارییەی رووی کردۆتە ناوچەکە کاریگەری دەبێت لەسەر چارەنووسی کورد، بۆیە پێویستە کۆنگرەی نەتەوەی ببەسترێت."
هەروەها محەمەد نەسرەدین وتی: "پێویستە تەواوی گەلی کورد بینینێکی هاوبەشی هەبێ بۆ ئەم گۆرانکاریانەی رووبەروی ناوچەکە دەبنەوە و باشترین دەستپێک بۆ خۆ ئامادەکردنی کورد بۆ رووبەروبوونەوەی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی ئەو گۆرانکاریانەی ناوچەکە روودەدات، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە."
نابێت هیچ حزبێک بەرژەوندی نەتەوەیی بکاتە قوربانی بەرژەوەندیی حزبی
لە کۆتاییدا مامۆستا محەمەد نەسرەدین ووتی: "پێویستە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی کورد لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکی حزبیدا بێت وە، نابێت هیچ حزبێک بەرژەوندی نەتەوەی بکاتە قوربانی بەرژەوەندی حزبی، بۆیە دەست هەڵگرتن لە بەرژەوەندی حزبی لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەی کورد لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەی دەبێتە دەستکەوتێک بۆ هەموو گەلی کورد."
ز.ش