حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند

لە کەرکوک نوێنەری حزب و لایەنە کوردیەکانی کەرکوك کۆبوونەوە سەبارەت بەو نادادپەروەریەی بەرامبەر کورد دەکرێت لە شارەکە و پاش کۆبوونەوەکەش خۆپیشاندانی سەرتاسەریان ڕاگەیاند.

ئەمرۆ حزب و لایەنە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک کۆبوونەوە بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بارودۆخەی ئیستای کەرکوک و ئەو نادادپەروەریەی بەرامبەر کوردانی کەرکوک دەکرێت بەتایبەتی پەراوێزخستنی کورد لە دامەزراندنەکانی شارەکە ، پاش کۆبوونەوەکە لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک بڕیاریاندا خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدەن دژ بەو نادادپەروەریەی بەرامبەر کورد دەکرێت لەلایەن ئیدارەی ئیستای شارەکەوە.

هێمن حەسەن کە نوێنەری یەکێتی نشتیمانی کوردستان بوو لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: ''ئێمە پاڵپشتی دانەمەزراوانی کوردی کەرکوک دەکەین چونکە لەلایەن وەزیری پەروەردەی عیراق و بەرێوبەری پەروەردەی کەرکوک نادادپەروەریەکی گەورەیان بەرامبەر ئەنجامدراوە و مافەکانی کورد لە شارەکە پێشێل کراون، ئێمە سبەی دەنگمان دەخەینەپاڵ دەنگی کچان و کوڕانی کورد لە شارکە و خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام دەدەین بۆ پشتیوانی لە مافی کوردانی کەرکوک ."

لە کۆتایدا هێمن حەسەن وتی: "داواکارم هاوسەنگی نێوان نەتەوەکانی کەرکوک بپارێزرێت و داواکارین هیچ کارێک ئەنجام نەدرێت تا ببێتە هۆی تێکدانی پێکەوەژیانی شاری کەرکوک."

ز.ش