خوێندکارانی هەولێر ناچار دەکرێن پەسنی تورکیا بدەن

کۆنوسوڵی تورکیا بە یاوەری ڕاگەیاندنی تورکی، بە خوێندگەکانی شاری هەولێردا دەسورێتەوە و قسە بۆ خوێندکاران دەکات، ڕاگەیاندنەکانیش خوێندکاران ناچار دەکەن پەسنی تورکیا بدەن.

کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری (ئایدن مەعروف) وەزیری پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری ڕاگەیاندنی سەر بە تورکیا، لەسەر ناوی هاوکاری مانگی سووری تورکی ڕێکخراوی (تیکا) سەر بە دەزگای سیخووری تورکیا (میت)، لە خوێندگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێن و کۆبوونەوە بە خوێندکاران دەکەن. ناچاریان دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی تورکیا قسە بکەن و بە شان و باڵی ئەو دەوڵەتەدا هەڵ بدەن.

خوێندنگەی ئامادەیی (ئاتبیکی) کچان، یەکێک لەو خوێندگانەیە لە شاری هەولێر. هاکان قەرەچای؛ کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری ئایدن مەعروف سەردانی خوێندکارانی کردووە لەسەر ناوی هاوکاریکردنی خوێندگەکە بۆ خوێندکاران قسەی کردوە.

یەکێک لە خوێندکارەکانی ئەو خوێندنگەیە کە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی ڕاگەیاند: لە دوای قسەکانی هاکان کەرەچای ڕاگەیاندنەکانی سەر بە تورکیا کە لەگەڵ کۆنسوڵ هاتبوون، خوێندکارەکانیان ناچار دەکرد بەوەی پەسنی دەوڵەتی تورکیا بدەن.

هەروەها ئەو خوێندکارە وتیشی "من یەکێکم لەو خوێندکارانەی کە فشاریان بۆ هێنام بۆ ئەوەی قسە بکەم، بەڵام ئامادە نەبووم قسە بکەم بۆیان، سەرەڕای فشارێکی زۆر بەڵام هەر قسەم نەکرد.

مەحمد کیانی؛ چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "شورەییە لە هەرێمی کوردستان ڕێگا بدرێت کۆنوسوڵی تورکیا بە کەیفی خۆی لە خوێندگەکانی کوردستاندا بگەڕێت و بۆ خوێندکاران قسە بکات و لە دژی گەلی کورد و پەروردەیان بکات".

هەروەها کیانی وتیشی: دەوڵەتی تورکیا هەموو هەوڵیکی خۆی خستۆتە گەر بۆ ئەوەی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو بەرێت، هیچ کاتێک تورکیا نەیشاردۆتەوە کە دژی هەرێمی فیدڕاڵە بۆ کوردەکان، لە چوارچێوەی عێراق.

 

ئەو گەڕان و دەست تێوەردانەی کۆنوسڵی تورکیا لە دام و دەزگا و خوێندگەکانی شاری هەولیر لە کاتێکدایە، بەپێی دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ لە خاڵی یەکەم و هەشتەمدا "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی سەربەخۆیە و شکۆی پارێزراوە" واتا هێچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستێوەران لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا بکات.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە دەوڵەتی تورکیا زۆر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەستێوەردان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، لە لایەک چیاکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکات و داگیری دەکات. لەلایەکی تریشەوە کۆنوسوڵی تورکیا بە هاوکاری وەزیرێکی هەرێمی کوردستان دەست بۆ سلکی پەروردە دەبات!.