خەڵکی شەنگال دەوڵەتی تورکیان رسوا و شەرمەزار کرد

هەزاران کەس لە شەنگال دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شەنگال خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گوڵیان لەو شوێنە دانا، کە زەردەشت شەنگالی فەرماندەی یەبەشە و هەڤاڵەکانی تێیدا شەهید بوون.

ئەمڕۆ لە گوندی دیگۆری شەنگال، بەهەزاران کەس لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەکە لەلایەن ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتی شەنگال ڕێکخرابوو، لەبەردەم ئەنجومەنی گەلی دیگۆر دەست بەخۆپیشاندان کرا و تێیدا دروشمی ( شەهید نامرن، بژی بەرخۆدای شەنگال، بمرێ خیانەت) وترایەوە، هەروەها ئاڵاکانی یەبەشە و یەژەشە و وێنەی شەهیدەکان بەرزکرابووەوە، خۆپیشاندانەکە هەتا بەردەم ئەو بارەگایەی یەبەشە بەردەوام بوو، کە ١٥ی ئەم مانگە زەردەشت شەنگالی و هەڤاڵەکانی تێیدا شەهید بوون.

"ئێمە لەسەر ڕێگای شەهیدانین"

لە خۆپیشاندانەکەدا حسێن حاجی، بەناوی ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال قسەی کرد و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدەکان کرد و وتی: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بۆ پشتگیریی شەنگال لە سەرانسەری جیهان هەڵوێستیان نیشاندا، وەک گەلی ئێزدی ژەنەڕاڵێکی گەورەمان لەدەستدا، بەڵام با دەوڵەتی تورک خۆشحاڵ نەبێت، چونکە ئێمە هەموومان لەسەر ڕێگای شەهیدانین، شەهید بوونێک کە لەپێناو خاکدابێت جێگەی شانازییە، وک چۆن لەکاتی خۆڕزگارکردنمان لە هێرشەکانی سەرمان بەرگریمان کرد، لەمەودواش بۆ بەرگریی و وەڵامدانەوەی هەموو هێرشەکان ئامادەین، لێرەوە داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین بێدەنگ نەبن و نەڵێن ئەوە هێرشانە دژی یەبەشە یە، ئەمڕۆ یەبەشەیە، سبەینێ لەسەر تەواوی گەلی ئێزدییە.

"کۆیلایەتیمان قبوڵ نەکردووە"

دواتر هەمەد بشار، بەناوی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی – پادێ، قسەی کرد و وتی: لەمێژودا چەندین فەرمان و هێرش دژی گەلی ئێزدی ڕویداوە، بەڵام کۆیلایەتیمان قبوڵ نەکردووە، لێرە بەدواش هەر کۆیلایەتی قبوڵ ناکەین، بۆیە داوا لە هەموو گەلی ئێزدی بەتایبەت گەنجان دەکەم لەهەموو شوێنێک دەنگی خۆیان بەرزکەنەوە و ئەو هێرشانە قبوڵ نەکەن.

ز.ش