چوارەم دانیشتنى دادگایکردنی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە دەستیپێکرد

چوارەم دانیشتنى دۆزی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى دیلکراوی گشتیى کەجەدە، کە ٤٩ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زینداندا دەستى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە، دەستیپێکرد.

لەبەر ناڕەزایەتى دەربڕین لە دژی داگیرکردنى عەفرین، لێدوان و راگەیاندراو و کارەکانى لە ناو کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)دا، داواکارى گشتیى تورکیا سکاڵای لە دژی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە تۆمار کردبوو و داواشیکردووە ٢٥ ساڵ تاوەکو ٤٦ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنى بەسەردا بسەپێنرێت.

لەسەر ئەو سکاڵایانە ئەمڕۆ چوارەم دانیشتنى دادگایکردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە لە لقی ٩ی دادگای سزا قورسەکانى ئامەد دەستیپێکرد.

گیوڤەن لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٤٩ رۆژە لە زینداندا دەستیکردووە بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن و ئەمڕۆش ئامادە نەبوو بەشداری لە دانیشتنەکەى دادگادا بکات.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکى کەجەدە، عایشە ئاجار باشاران، سەلچوک مزراکلی، گولیستان کلچ کۆچیت، سەرما گیوزەل، ئەبرو گیونەى، مەراڵ دانش بەشتاش، سالیحە ئایدەنیز، موسا فاریس ئۆگیولاری، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، رەمزییە تۆسون، تەیب تەمەل، عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو، هشیار ئۆزسۆی، ئیمام تاشچەر پەرلەمانتارانى هەدەپە، چالاکوانانى بزووتنەوەى ئازادیى ژنان (تەژەئا)، محەمەد ئارسلان هاوسەرۆکی پارتى هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکى گشتیى کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهادە)، ئۆنور حەمزە ئۆغڵو هاووتەبێژی کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە) و منداڵەکانى لەیلا گیوڤەن بەشداریى دانیشتنەکەى دادگایان کرد.

لە بەردەم دادگاى ئامەد و لە هۆڵی دانیشتنى دادگاکەدا رێوشوێنى ئەمنیى توند گیراوەتەبەر و لە دانیشتنى دادگاکەشدا سەرۆکى دادگا گۆردرا.

دانیشتنى دادگا بە بەرگریکردنى پارێزەرانى گیوڤەن بەردەوامە.

ر.م