دانیشتنی دادگاییکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بەڕێوە چوو

دانیشتنی دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بێ ئەوەی پارێزەرەکانیان لێ ئاگادار بکرێنەوە، بەڕێوە چوو.

داواکاری گشتی کۆمار لە ئەنکەرە لە ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵ لەسەر رووداوەکانی ٦ و ٨ی تشرینی یەکەم کە تایبەتن بە  رووداوەکانی کۆبانی، لە دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هەر دوو هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە بڕیاری گرتنی دابوو. پەڕاوەکانی تۆمەتبارکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئامادە نەکراون، بەڵام لێکۆلینەوە لەسەر گرتنیان لە ١٣ی کانونی یەکەم وەکو دانیشتنێکی دادگا بەڕێوە چوو.

لە چوارەمین دادگای سزاکان، یوکسەکداغ لە گرتووخانەی کاندرا-وە  بە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگییەوە، بەشداری دانیشتنی دادگاییەکە بوو. یوکسەکداغ هەمان ئەو وتانەی دوبارە کردەوە کە پێشوتر کردبووی.

دەمیرتاش: من داوای ئازادکردن ناکەم

دەمیرتاشیش لە گرتووخانەی پیتی (F)-ی ئەدرنەوە بە هەمان سیستمی دەنگ و رەنگییەوە، بەشداری دانیشتنی دادگاییەکە بوو.

دەمیرتاش لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستندا تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم گرتنە، گرتنێکی سیاسییە و بۆیە داوای ئازادکردنی خۆی ناکات. وتیشی:" لە سەردەمێکدا کە بکوژ و هێرشبەرەکان ئازاد دەکرین و بە ئازادانە دەسووڕێنەوە، من داوای ئازادکردنی خۆم ناکەم."

وەفدی دادگا داوای داواکاری گشتیی قبوڵ کردوو بڕیاری دا گیراوان، لە بارودۆخی گرتندا بمێننەوە.

ز.ش