دایکی ڕامین حسێن پەناهی نامەیەک ئاڕاستەی یەکێتیی ئەورووپا ده‌كات

دایکی ڕامین حسێن پەناهیی زیندانیی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نامەیەکی ئاڕاستەی فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کرد.

شەرافەت زەرین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە «دایە شەریفە» ناسراوە و مەترسی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی کوڕەکەی (ڕامین حوسێن په‌ناهی) هه‌یه‌ له‌ دوای مانگی ڕەمەزان، لە نامەیەکی کراوەدا داوای لە فدریکا موگرینی کردووە پرسی لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی بباتە سەر مێزی گفتوگۆی دانوستانەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران.

دەقی نامەکەی دایکی ڕامین حسێن پەناهی:

[ئەوە نامەی دایکێکە لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی ئێران، نامەی دایکێک کە ھەموو ڕۆژێ ترس و دڵەڕاوکێ بەری نادا، ھۆکاریش ئەوەیە لە زیندانێکی نزیک لێیەوە دوای مانگی رەمەزان بڕیارە بەشێک لە دڵی لە سێدارە بدرێت، دەزانن واتای چیە؟ کە بیر لەو کارەساتە دەکەمەوە موچورکم پێدا دێت و بێزارم لە وشەی «سێدارە».

بیستوومە خۆتان دایکن و دوو کچتان ھەیە کەواتە دەتوانن بۆ تاوێکیش بێ لەدڵەوە بەدوور لە سیاسەت گوێ لە قسەکانم بگرن.

من دایکێکی ئازار چێشتووم، سی ساڵە دەردم ناسیووە و ساڵانێکی زۆرە بە دوای ڕۆڵەکانمەوەم، ئەو ڕۆڵانەی کە باسی دادپه‌روه‌ری و یەکسانی دەکەن و کردوویانە و ھەوڵیان بۆ داوە، بەڵام لێرە ھەموو شتێک قەدەغەیە، ئێمە لە دۆزەخدا دەژین و ژیانی ئەم ڕۆژانم وەک ئەوەیە کە لە دۆزەخدا بم.

ڕامین حوسێن پەناھی کە دڵنیام ناوتان بیستوە و وێنەکەیتان بینیوه‌، ڕۆڵەی خۆشەویستی منە. ڕامین ھەر ھەڵەیەکیشی کردبێ سزای مەرگ نیە، ئایا ئەوە قسەیەکی ناحەقە کە من دەیکەم؟ ڕامین چالاکێکی سیاسییە کە دۆسیه‌یه‌كی سەرانسەر لە درۆی بۆ ساز کراوە و بەو ھۆیەوە نزیکیان کردووەتەوە لە مەرگ. داواکاریی من ئەوەیە کە لەم ڕۆژانەدا کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران خەریکی قسە و دانوستانن، داخوازییەک بۆ داخوازییەکانی پێشووتان زیاد بکەن و داوای ھەڵوەشانەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین بکەن و لە دادگه‌یه‌کی ئەورووپاییدا دادگه‌یی بکەن.

دەمه‌وێت بۆ تاوێکیش بێت لە ڕێگه‌ی ئەم نامەیەوە خۆتان بخەنە جێگه‌ی ئەو دایکەوە کە چی دیكه‌ توانای کارەساتی دیكه‌ی نەماوە.

دڵی من و ڕۆڵەکەم ئەم ڕۆژانە په‌یوه‌سته‌ به‌ یەک و ده‌زانم بۆ ڕۆڵە بچووکەکەم ڕامین ئەم ڕۆژانە زۆر ناخۆش و ئەستەمە، مۆتەكه‌ی سێدارە! دەمه‌وێت بۆ تاوێکیش بێ لەم ھەستەی من نزیک ببنەوە و خۆتان لە جێگه‌ی من دابنێن، کارێک بکەن و ڕێگە نەدەن ئەم کارەساتە ڕوو بدات، دڵنیام ئێوە دەتوانن، سەمیمانە تکام ئەوەیە ھەوڵی جددیی خۆتان بۆ وەستاندنی ئەو بڕیارە بدەن و ڕێگە مەدەن ڕامین لە سێدارە بدرێت.]

ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی پار دەستگیرکرا و پاشان لە لایەن لقی سنەی دادگه‌ی «شۆڕشی ئیسلامی»یەوە، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای له‌سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. كاربه‌ده‌ستانی زیندان ڕایانگه‌یاندووه‌ له‌ دوای مانگی ڕه‌مه‌زان بڕیاری له‌سێداره‌دانی ڕامین جێبه‌جێ ده‌كرێت.

s.m