دیجلە خابور: زیندانیان بە رۆحی ١٤ی تەمووز خۆڕاگری دەکەن

دیجلە خابور ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانى ژنانى کوردستان (کەژەکە) لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن بۆ دژایەتیکردنی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان رایگەیاند، زیندانیان بە رۆحی ١٤ی تەموز خۆڕاگری دەکەن.

دیجلە خابور ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانى ژنانى کوردستان (کەژەکە) میوانى بەرنامەى "رۆژەڤی ژن" لە کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی بوو.

خابور شیکاریى بۆ چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و سیاسەتەکانى دەوڵەتى توروک لە دژی ژنان و کۆمەڵکوژییەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا کرد و لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن رایگەیاند، زیندانیان بە رۆحی ١٤ی تەمووز خۆڕاگری دەکەن. تێکۆشانی ئێستای گەلیش مانادارە، بەڵام کەمن".

خابوور راشیگەیاند "پیلانگێڕیى دژ بە کوردان بە دیلکردنى ئۆجالان قورستر بوو و ئێستاش بە شێوازى جۆراجۆر پیلانگێڕییەکە بەردەوامیى هەیە. تێکۆشانی ٢٠ ساڵەى ئۆجالان لە ئیمراڵی رۆژ لە دواى رۆژ پیلانگێڕییەکان پووچ دەکاتەوە. فەلسەفەى ئۆجالان بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و دەوڵەتى تورکیش بۆ ئەوەى بەر بەوە بگرێت گۆشەگیریى چڕکردووەتەوە. چالاکییەکان کە لە کەسی لەیلا گیوڤەن دا دەستیان پێکرد بە وڵات و دەرەوەى وڵاتدا بڵابوونەتەوە و ئەوانەش ئەو چالاکییانەن، کە گۆشەگیری پووچ دەکەنەوە. رامان و فکر و فەلسەفەی ئۆجالان وەک تۆو بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە و لە دڵی هەموو کەسێکدا شین بووە".

ئێمە چاوەڕوانی چیین؟

خابوور ئەوەشی وت "لە مێژووی بزووتنەوەى ئازادیدا هەر کاتێک قۆناغێک دەستیپێکردبێت لەلایەن ژنانەوە خوێندنەوەى دروستى بۆ کراوە و بەپێى هەست و پێویستیى ئەو قۆناغە هەڵوێست خراوەتەڕوو. بەرخودانى مێژوویى زیلان و سەماکان و ئەو وەڵامەی ئەوان بە دوژمنیان دایەوە، لە هەستى وڵاتپارێزی و خۆشەویستییان بۆ خاکەکەیانەوە سەرچاوەى گرتووە. ئەوەش ئەو هەستەیە کە رۆشنبیری و کولتوری کورد و زمانى کوردی بە زیندویى راگرتووە".

خابور وتیشی "ژنان پێشەنگایەتیى چالاکییەکانى مانگرتن لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەبەن و ئەوەش بەردەوامیى ئەو رچەیەی ژنانى کوردە. هۆکاری ئەو هێرشە زۆر و قورسەی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ژنان بۆ ئەو بەرخودانە مێژووییەى ژنان دەگەڕێتەوە".

خابووری لەبارەى چالاکییەکانى گەلەوە ئاماژەى بەوەکرد، زیندانیان بە رۆحی ١٤ی تەمووزەوە خۆڕاگری دەکەن. چالاکییەکانى گەل مانادارن و هەموو کاتێک بە پیرۆزیان دەزانین. بە ئەنجامدانى کودەتاى ١٢ی ئەیلول وتیان کورد ئیتر ناتوانێت بێتەوە سەر پێى خۆی و سەری پێ بەرز ناکرێتەوە، بەڵام بە بەرخودانى ١٤ی تەمووز لە زینداندا و بە تێکۆشانی گەل مێژووی کورد سەرلەنوێ نووسرایەوە. ئێستاش لە زینداندا بە هەمان رۆحی ١٤ی تەمووز خۆڕاگری دەکرێت، تێکۆشانی گەلیش مانادارە، بەڵام کەمە و بەش ناکات. ئێمە هێشتا چاوەڕێى چین؟ لەلایەکەوە کە تێکۆشانی هەڤاڵانى زیندان بەو رادەیە بڵند و گەشە، ئێمە لە دەرەوە چۆن دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین، کە چالاکییەکە بە سنوورداری یان بە لاوازی بمێنێتەوە؟".

بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانەکەى پاریس دا

خابوور چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردنی ساڵی ٢٠١٢ی بە بیرهێنایەوە و وتى، گەل قۆناغەکەى گۆڕی و خواستى کۆمەڵکوژییەکانى ساڵی ٢٠١٥ بەبیر بێهنرێنەوە و بەرخودانى لەو شێوەیە بەڕێوەبچن. بۆ ئەوەش بانگەوازی لە گەل کرد، کە بەشداری لە کۆبوونەوەی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٩ی بەفرانباری هەدەپەدا بکەن.

خابوور لەبارەى کۆمەڵکوژیى ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانباری پاریس و ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ / ١٤ی بەفرانبار لە سلۆپی وتى، بکوژەکان و ئەنجامدەرانى کۆمەڵکوژییەکان تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و میتن.

خابور لەبارەى رێپێوان و میتینگی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٢ی بەفرانبار لە پاریس وتى، ئەو چالاکییە بۆ ژنان زۆر گرنگە و داوایکرد، هەموان بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن.

دیجلە خابور لەبارەى قەدەغەکردنی فیلمی "دۆکیۆمێنتاریى سارا" لە سلێمانى وتى، ئەو قەدەغەکارییە سوودی بۆ یەکێتیى کوردان نییە.

"نابێت هیچ هێزێکى داگیرکەر لە باکووری سوریادا بمێنێتەوە"

لەبارەى بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا وتى "بۆ هێزێک کە لە رۆژی یەکەمەوە دەبوایە لەوێ نەبێت، مرۆڤ لە کاتى کشانەوەیدا ناتوانێت بڵێت بۆ دەکشێتەوە؟. نەک تەنها ئەوان، بەڵکو دەبێت هیچ هێزێکى نێودەوڵەتى و هیچ هێزێکى داگیرکەر لەوێ نەمێنن".

خابور راشیگەیاند، ئەوە سیاسەتێکە بۆ ئەوەى هاوپەیمانیى نێوان رووسیا و تورکیا کۆتایى پێبهێنرێت. بە بڕیاری دژ بە ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە ئەو قۆناغە دەستیپێکرد. ئەوە قۆناغ و پرۆسەیەکە لە دژی کورد".

دیجلە خابور ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵەکانى ژنانى کوردستان (کەژەکە) لە کۆتایى قسەکانیدا لەبارەی هەڵمەتى سەفەربەریی ٦ مانگە، کە دەستیان پێکردووە وتى، دەبێت نەک تەنها ژنانی کورد، بەڵکو ژنانی عەرەب، سوریانی، ئەرمەن و هەموو ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست لە دژی هێزە داگیرکەرەکان و سیاسەتەکانیان بە هەستى تۆڵەکردنەوە هەستنە سەر پێ و بەرخودانێکى گەش و بەهێز بەڕێوەببەن.

ر.م