دانیشتنی نۆزدەهەمین دادگای تاوانی قوڕس-ی ئەنکەرە لەسەر دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە بەڕێوە چوو. دانیشتنەکە لە هۆڵی کامپۆس-ی گرتووخانەی سینجان بەڕێوە چوو. دەمیرتاش لە گرتووخانەی پیتی (F)ی ئەدرنە بە رێگای سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنی دادگاییەکە بوو.
هەر یەک لە میتحەت سانجار، محمد روشتو تریاکی، موراد چەپنی، زەینەل ئوزەل، تولای هاتیم ئۆغولاری ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و سەزگین تانری کۆلو ئەندام پەرلەمانی جەهەپە و جانان یوجە هاوسەرۆکی (SYKP) و چەندین ئەندامی بەڕێوبەریی هەدەپەی شارو ناوچە جیاوازەکان وەکو بینەر بەشداری دانیشتنەکە بوون.
لە هەمان کاتدا رێگە نەدرا میر ستادینگ کە پارێزەرێکی خەڵکی سویسرایە لەسەر ناوی پارێزەرانی بێسنوور لەگەڵ هاوڕێیەکی پارێزەری، بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن.
دەمیرتاش لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستندا وتی:"مەبەست لە هاتنمان و کۆبوونەوەمان لە هۆڵی دادگا، دادگاییکردن نییە. من وەکو تۆمەتبار و پارێزەرەکانیشم بە مەبەستی پاراستنی من و ئێوەش وەکو لایەنی دەسەڵاتدار بە مەبەستی دادگاییکردن لێرە کۆ نەبوونەوە. بەڵکو مەبەستتان جێبەجێکردنی ئامانجە سیاسیەکانی دەسەڵاتداریەتی حکومەتی ئاکەپە و بە تایبەت سەرۆکی گشتی ئاکەپە رەجەب طەییب ئەردۆغانە، بە مەبەستی ئەوەی ریگای بۆ بکەنەوەو کۆتایی بە ئۆپۆزسیۆن بهێنن.
دەمیرتاش هەروەها رایگەیاند، دەوڵەت دوای ١٥ی تەمووز سەر لە نوێ بونیاد نرایەوە و وتی:"هەموو رێکخراوەکان سەرکوت کران. لەو بۆشاییەی دروست بوو، تێگەیشتن و هەستکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ دروست نەبوو. سەرنجتان رادەکێشم. رێکخراوێک دانەمەزرا. دەتوانین بڵێن رێکخراوی ئاڵۆزی یان بێ رێکخراوەیی ئالۆزی جێی خۆی گرت. مەبەستیش لەم دۆسیە و داوایانە ئەوەیە کە رێکخراوی ئاڵۆزی یان رێکخراوی رژێم (ئەو کردەوانەی کردوویانە، لە جێگای شتێکی دیکە جێگیر بکەن)."
دەمیرتاش لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"ئەم رژێمە یەک پیاوییە، کە ئێوە دەیپارێزن، بووە بە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابوری و بێ پلانی و گەندەڵی و بەم هۆیەشەوە ئیدی گەیشتووەتە ئاستێک کە مرۆڤەکان خۆیان دەکوژن. هیچ رێکخراوێک لە گۆڕەپانەکە نەماوە. دادگاییکردنیش نەماوە. باش یان خراپ، سیستمێکی دادگاییکردن هەبوو، ئیدی ئەویش نەماوە. باش یان خراپ بیرۆکراسییەک هەبوو، ئەویش نەما. هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە تەنها پیاوێک. پیاوێک کە نە دەتوانێت پارتەکەی بەڕێوە بەرێت و نە ئەم وڵاتە. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە زیرەکی و قەبارەی مێشکەوە نییە. "هەموو شتێک ببەستنەوە بە من، ئێوە ناتوانن بەڕێوەی بەرن". ئەو سیستمەی ئەردۆغان دەیەوێت دروستی بکات ئەمەیە.
بەخوا لە مێژوودا هیچ دەسەڵاتێک نییە هەڵنەواشابێت. سوڵتان سولێمانیش رۆیشت، ئەسکەندەری گەورەش چوو. سوڵتان قانونیش رۆیشت، فاتیح و ناپلیۆنیش رۆشتن. جۆرج واشنتۆنیش، ئەردۆغانیش دەڕوات. بەڵام ئێمە بە گیان و بە دڵ بۆ دیمۆکراسیی و ئازادی خۆڕاگریی دەکەین و سەربەرز دەبین.
من و هەڤاڵانم ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەین. ئێمە بڕیارمانداوە. ئێمە بە دیمۆکراسییەکی بەهێز و دەنگێکی گەورەوە دێین و ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەین. ئێوە نەک تەنها جارێک، بەڵکو هەزار جاریش سزای هەتاهەتای بسەپێنن، ئیدی ئەمە ناوەستێت. کورد و تورک هەموومان دەست لە ناو دەست، ئەم وڵاتە سەر لە نوێ بونیاد دەنێینەوە. چ کاتێک؟ لە ماوەیەکی نزیکدا. بڕوام وایە لە ماوەیەکی کورت، زۆر ناخایێنێت. چونکە ئەم رێکخراوی ئاڵۆزییە، بەردەوام نابێت. ئاکەپە لە بارودۆخی تێکچوونیدایە. هەدەپەش وەکو کاکڵەیەکی یەکپارچە و یەکڕیزە."
دانیشتنی دادگاییەکە سبەینێ کاتژمێر ١٠:٠٠ بەردەوام دەبێت.
ز.ش