دەوڵەتى تورک سزای ٩ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیى بەسەر هاوسەرۆک شارەوانیى خەلفەتی دا سەپاند

دادگای دەوڵەتى تورکى داگیرکەر سزای ٩ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیکردنى بەسەر مستەفا بایرام هاوسەرۆک شارەوانیى شاری خەلفەتی دا سەپاند.

مستەفا بایرام هاوسەرۆک شارەوانیى خەلفەتی لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە سکاڵاى لەسەر تۆمارکرابوو و قەیومێکى داگیرکەریش لە شوێنەکەى سەپێنرابوو بەسەر شارەوانیى خەلفەتی دا. ئەمڕۆ ٥هەمین دانیشتنى دادگایکردنى مستەفا بایرام لە ٦هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانى رحا دا بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەى ئەو سکاڵا و دۆزەدا، ٦ کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا و دۆسیەیان بۆ دروستکرا. لەو ٦ کەسە ٤ کەسیان هەر لە سەرەتاى سکاڵاکەوە لە زینداندا راگیراون. هاوسەرۆک شارەوانیى خەلفەتی لە زیندانەوە دادگایى کرا. لەیلا ئاکچا هاوسەرۆکى پێشووی هەدەپە لە رحا، عەونی گیوربوز بەڕێوەبەری شاری هەدەپە و محەمەد بینیجی لە زیندانەوە برانە دادگا.

دادگا دواى خوێندنەوەى ئیدعانامەکان لەبارەى ئەو کەسانەوە و بە تۆمەتی "ئەندامی رێکخستن" سزای ٩ ساڵ و ٤ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانیکردنی بەسەر مستەفا بایرام، سزای ٩ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیکردنى بەسەر محەمەد بینیجی، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنى بەسەر لەیلا ئاکچا و سزای ٧ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیکردنى بەسەر عەونی گیوربوز دا سەپاند.

هەروها سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن بەسەر ئیسماعیل کاپڵان دا سەپێنرا، کە لە ئێستادا دەستگیر نەکراوە و لە زینداندا نییە.  ئەحمەد کلچ-یش بەهۆی ئەوەى نەخۆشیى قورسی هەیە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریى پزیشکدایە دۆسیەکەى جیاکرایەوە.

ر.م