"دەوڵەتى تورکیا گوندی دۆگاجیی جۆلەمێرگی سوتاند"

پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا لە جۆلەمێرگ رایگەیاندبوو، ٢٤ى نیسان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری چەک و تەقەمەنیى سوپاى تورکیا لە گوندی دۆگاجی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سوتاوە، بەڵام سەربازانى تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکە و ئاگریان تێبەرداوە.

پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا لە جۆلەمێرگ رایگەیاندبوو، ٢٤ى نیسان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری چەک و تەقەمەنیى سوپاى تورکیا لە گوندی دۆگاجی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سوتاوە، بەڵام هاووڵاتیان رایانگەیاند، بارهەڵگرەکە بەهۆی هێرشەوە سوتاوە و هێزەکانى دەوڵەتیش خۆیان گوندی دۆگاجی-یان سوتاند.

گەریلاکانى هەپەگە رۆژی ٢٤ى نیسان لە گوندى دۆگاجیی سەر بە ناوەندى جۆلەمیرگ بارهەڵگری چەک و تەقەمەنیى سوپاى تورکیایان کردە ئامانج. دوای چالاکییەکە شەڕ روویدا و ٨ سەربازى تورکیا کوژران. هێزەکانى دەوڵەتیش دواتر گوندەکان لە دانیشتوانەکەى چۆڵکرد و هەموو گوندەکەیان سوتاند. هاووڵاتییانى ئەو گوندە رایانگەیاند، دەستگیراوە بەسەر گوندەکەیاندا و دەوڵەتى تورکیا رێگا نادات بچنەوە گوندەکەیان.

پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا لە جۆلەمێرگ لەبارەى ئەو بارهەڵگرەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردبووە و تیادا هاتووە، رۆژی ٢٤ى نیسان و لە کاتژمێر ٢٣:٣٠ى خولەکى شەودا لە نزیک پردی ئەرزیکایا بارهەڵگرێک کە چەک و تەقەمەنیى لە وانەوە بۆ فەرماندەیى ٢ی لیواى سنوور لە چەلێ دەبرد، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە تەقیوەتەوە و سوتاوە.

 هەروەها چەک و تەقەمەنیى بارهەڵگرەکە بەهۆى ئاگرەکەوە تەقیونەتەوە و پارێزگارەکەى دەوڵەتى تورکیا ئەوەشى راگەیاندبوو، لەبەر ئەو رووداوەش رێگاى وان – جۆلەمێرگیان داخستووە. بۆ ئەوەى ئەو چەک تەقەمەنیانەى نەتەقیونەتەوە و بگوێزنەوە و لە دواى تەواوبوونى شەڕیش رێگاکە دەکرێتەوە.

بەڵام دانیشتوانى ئەو گوندە بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)یان راگەیاند، پارێزگاری دەوڵەتى تورکیا لە جۆلەمێرگ درۆ دەکات.

ئەو هاووڵاتییانە وتیشیان، دواى ئەوەى بارهەڵگرەکە لەلایەن گەریلاکانى هەپەگەوە هێرشى کرایە سەر و ئاگرى تێبەردرا و چەک و تەقەمەنییەکانى تەقێندرانەوە، شەڕ لە نێوان گەریلاکانى هەپەگە و سەربازانى دەوڵەتى تورکیا روویدا.

باسى ئەوەشیانکرد، لەو شەڕەدا بە لانیکەمەوە ٨ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و لەوبارەیەوە وتیان "سەربازانى سوپاى تورکیا لە دواى شەڕەکە هەڵیانکوتایە سەر گوند و هەموو دانیشتوانەکەیان لە ماڵەکانمان کردە دەرەوە و گوندەکەیان پێ چۆڵکردین. هەروەها ٣ کەسیان دەستگیرکرد، کە یەکێکیان ژن بوو".

هاووڵاتییان لە بەردەوامیى قسەکانیاندا ئەوەشیان وت "سەربازان هەموو رێگاکانى گوندەکەیان داخست و لە سەر رێگاکاندا و لە دەورووبەری گوندەکەدا دەستیانکرد بە هەڵکەندنى خەندەق. دواى ئەوەش دەستیان کرد بە ئاگرتێبەردانى ماڵەکانی گوندەکە. ئێستا نازانین ماڵەکانمان و گوندەکەمان لە چ دۆخێکدایە، چونکە رێگا بە کەس نادەن بچێتە ناو گوندەکە".

سوپاى تورکیا لە ساڵی ١٩٩٤دا هەڵیانکوتابوویە سەر گوندی دۆگاجی و گوندەکەی سوتاندبوو و هاووڵاتییانى ئەو گوندەیان ناچارکردبوو، گوندەکەیان چۆڵ بکەن و بەوشێوە دانیشتوانى ئەو گوندەیان ئاوارە کرد. دواى ١٦ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٠دا هاووڵاتییان گەڕانەوە گوندەکەیان و سەر لەنوێ ئاوەدانیان کردەوە، بەڵام جارێکیتر گوندی دۆگاجی لەلایەن سەربازانى سوپاى تورکیاوە سوتێنرایەوە.

ر.م