"رۆژئاوا هونەری خۆڕاگرییە"

چەند کەسێک لە نەتەوە جیاجیاکانی جیهان، بیروبۆچوونیان لەبارەی شۆڕش و خۆپاراستنی رۆژئاوای کوردستان خستە روو. هەروەها جەختیشیان کردەوە کە سەرکەوتنی رۆژئاوا بۆ هەموو مرۆڤایەتییە.

شاعیر و هەڵبەستوان ماحمودان هاواد کە خەڵکی نێجیریایە و سۆرایا سۆگ کە ئەندامی بزوتنەوەی سەربەخۆ پارێزی کابیلیا (MAK) و ئاناستاسیا پۆلیتی کە شاعیر و هەلبەستوانە و خەڵکی یونانە، هەروەها سیڤاراژان ئاروموگام سکرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی مالیزیا لە بارەی رەوشی رۆژئاوا و خۆڕاگری گەل لەو پارچەیەی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.

شاعیر و هڵبەستوان ماحمودان هاواد کە سەر بە گەلی توراگە رایدەگەیێنێت، بە هۆی بوونمانەوە ئێمە ناتوانین بڕوا بە هیچ کەسێک بکەین و ئەمەش ئازارمان دەدات و وتی:"کاتێک ئێمە ئازار دەچێژین و ئەم ئازارەش وەکو قەدەر تەماشا دەکەین، دوای ماوەیەک پێویستە ئێدی رێگا نەدەین ئەو ئازارە دڵگرانمان بکات. ئەم بیروبۆچوونە بە هەڵبەست و و هونەر و فکر دەست پێدەکات. کاتێک کوردێک یان توراگێک لەبەر هەڵدێر بێت و هیچ هاوپێمانێکی نەبێت و لە ناو کۆمەڵگاکەشیدا هیچ هیوایەکی نەمێنێت، پێویستە هیوای خۆی لەدەست نەدات."

هاواد دەلێت، خۆڕاگریی تەنها چەکداریی نییە لەبەرامبەر تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران. خۆڕاگریی بەر لە هەموو شتێک خۆڕاگرییە لەبەرامبەر خۆی خۆت. خۆڕاگریی لە هیوادا، گەورەترین خۆڕاگرییە. ئەم جۆرە خۆڕاگرییە، هێز دەبەخشێت بە خۆڕاگرەکان. بڕوایەکی وام بە خۆڕاگری هەیە کە هیچ سوپایەک ناتوانێت لەناوی بەرێت. دەکرێت هەموو کورد و توراگێک بگرن و پارچە پارچەیان بکەن، بەڵام پارچەیەکی بچوکیش بمێنێت، دەتوانێت خۆڕاگریی بەهێز و بەرفراوان دروست بکات."

سۆرایا سۆگ کە ئەندامی بزوتنەوەی سەربەخۆ پارێزی کابیلیایە دەڵێت:"ستراتیجییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد هەیە، ئەویش پاکتاوی نەژادییە. بەداخەوە کە تورکیا وا دەزانێت ئەم تاوانە بێ سزا دەمێنێتەوە. قڕکەرییەکانی نێوان ساڵەکانی ١٩١٥-١٩١٧ هێشتا لە فکرماندا ماون. لە شەڕی دژی داعشدا ١١ هەزار کورد گیانیان لەدەستدا. لە کوردستان لە دژی داعش بە پێشەنگایەتی کورد، تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە چوو. تێکۆشانی کورد بۆ ئازادی و مانەوە، ئەوە دەخاتە روو کە یان دەبێت ئاشتی بەدی بێت، یان هەوڵی ئەوە دەدرێت گەلی کورد قڕ بکرێت."

سۆگ، هەروەها وتی:"کات کاتی وەستاندنی ئەم هێرشانەیە. گەلی کورد لە مێژوودا بە هێز و توانای خۆی، خۆی سەلماندووە. هەموو جیهان لە بەرامبەر کورد تێڕاماوە. شەڕی کوبانی و شەنگال پێویستەی تەنها نەبێتە سەرکەوتن بۆ گەلی کورد. ئەو شەڕە پێویستە وەکو سەرکەوتنی پرۆژەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کەلتور و ئایین و باوەڕییە مێژووییەکانی میزۆپۆتامیا تەماشا بکرێت."

سیڤاراژان ئاروموگام سکرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی مالیزیاش دەڵێت:" ئێمە وەکو پارتی سۆسیالیستی مالیزیا دڵگرانین بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی رۆژئاوا. گوایا ئاگربەست راگەیێنرابوو، بەڵام ئەو هێزانەی تورکیا چەکی پێدان، لە باکوری سوریا هێرشیان کردە سەر ناوچەکە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تەنها لە دژی گەلی کورد نییە، بەڵکو ئەو هێرشانە لە دژی شۆڕشی دیمۆکراتیک و یەکسانپارێز ئەنجام دەدرێت. شۆڕشی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووە بە هیوا و رۆناکی. پیویستە هەموو جیهان پشتیوانی لە گەل و کۆمەڵگای رۆژئاوا بکات. ئێمەش لەگەڵ خۆڕاگریی رۆژئاواداین."

ئاناستاسییا پۆلیتی کە بەڕێوەبەری شانۆیە و بە رەچەڵەک خەڵکی یونانە و لە فەڕەنسا دەژیت بە هەڵبەستێک کە پێدا هەڵدانە بە خۆڕاگری و شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، وڵامی ئیمەی دایەوە.

ز.ش