"رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم هەر وەک ئەمڕۆ بەرخودان لە دژی گۆشەگیری هەبوو"

١٨ ساڵ لەوە پێش لە زیندانەکانى تورکیادا کۆمەڵکوژییەک روویدا. ناجی تانریکولو یەکێک لە شایەتحاڵەکانى ئەو کۆمەڵکوژییە وتى "ئەو کاتەش لە دژی گۆشەگیری بەرخودان هەبوو، ئێستاش لە دژی گۆشەگیری بەرخودان هەیە".

رۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠٠٠ / ٢٩ی رەزبەر لە دژی بڕیارى دەوڵەتى تورک، کە خواستى سیستمى زیندانى جۆری ئێف دروست بکات، زیندانیانى سیاسی دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد.

لە دواى ٤٥ رۆژ لە چالاکیى مانگرتن لە خواردن، چالاکییەکە کرا بە چالاکیى مانگرتن تاوەکو مردن. دەوڵەتى تورک رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ / ٢٩ی سەرماوەز لە یەک کاتدا هێرشی کردە سەر ٢٠ زیندان لە سەرتاسەری تورکیا. بەهۆی ئەو هێرشەوە ٣٢ زیندانى کوژران و سەدان زیندانى تریش بریندار بوون. ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن ١٠ هەزار پۆلیس و سەربازەوە بە ناوی "ئۆپەراسیۆنى گەڕانەوە بۆ ژیان" ئەنجامدرا.

ناجی تانریکولو لە کاتى ئەو هێرشەدا لە زیندانى عومرانییە بوو و شایەتحاڵی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو. ناجی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

"کۆمەڵکوژییەکە بۆ سەرکوتکردنى کۆمەڵگە ئەنجامدرا"

تانریکولو رایگەیاند، لە کاتى ئەنجامدانى کۆمەڵکوژییەکەدا تورکیا تووشی قەیرانێکى قوڵی ئابووری و سیاسى بوو بوو. حکومەت بەو هێرشەى بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانى خواستى قەیرانەکە بشارێتەوە.

تانریکولو راشیگەیاند "ئەو کۆمەڵکوژییە دەرەنجامى سیاسەتى دەوڵەت بوو بۆ بێدەنگکردنى کۆمەڵگە. ئەو زیندانانە کە پێیان دەوترێت جۆری ئێف لە ساڵی ١٩٩٩دا دروستکرابوون. لە کاتى هێرش لە دژی زیندانییەکان، دەوڵەت ئەو هێرشەی بە چارەسەریی ریشەیى بۆ هەموو کێشە سیاسی و ئابوورییەکان لێکدەدایەوە. بۆ ئەوەش دەیانخواست هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان بخەنە ناو زیندانەکان و لەوێ سەرکوت و گۆشەگیریان بکەن".

تانریکولو باسی ئەوەشیکرد، زیندان یەکێک لەو شوێنە سەرەکییانەیە، کە شەڕی ئیرادەى زۆر بە چڕی تیادا بەڕێوەدەچێت و دەوڵەتیش هەموو کات دەیخواست کۆتایى بەو ئیرادەیە بهێنێت و ئیرادەى زیندانییەکان تێکبشکێنێت.

تانریکولو ئەوەشى وت "کاتێک مرۆڤ دۆخی ئێستاش دەهێنێتە پێش چاوی خۆی، دۆخەکە هەر وەک ئەو سەردەمەیە. کاتێک بابەتەکە پەیوەندیى بە 'داهاتوی دەوڵەتەوە' بێت، ئیتر دەوڵەتى جیاوازیى سیاسیى لە بەرچاو ناگرێت و هەموو سیاسییەکان وەک یەک پاکتاو دەکات. بۆیە کۆمەڵکوژییەکەى ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠  / ٢٩ی سەرماوەز بە عەقڵییەتى باڵادەستکردنى دەوڵەت ئەنجامدرا. پێش هێرشەکە زیندانەکانى جۆری ئێف ئامادە کرابوون، زیندانییەکانیش لە دژی ئەوە دەستیان بە بەرخودان کرد. ئەو بەرخودانە بە زۆری لەلایەن رێکخستنە چەپەکانى تورکەوە بەڕێوەدەبرا. سەرەتا بە چڕی دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد. دوای ٤٥ رۆژ چالاکییەکەیان گۆڕی بۆ چالاکیى مانگرتن لە تاوەکو مردن".

"بە زیندویى سوتاندیان"

تانریکولو ئەوەشى خستەڕوو، پێش هێرشەکە لە نێوان رێکخستنە سیاسییەکان و دەوڵەتدا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا، بەڵام دەوڵەت پێداگربوو لەسەر ئەوەى کە سیستمی زیندانەکانى جۆری ئێف بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی "چاوپێکەوتن و دانوستانەکان هەندێک سیمبولیک و شکلی بوون. ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ / ٢٧ی سەرماوەز دەوڵەت رایگەیاند، دەستبەرداری بڕیارەکەى بۆ جێبەجێکردنى سیستمى زیندانى جۆری ئێف بووە و لەو رێگەیەوە هەوڵی دا سیاسەتى سەرقاڵکردن بەڕێوەببات. بەرەبەیانى رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ / ٢٩ی سەرماوەز ئەوە دەرکەوت دروستکردنى ئەو کەشە نەرمە لەلایەن دەوڵەتەوە بە هیچ شێوەیەک جێگاى بڕوا پێکردن نەبوو، بە قەڵغان و حەفارە و سلنگەوە هێرشیان کردە سەر ٢٠ زیندان. دواتریش دەستیان بە ئاگرتێبەردانى زیندانەکان کرد و هاواری زیندانەکان کە دەیانوت 'بە زیندویى سوتاندیان' قەبارەى ئەو تاوانەى دەوڵەت دەخاتە بەرچاو".

"ئێستاش بەرخودان هەیە؛ هەڵوێستى کۆمەڵگە چارەنووسسازە"

تانریکولو لەبارەى چالاکیى ماگرتن لە خواردن کە ئێستا لە زیندانەکانى کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت وتى، داواکارییەکانى ئێستا و ئەو کاتەش وەک یەکن.

تانریکولو وتیشی "لەو رۆژەدا لە دژی گۆشەگیری بەرخودان هەبوو، ئێستاش بەرخودان لە دژی گۆشەگیری هەیە. ئێستا داوا دەکرێت گۆشەگیری لاببرێت، بۆ ئەو داوایەش بەرخودانێک هەیە... هەڵوێستى کۆمەڵگە چارەنووسی ئەم قۆناغە و ئەنجامەکەى دیاری دەکات. ئێمە ئەمڕۆ لەسەر گۆشەگیریى قسە دەکەین و لە زیندانەکانیش چالاکییەکى بەهێز لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەچێت. روونە، کە لەم بابەتەدا هەڵوێستى بنەڕەتی، هەڵوێستى کۆمەڵگەیە".

ر.م