رێژێمی ئێران چالاکێکی دیکەی شاری کرمانشانی دەستگیر کرد

لە بەردەوامی لێشاوی دەستگیرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تایبەت لە شاری کرماشان ، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران، چالاکوانێکی مەدەنیی دیکەیان لە شارەکە دەستگیرکرد.

دوێنێ "بابەک دەبیریان" چالاکوانی مەدەنی لە شاری کرماشان لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە شەقامێکی شاری کرماشاندا لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و پاشان ئەو هێزانە هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتیدا گرتووە.

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران بە تایبەتی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، چەندین نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیان لە شارەکانی شاباد و کرماشان دەستگیر کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەشت کەس لەو چالاکوانانە بە دانانی بارمتە ئازادکراون، بەڵام چەندین گیراو لەوانە همایون عەباسی سەرنووسەری گۆڤاری ژیلوان، خەلیل ئەسەدی بوژانی، سۆحبەت ئومێدی و محێدین ئەسغەری کە چالاکوانی مەدەنین، تا ئێستا ئازاد نەکراون.

ز.ش