زیندانیانى رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن دەستیان بە مانگرتن کرد

زیندانیانى سیاسیى دۆزی پەکەکە و پەژاک لە زیندانەکانى رژێمى ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن و داواکەى بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ١٧ زیندانیى سیاسیى کورد لە زیندانەکانى ورمێ، خۆی، تەبرێز و کاشمر راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەیاندا پشتیوانیان لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووری لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە و ٩١ زیندانیى مانگرتووی تری بێسنوور، کردووە.

لە راگەیاندراوی ئەو ١٧ زیندانییە سیاسییەى رۆژهەڵاتى کوردستاندا داوا کراوە شاندێکى نێودەوڵەتى و دەستەیەک لە رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) سەردانى زیندانى دوورگەى ئیمراڵی بکەن تاوەکو لە دۆخی ژیان و تەندروستیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ئاگادارییەک دەست رای گشتیى کوردستان و جیهان بکەوێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ١٧ زیندانییە سیاسییە لە زیندانە جیاوازەکانى ئیران لە یەک کاتدا و بەشێوەیەکى سیمبولیک بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و داواکەى دەست بە مانگرتن دەکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، مانگرتنەکەیان ئەمڕۆ شەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٥ی بەفرانبار دەستیپیکردووە و بۆ ماوەى رۆژێک بەردەوام دەبێت.

ئەو ١٧ زیندانییە سیاسییە مانگرتووى رۆژهەڵاتى کوردستان بریتین لە: زەینەب جەلالیان لە زیندانى خۆی، عەلی ئەحمەد سلێمان لە زیندانى ناوەندیى تەبرێز، یوسف کاکە مەمی لە زیندانى ناوەندیى تەبرێز، حەمید رەحیمی، عەلی یەگانە، تورەج ئیسماعیلی، محەمەد خالدزادە، رەحیم مەحمودی، ئیبراهیم عیساپوور، کامەران دەروێشی، ئەحمەد تەموئی، کامەران جەعفەری، بەشیر پیرماوانە، کەمال حەسەن رەمەزان، حەسەن حەسەن زادە، مستەفا سەبزی لە زیندانى ناوەندیی ورمێ و شاکر باقی لە زیندانى کاشمەر.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە ماوەى ٥٩ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، دەستی بە چالاکیى مانگرتنی بێسنوورکردووە. چالاکییەکەى گیوڤەن رۆژ لە دوای رۆژ پشتیوانیى زیاترى لێدەکرێت و تەشەنە دەسێنێت، بۆیە لە دواى چەند رۆژێک زیندانیانی سیاسی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد. جگە لە مانگرتنى دەوریى سەدان زیندانى، ٩١ زیندانى مانگرتنى بێسنوور لە خواردنیان راگەیاندووە.

هاوکات لە بەشەکانى تری کوردستان چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ پشیتوانیکردن لە گیوڤەن و داواکەى بەڕێوەدەچن. نوێنەرایەتیى هەدەپە لە شاری هەولێر ماوەی ٤٦ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە و ناسر یاغز لە ناو ئەو چالاکییەدا ماوەی ٤٢ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

لەگەڵ بڕیارەکەى لەیلا گیوڤەن و پشتیوانیى زیندانیانى سیاسی و بەشەکانى تری کوردستان، کوردستانیانیش لە ئەوروپا دەستیان بە زنجیرە چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن کرد بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن. لەو پێناوەدا چەندین چالاکى ئەنجامدراون و بەردەوامن. یەکێک لەو چالاکییانە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و لە بەردەم بیناکانى ئەنجوومەنى ئەوروپا، رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) و دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

ر.م