موراد ساریساچ پەرلەمانتاری وانی هەدەپە شیکاریى بۆ دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکانى هەدەپە رد و رایگەیاند، لەبەر ئەوەی پێشترییش بینیومانە رێککەوتنى ئاکەپە و مەهەپە لە مانگی ئابدا لە کوردستان سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، وەکو ساڵی ٢٠١٦ یاساکانی خۆیان پێشێلکرد و ڕوبەڕوی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بوونەوە. دەزانین لە دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢١٠٩ / ١١ی نەورۆز (خاکەلێوە) بەڕێوبەرانی ئاکەپە هەڕەشە لە شارەوانیی وان دەکەن.
ساریساچ راشیگەیاند: " ڕێکەوتنی نێوان ئاکەپە و مەهەپە لە دژی گەلی کورد بووەتە هۆی دەستپێکردنی شەڕ و لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و سیاسەتی گەلی کورد. بۆ ئەوەش دەستیان بە دامەزراندنی قەیوم کرد و وەک ساڵی ٢٠١٦ یاساکانی خۆیان پێشێلکرد. لە دوای هەڵبژاردنی ئیستانبول کە ئاکەپە تیایدا دۆڕا، هەمو جیهان ئەوەی بینی هیچ سیاسەتێکى شەڕانگێزانە و شەڕخوازانە سەرناکەوێت. سەرباری هەموو هێرشەکانی رژێمی ئاکەپە و مەهەپە، بەڵام ڕاستەقینەبوونی بەرخۆدانی گەلی کورد دەبینرێت. بەرپرچی هەمو هێرشێکانی سەر گەلی کورد درایەوە. گەلی تورکیا لە ٢٣ی حوزەیراندا ئاکەپە و مەهەپەی ئاگادار کردەوە و دەرسێکی دیموکراسییان پێ دادان. نەک تەنها گەلی تورکیا، بەڵکو ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی ئاکەپەش لە بەرامبەر ئەو ڕژێمەدا راپەڕین و بەو سیاسەتە هەڵەیەیان وت، بەسە."
'ئاکەپە ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات'
ساریساچ، دامەزراندنی قەیوم وەکو بێچارەبوونی ئاکەپە و مەهەپە نرخاند و وتی:" دامەزراندنی قەیوم گورزە. بۆ پێشگرتن لەمەش، پێویستە لە کوردستان ڕێککەوتنی نەتەوەیی پێش بخرێت و لەگەڵ گەلی تورکیا سەنگەرێکی فراوانی دیموکراتی دروست بکرێت. ئاکەپە لە دژی کورد شەڕی ڕاگەیاندووە و ئەو شەڕەش یەکەم هەنگاوی لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنى نەتەوەیى تورک (مەگەکە) لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ / ٨ی گەڵاڕێزان بڕیاری لێدرا و دەستی پێکرد. ١٧ ساڵ لەوە پێش ئاکەپە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە کێشەی کورد چارەسەر دەکات و بە سیاسەتی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگای تورکیا هاتە سەر دەسەڵات. لە پاش ئەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئاکەپە بینرا بە یەکجاری ئاکەپە ڕووخا و لە ئێستادا بێ چارە ماوەتەوە. بە هۆی بێ چارەبوونیەوە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی کورد. ئێستا لە تورکیا بۆشاییەکی گەورە هەیە. ئاکەپە تورکیای خستووەتە ڕەوشێکی ئاڵۆزەوە و لە هەمو هەرێمەکاندا کێشە و ئاڵۆزی هەیە. هیچ یەک لە مافەکانی ژیانێکى دیموکراتیک بوونی نییە، بۆیە لەو دۆخەدا ئاکەپە ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات."
'گەل ئیرادەی خۆی سەلماند'
ساریساچ باسی لەوەکرد، دەوڵەت ناچارە هەبوونی گەلی کورد قبوڵ بکات و وتی:" گەلی کورد هەمیشە لە تێکۆشانی پێکەوە ژیاندایە و ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە لە ناو ماف و دادپەروەریدا شوێنی خۆمان هەبێت. ئێمە ویستمان بەپێی ماف و بەهاکانی دیموکراسی هەڵسوکەوت بکەین. ئەوەی لە دەستووری بنەڕەتیدا دەستنیشان کراوە لەلایەن ئێمەوە ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە مافی خۆمان دەزانین و ئێمە ئەو مافانەمان هەتا کۆتایی بەکاردەهێنین. ئێمەی کورد؛ وەک کەسی ئازاد و دادپەروەر و وەکو هاووڵاتییەک لە پێواژۆ و پرۆسەی ئەم وڵاتەدا جێگا و پێگە و رۆڵمان دەبێت و لە پاشەڕۆژی ئەم وڵاتەدا خاوەن رەنج دەبین و ئیرادەی خۆمان بە روونی و ئاشکرایی دەخەینەڕوو. بێگومان نادادپەروەریەکی گەورە ئەنجامدرا، ئەوە نادادپەروەرییەش سەرەتا لە وان، ئامەد و مێردین روویدا. لە هەڵبژاردندا بە ڕێژەیەکی بەرچاوی و زۆری دەنگەکان شارەوانییەکانی خۆمان بەدەستهێنا و گەلی کورد ئیرادەی خۆی سەلماند."
'هێرشکردن لە دژی گەل هیچ کاتێک سەرکەوتو نابێت'
ساریساچ توندوتیژیی پۆلیس لە دژی خۆپیشاندەران ڕەخنە کرد و وتی:"ئەم توندوتیژییە، نادادپەروەرییە و ئەم هێرشانە قبوڵ ناکرێن. هەر کەسێک لەگەڵ مافی مرۆڤ و دادپەوەری و دیمکراسیدایە پێویستە لە دژی ئەم توندوتیژیە و ئەوانەی فەرمانی توندوتیژی لە دژی چالاکییەکان دەردەکەن و لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان تێبکۆشن. ئێمە بە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەڵێین، لەهەر سانتیمەترێکی ئەو شارەوانییانەدا، کە ئێوە پێشکەشی دەسەڵاتی خۆتانی دەکەن، رەنج و ماندوبوونی ملیۆنان مرۆڤی ئێمەی تیادایە. هیچ هێرشێک لە بەرامبەر ملیۆنان مرۆڤ سەرناکەوێت. ئەو رەق و قین و نەفرەتە کە ئێوە لە نوێنەرانی هەدەپە و گەلی کورد و هێزی دیموکراسی هەتانە دەبێتە هۆی ئەوە ئێوە زووتر کۆتایتان پێ بێت. بێگومان ئێمە سەردەکەوین و ئێمە ناهێڵین شارەوانییەکانمان تاڵان بکرێن."
ژ.ت