ساڵی ٢٠١٨ لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران

ناوچەیەکى تر کە سەرنجی سیاسەتى جیهانیى لەسەربوو، ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بوو. لە ماوەی ساڵێکدا لە رووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵاتییەوە چەندین رووداوی گرنگ روویاندا.

لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، قەیرانى ئابووری، قەیرانى سیاسی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانى حکومەتەوە، بێکاری، دۆخی سەرمایەگوزاری و قەیرانی ئابوروی مۆری خۆیان لە ساڵی ٢٠١٨ دا. لەو ساڵەدا گەل بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیى خۆیان نیشاندا، گەمارۆی ئابووریى نێودەوڵەتیى  بەسەردا سەپێنرا، ناکۆکیى ئیتنى روویاندا، قەیرانى ئاو، قەیرانى کەرتی تەندروستی و ناکۆکیى ناوخۆیى وایانکرد گەل لە دژی رژێم راپەڕێت.

ساڵی ٢٠١٨ بە خۆپیشاندانى جەماوەری دەستیپێکرد

ساڵی ٢٠١٨ لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بە خۆپیشاندانى جەماوەری دەستیپێکرد. خۆپیشاندانەکان ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ٦ی بەفرانبار لە شارەکانى مەشهەد و خوراسان لە باکووری رۆژهەڵاتى ئێران دەستیان پێکرد و بە دوایدا خۆپیشاندان لە کرماشان، رەشت، ئیسفەهان و قوم و ١٦٠ شاردا بڵاوبوویەوە. هۆکارەکانى خۆپیشاندانەکان بۆ هەڵاوسانى زۆر، بێکاری و هەڵسوکەوتى خراپ و پێشێلکارییەکانی رژێمى ئێران دەگەڕانەوە. خۆپیشاندانەکان ماوەى مانگێک بەردەوام بوون. لەئەنجامدا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون. ژمارەى راستەقینەوەى کەسە کوژراوەکان هەرگیز ئاشکرا نەکران. ناوی ٢٨ کەس لە میدیاکانى دەرەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە. ٩ کەس لە کوژراوەکان ئەو کەسانە بوون کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون و لە زیندانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرابوون. ئەو کەسانەش بریتی بوون لە سینا قەنبەری تەمەن ٢٣ ساڵ لە زیندانى ئێوینی تاران، وەحید حەیدەری تەمەن ٢٣ ساڵ لە زیندانى شاری ئەراک، ئاریا روزبەهی بابادی، سارۆ قەهرەمانی تەمەن ٢٤ ساڵ لە سنە، کیانوش زەندی تەمەن ٢٤ ساڵ لە سنە، عەلی پولادی تەمەن ٢٦ ساڵ لە چالووس، شەهابەدین ئەبتەحی زادە تەمەن ٢٠ ساڵ لە ئەراک، فروزان جەعفەر پور تەمەن ٢٧ ساڵ، تالب بەستامی خوێندکاری کۆلیژی پزیشکی خەڵکی ئیلام.

لە کاتى خۆپیشاندانەکاندا هێرشی دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین ئیدانەکران. نوێنەرانى بۆکان و مەهاباد لە پەرلەمانى ئێران ناڕەزایەتییان لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین خستەڕوو. ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییان، رۆشنبیران، نووسەران و سیاسەتمەدارانى ورمێ داوای داخستنى کونسوڵخانەى تورکیایان کرد.

نزیکەى ٢٥٠ مامۆستای زانکۆکان هێرشەکانى سەر عەفرینیان ئیدانە کرد. ٧ رێکخراوی کۆمەڵگەى مەدەنی لە بانە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هێرشەکانیان ئیدانە کرد. لە تاران ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییان لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا کۆبوونەوە و هێرشەکانى تورکیایان ئیدانە کرد. هەزار و ٦٢ هونەرمەند راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیوانیان لە عەفرین کرد. کەمپەینی پشتیوانیکردن لە عەفرین ناوی ٣ هەزار و ٩٠٥ کەس کەسی بڵاوکردەوە، کە بەشدارن لە کەمپەینەکەدا بۆ پشتیوانیکردن لەعەفرین.

٩ منداڵ بەهۆی سەرماوە رەقبوونەوە

لە ئێران یەکێکى تر لە بابەتەکان، کە کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە رەقبوونەوەى ٩ منداڵی کرماشانی بوون، کە لە دواى بومەلەرزەکەى کرماشان و دابینەکردنى پێداوێستى بۆیان لە سەرمادا رەقبوونەوە. ئەو بابەتە چووە پەرلەمانى ئێران لەوێش کاردانەوەى لێکەوتەوە. هەروەها لە دواى بومەلەرزەکە و بەهۆی پێڕانەگەیشتن و زیانە قورسە دەروونییەکانەوە، ٩٧ هاووڵاتیى ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان خۆیان کوشت.

گوشار، ئەشکەنجە لە دژی دەروێشەکانی گوناباد

ساڵی ٢٠١٨ بۆ دەروێشەکانی گوناباد ساڵێکى قورس بوو. دەستگیرکردنی ئەندامانى دەستەیەک لە دەروێشەکانی گوناباد لە کاتى ئەنجامدانی ناڕەزایەتییەکى ئارام و بەدوور لە توندوتیژی لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا کاردانەوەى زۆری لە ناو میدیاکانى ئێران و دەرەوەدا لێکەوتەوە. لە ماوەی ٤ رۆژدا زیاتر لە ٣ هەزار دەروێشی گونابادی دەستگیرکران. رژێمى ئێران یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی دەروێشەکانى گونابادی بە ناوی نێعمەتوڵا ریاحى دەستگیر کرد، کە ئەوەش کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە. دەیان دەروێشی تری ژن و پیاوی گونادی لە زیندانى رژێمى ئێراندا بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەى و دەروونی کران.

رێکخراوی لێبوردنى نێودەوڵەتى لەسەر پێشێلکارییەکانى مافی مرۆڤ لە ئێران راپۆرتى بڵاوکردەوە

رێکخراوی لێبوردنى نێودەوڵەتى راگەیاندراوێکى لەبارەى پێشێلکاری مافەکانى مرۆڤ لەلایەن حکومەتى ئێرانەوە بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا باس لە پیشێلکارییەکان لە بواری، ئازادیى ئایین و رادەربڕین، جیکاریى رەگەزی، لەسێدارەدانى ئەو کەسانە کە لەکاتى روودانى تاواندا تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، سزادانى دژە مرۆییانەى وەک قامچی لێدان، بڕینەوەى دەست، کوێرکردنى چاو، پێشێلکردنى مافەکانى زیندانیان، ئەشکەنجەی دەروونی لەکاتى لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردندا، رێگریکردن لە زیندانییان بۆ چارەسەریى پزیشکی کراوە. گەرچی تاوەکو ئێستا ئامارێکى روون لە بارەى ژمارەى ئەو کەسانەى لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەلایەن رژێمى ئێرانەوە لە سێدارەدراون لە بەردەستدا نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی ٦٤ کەس بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن رژێمى ئێرانەوە لە سێدارەدراون.

مانگرتنى کۆڵبەران و دوکاندارانی رۆژهەڵاتى کوردستان

بەهۆی سیاسەتى ئابووریى ئێران بەرامبە بە رۆژهەڵاتى کوردستان، گەل ناچارە بۆ دابینکردنى بژێویى ژیانی خۆی بازرگانی و کاسبی لەسەر سنوورەکان بکات. ئێران لە مانگی شوباتدا خاڵە سنوورییەکان، کە شوێنى بازرگانیى هاووڵاتییان بوون لە بانە داخست. لە دژی ئەوەش هاووڵاتییانى بانە مانگرتنى گشتییان ئەنجامدا. ئەو چالاکییە نزیکەى هەفتەیەک بەردەوامبوو. بە دواى ئەوەدا ناڕەزایەتییەکان و داخستنى بازاڕ بە شارەکانى سنە، مەهاباد، کرماشان، مەریوان و سەردەشت دا بڵاوبوویەوە.

توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان

بە وتەى رەزا جەعفەری جێگری دەزگاى فریاکەوتنى کۆمەڵایەتى تەنها لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا توندوتیژی بەرامبەر بە ١٤ هەزار و ٥٩٩ ژن و هەزار و ٦٠٠ منداڵ ئەنجامدراوە.

دەستگیرکردن و کوشتنى ژینگەپارێزان

عەلی رەزا فەرهاد زادە دەرهێنەر و ژینگە پارێز لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە دەستگیرکرا. هاوکات لەگەڵ فەرهاد زادە ١٤ ژینگە پارێزی تر دەستگیرکران.

لەلایەکى ترەوە چالاکوانى ژینگەپارێز شەریف باجوەر ئەندامى چالاکى ئەنجوومەنى سەوزی چیای مەریوان، ئومێد کۆنەپۆشی و ٣ هاوکاریان لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگری دارستانی سەڵەسی لە نزیک مەریوان گیانیان لە دەستدا. لە راى گشتی دا کۆماری ئیسلامیى ئێران تاوانبارە بە کوشتنى ئەو کەسانە.

پزیشکەکانیش بێکارن

رووداوێکى تر لە ئێران بووە جێگای سەرنج، ئەویش هاوکات لەگەڵ زۆربوونی رێژەى بێکاری، بێکاربوونی ١٠ هەزار پزیشک و کارمەند و دەرچووی کۆلێژەکانى پزیشکی بوو.

چڕکردنەوەى گەمارۆکانی لەسەر ئێران

رووداوێکى تری ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئێران، کشانەوەى یەکلایەنەی ئەمریکا بوو لە رێککەوتنى ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و سەپاندنى سزای تری ئابووری و گەمارۆی ئابووری و تەکنەلۆژیایى ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە. ئەوەش چەندین قەیرانى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیى بە دواى خۆیدا هێنا. لە ٥ی نۆڤەمبەردا ئەمریکا خولێکى تری لە سزاکانى خۆی بەسەر ئێراندا سەپاند. بەوەش ئێران ناتوانێت نەوت بفرۆشێت. ئەوانەش بوونە هۆی دابەزینى بەهای تمەن لە بەرامبەر دراوەکانى تردا. دابەزینەکە بە رادەیەک بوو کە لە مێژووی ئێراندا بێ وێنە بوو و بۆ ماوەیەک بەهای هەر دۆلارێکى ئەمریکى گەیشتە نزیکەى ٦ هەزار تمەنی ئێرانی.

خۆپیشاندانى مامۆستایان و شۆفێران

مامۆستایان لە مانگی ئایاردا لە ئێران بەهۆی خراپیى بژێویى ژیانیان لە بەردەم بیناى وەزارەتى پەروەردە و بینای وەزارەتى داد دا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک مامۆستا دەستگیرکران. محەمەد حەبیبی ئەندامی سەندیکاى پیشەیى مامۆستایان لە دواى دەستگیرکردنى سزای لێدانى ٧٤ قامچی و ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپێنرا. هەروەها بۆ هەر یەک لە ٦ مامۆستاى تری دەستیگرکراو سزای ٩ مانگ زیندانیکردن و لێدانى ٧٤ قامچی بڕایەوە.

سەرباری ئەو گوشارانەش لە ١٤ی ئەیلول / ٢٢ی رەزبەردا خولێکى تر لە ناڕەزایەتى و مانگرتنى مامۆستایان دەستیپێکرد. لەوەشدا بە لانیکەمەوە ١٣ مامۆستای تر دەستگیرکران و ٣٠ مامۆستای تریش بانگهێشتى ناوەندە ئەمنییەکان کرابوون.

یەکێکی تر لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی ئێران مانگرتنى شۆفێری بارهەڵگرەکان و بەشێکى تر لە ئۆتۆمبێلەکانى تری هاتووچۆ بوو لە ئێراندا مانگی جۆزەرداندا. ئەو مانگرتنە کە بۆ ماوەی ٩ رۆژە بەردەوامبوو سەرەتا لە ١٦٠ شاری ئێرانى لە ٢٥ پارێزگا دەستیپێکرد و دواتر زیاتر لە ٣٠ پارێزگا و ٢٣٦ شار و شارۆچکەى گرتەوە. شۆفێران لە دژی بەرزکردنەوەى باج و گومرک، بەرزبوونەوەى نرخی کەلوپەلی ئۆتۆمبێلەکانیان مانگرتنەکانیان ئەنجامدا. لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گشتی زیاتر لە ٢٥٦ کەس لە شۆفێرە مانگرتووەکان دەستیگرکران.

خۆپیشاندانى کاسبکاران و دوکاندارانی ئێران

بەهۆی بەرزبوونەوەى بەهای دۆلارەوە بازرگانان و کاسبکاران و دوکاندارانی ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان کەوتنە ژێر گوشارێکى زۆر. ژمارەیەکى زۆر بازرگانان و کاسبکارانى تاران، شەهریار، کەرەج، قشم، بەندەر عەباس، مەشهەد، کرماشان، قوروە و سنە لە دژی کەمبوونەوەى کار و کەسابەت و بەرزبوونەوەى بەهای دۆلار دوکان و بازاڕیان داخست و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. ئەو خۆپیشاندانانە زۆربەى گەورە شار و ناوەندە بازرگانییەکانی ئێرانى گرتەوە.

هێرشی موشەکیى ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان

رژێمى ئێران لە ساڵێ ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ١٧ی خەرمانان بە ٧ مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای ناوەندیى حیزبی دیموکراتى کوردستان (حەدەک) و حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حەدەکا) و بەو هۆیەوە بە گشتی ١٦ بەرپرس و پێشمەرگە شەهیدبوون و ٤٠ بەرپرس و پێشمەرگەى تریش برینداربوون.

هێرشی بۆ سەر مەراسیمى سەربازی لە ئەهواز

لە مانگی ئەیلول دا و لە کاتى ئەنجامدانى رێورەسمی سەربازی بە بۆنەى ساڵیادی شەری ئێران – عێراقەوە، لە شاری ئەهواز هێرشکرایە سەر مەراسیمەکە و بەو هۆیەوە ٢٥ بەرپرس و سەربازی ئێران کوژران و ٦٠ کەسی تریشیان بریندار بووو. بزووتنەوەى ئەحوازییە بەرپرسیارێتیى ئەو هێرشەى گرتە ئەستۆ.

٣٤ ملیۆن کەس قەیرانى ئاوی خواردنەوەیان هەیە

لە ئێران ٣٤ ملیۆن کەس قەیرانى ئاوی خواردنەوەیان هەیە. شارەکانی بەندەر عەباس، بوشەهر، شیراز، کرمان، مەشهەد و ئیسفەهان، یەزد و سیستان و بەلوچستان زۆرترین کێشەى ئاوی خواردنەوەیان هەیە. لە بەلوچستان بەهۆی وشکەساڵییەوە هەزار و ٢٥٠ گوند و لە ناوەندی ئێران بەگشتى ٤ هەزار گوند چۆڵکراون. لە شارەکانى خوراسانى باشوور، خوراسانى رەزەویى، ئیسفەهان، چەهارمەحاڵ و بەختیاریش چەندین گوندی تر چۆڵکراون و ئاماری فەرمی لەبارەى ژمارەى گوندە چۆڵکراوەکانى ئەم پارێزگایانە بڵاونەکراونەتەوە.

٧١ ژن کوژراون

لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ئێران ٧١ ژن  ٣٥ پیاو بەهۆی 'تاوانى شەرەفەوە' کوژراون. ٦٠ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیان کوژران، ١١ ژنى تری کوژراویش دیار نییە لەلایەن چ کەس یان کەسانێکەوە کوژراون.

لەسێدارەدان و کوشتنى کۆڵبەران

بەپێى ئەو ئامارانەى تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە لەمساڵدا لە ئێران ٦٢ کەس لەسێدارە دراون. کوشتنى کۆڵبەرانیش بێ پسانەوە بەردەوامە. لە ماوەى ساڵی ٢٠١٨دا و بەپێى ئەو ئامارانەى تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە ٦٤ کۆڵبەر کوژراون و ١٠٤ کۆڵبەری تریش بریندار کراون.

تیرۆرەکانى ئێران لە باشووری کوردستان

لەسەرەتاى ساڵی ٢٠١٨ەوە لە باشووری کوردستان ٥ چالاکوانى بواری مافەکانى مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆنی تیرۆرکراون. ٢ هەوڵی تیرۆرکردنیش سەری نەگرتووە. شەوی ١٦ی تەمووزی ٢٠١٨ / ٢٥ی پووشپەڕ ئێقباڵ مورادی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان و باوکی زیندانیى سیاسیى کورد زانیار موراد لە پێنجوێن تیرۆرکرا. زانیاری مورادی کوڕی ئێقباڵ مورادی کە لە زیندانەکانى ئێراندا بوو و سزای لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرابوو لە ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ١٧ی خەرمانان و دوای ٥٤ رۆژ لە تیرۆرکردنى باوکی، لە تاران لەگەڵ لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی لە تاران لەسێدارەدران.  

مانگرتنى گشتى لە رۆژهەڵاتى کوردستان

کوژرانى ژینگەپارێزان لە مەریوان، تیرۆرکردنى چالاکوانان لە باشووری کوردستان، مووشکبارانى ئێران بۆ سەر بارەگاکانى حەدەک و حەدکا لە کۆیە، داخستنى خاڵ سنوورییەکان و کوشتنى کۆڵبەران و لەسێدارەدانى زیندانیانى سیاسی لەلایەن رژێمى ئێرانەوە بوونە هۆی ئەوەى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ٢١ی خەرمانان دا مانگرتنى سەرتاسەرییان ئەنجامدا و بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر بەو سیاسەتانەى رژێمى ئێران دوکان و بازاڕەکانیان داخست.

ر.م