ساڵی ٢٠١٩ بۆ ئێران ساڵی قەیران بوو، سیاسەتی بێدەنگکردن و نکۆڵی لێکردن لەلایەن دەوڵەتەوە بەردەوام بوو. قەیرانی ئابووری، داڕوخانی نرخی ڕیال لەبەرانبەر دۆلار، ئێرانی بەرەو قەیرانێکی قولی ئابووری برد. لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە لە سالی ٢٠١٨دا دەستیپێکردبوو، لە سالی ٢٠١٩شدا بەردەوام بوو. ئەوانەی زۆرترین خۆپیشاندانیان لەدژی حکومەت کرد توێژی خوێندکار، مامۆستا و کرێکاران بوون. هەرەوەها ئەو لافاوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا، ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، هەروەها خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ڕوویاندا، گرنگترین ڕووداوەکانی ئەمساڵ بوون کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاندا.
لە سەرەتای ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوشارەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر چالاکوانان بەردەوام بوو. لەماوەی هەفتەیەکدا لە شارەکانی سنە، کامیاران و بانەى سەربە شارەکانی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٢ چالاکوانی سیاسی و ژینگەپارێز دەستگیرکران و ڕەوانەی دادگای ئیتیلاعات کران.
کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران کە ڕۆژانە لە چاپەمەنییە کوردییەکان هەواڵەکانیان بڵاو دەکرێتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا بەردەوامە. ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەم هەواڵی بریندارکردنی دوو کۆلبەر لە کرماشان و بانەوە هات. لە سەرەتای ساڵەوە ژمارەیەکی زۆر کۆڵبەر و کرێکار لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات- باکور و باشوری کوردستان لە ئەنجامی گولـلەبارانکرنی هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژران و بریندار بوون. زۆربەیان کۆلبەر و کرێکارانی خەڵکی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانن.
ڕۆژی ٥ی کانوونی دووەم، زیندانییەکانی دۆسیەی پژاک و پەکەکە لەدژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلیس کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گرتووخانەکانی ئێران دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد.
ڕۆژی ٥ی کانونی دووەم، کاتژمێر ١٦:٤٥ بومەلەرزەیەک بە گوری ٥.٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا کە ناوەندەکەی شاری گەیلانی سەر بە پارێزگای کرماشان بوو. لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان هەستی پێ کرا. بەپێی ئامارەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، لە ئەنجامی بومەلەرزەکەدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار بوون و زیانێکی مادی زۆری لەگەڵ بوو.
ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم، ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس بەهرۆز بوچانی کە پەنابەرێکی کوردی خەڵکی ئیلام بوو، پێنج سال بوو لە لایەن حکومەتی ئوسترالیاوە لە دوورگەی مانووس دەستبەسەر بوو، خەڵاتی ڤیکتۆریای وەرگرت کە گرانبەهاترین خەڵاتی ئوسترالیایە بۆ ئەدەبیات. ئەوەش دوای ئەوە هات کە ڕۆمانی (جگە لە چیاکان دۆستی دیکەمان نییە) نووسی و بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کرایەوە.
ڕۆژی ٣ی شوبات، محەمەد جەواد ئازەری، وەزیری پەیوەندییە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە سێ پسپۆری ئەتۆمی ئێرانی لە ڕووداوێکی سووتاندا لە ناوەندی لێکۆلینەوە ئاسمانییەکان لەنزیک تاران گیانیان لەدەست داوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو ئەوە بوو، ڕۆژێک پێش ئەوە ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی بەناوی ئیدی کوهەن لەسەر هەژماری تویتەرەکەی هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە لە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە سەرچاوەی گرتبوو، ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل دوێنی بەیانی حەوت پسپۆری ئەتۆکی ئێرانی کوشتوون.
ڕۆژی ١٣ شوبات، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لە بەرانبەر ئۆتۆبۆسێکی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشێکی خۆکوژی ئەنجام درا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٢٠ پاسدار کوژران و ٢٠ دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەو هێرشە، گرووپی جەیش ئەلعەدل کە گرووپێکی بەلوچی دژ بە ئێرانن، بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.
ڕۆژی ٢١ی ئازار، وێڕای ڕێگریکردنی ڕژێمی ئێران، لە زۆربەی زۆری گوند و شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد نەورۆزی پیرۆز کرد.
بە دەستپێکردنی وەرزی بەهار لە باکوری ئێران لافاو هەستا و ڕێگەی ٢٧٠ گوندی گرت. شارۆچکەیەک و ٢٠ گوند بەتەواوی چۆڵ کران. هاوکات ٩ کەس گیانیان لەدەست دا و زیانێکی ماددی زۆر بە دانیشتوان گەیشت. دواتر لافاو لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەستا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەست دا و ٧٦٨ کەسیش بریندار بوون. هاوکات زیانێکی فراوانی ماددیش بە خەڵکەکە گەیشت.
ڕۆژی ٨ی نیسان، دۆنالد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری خستنە لیستی تیرۆری دا سوپای پاسدارانی ئێرانی ئیمزا کرد. بەپێی ئەو بڕیارە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای پاسداران وەکو هاوکاری تیرۆر پێناسە کرد.
١ی ئایار لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیان بەدروشمی "نان، کار، ئازادی، مافی سەرەکیمانە" ڕژانە سەر شەقامەکان. لە چالاکییەکەدا ناڕەزایی نیشانی دۆخی ئابووری و سیاسی دەسەڵاتی ئێران درا. هێزەکانی ڕژێم لە چەندین شوێن هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و چەندین کەسیان دەستگیر کرد کە ژمارەیەک ژنیشیان تێدا بوو.
ڕۆژی ٨ی ئایار، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران وتی، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتاووەکان دیسان دۆسیەی ئەتۆمی نەکاتەوە، وەڵامێکی تووند دەدەنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پەیامی ئەوەی دا کە "ئەوان بۆ دانووستان ئامادەن". ڕۆحانی وتیشی: "ئێمە دسەت بەشەڕ ناکەین، بەڵام خۆشمان ڕادەست ناکەین و پیتاندن و بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم زیاد دەکەین" دوای ئەو لێدوانانە ئەمریکا کەشتییەکی بارکراو بە مووشەکی ڕەوانەی کەنداو کرد..
ڕۆژی ١٢ی حوزەیران، کاتێک سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابە لە تاران بوو، لە ئاوەکانی ئێرانەوە لە دەریای عومان، هێرش کرایە سەر دوو کەشتی نەفتکێشی ئێران. دوای ئەو هێرشانە دۆناڵد ترامپ فەرمانی ڕەوانەکردنی هەزار سەربازی دیکەی ئەمریکی بۆ کەنداو دا. هاوکات چەندین فڕۆکەی جەنگی لە جۆری ئێف ١٥ ناردە فڕۆکەخانەی سەربازی زەفرە لە ئیمارات.
ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەوان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکیان خستوەتە خوارەوە. دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە، چەندین وڵات گەشت و فڕین بە ئاسمانی ئێران تێپەڕبوون بە ئاوەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان قەدەغە کرد.
ڕۆژی ١ی تەمووز، بەهرۆز کەمالڤەندی وتەبێژی ئاژانسی ئەتۆمی ئێران کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبردو وتی: "لەمرۆ بەدواوە کار دەستیپێکردووە، وەبەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بری ٣٠٠ کیلۆی تێپەڕاندووە".
ڕۆژی ١٤ی ئەیلول، کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ٢٣ی ئەیلول کرێکارانی حەفت تەپە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە لەدژی دەرکردنی ٢١ هاوڕێیان و دەستیان بە مانگرتن کرد. ڕاشیانگەیاند کە دەشتدرێژی دەکرێتە سەر مافی کرێکاران و دەبێت خاوەنکارەکان وەڵام بدەنەوە. چالاکی کرێکاران ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو و چەندین کرێکار لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستگیر کران.
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، چەندین گەسایەتی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئێران، نامەیەکیان بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و داوای وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان کرد بۆ سەر باکوەر و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکان هێرشیان کردە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەن، لە چەندین شار و شارۆچکە و ناوچە ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.
ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ژمارەیەک کەسایەتی ئێرانی خستە لیتس گەمارۆ کە موجتەبا خامنەیی کوری ڕێبەری ئێران عەلی ئەکبەر خامنەیی و چەند کەسایەتییەکی دیکەشی لەخۆ گرتبوو کە دەستیان لە هێرشە تیرۆرستییەکانی لوبنان و ئەرژەنتیندا هەبوو.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی تشرینی دووەم، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ لە باشوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕوویدا و لە ئەنجامدا ٥ کەس گیانیان لەدەست دا.
ئەوەش وترا کە بوومەلەرزەکە لە شارەکانی میانەی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و شاری تەورێزی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، زەنجان، گیلان و ئەردەلانیش هەستی پێکراوە. ئەوەش ڕاگەیاندرا کە ٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣١٢ کەسی دیکەش بریندار بوو، هەروەها ٣٠ خانووش بە تەواوەتی خراپ بوون.
شەوی ١٤ی تشرینی دووەم، لەپڕ ڕاگەیاندنی فەرمی ئێران ڕایگەیان کە لە کاتژمێر ٢٤:٠٠ ئەمشەوەوە نرخی بەنزین دەبێتە سێ هێندەی نرخی ئێستای. لەدژی گرانبوونی بەنزین، ڕۆژی ١٥ی مانگ لە شارەکانی باشووری ئێران خۆپیشاندان دەستیپێکرد. ڕۆژێک دوای ئەوەش خۆپیشاندانەکە تەشەنەی سەند بۆ سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش. ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم، هێڵەکانی ئەنتەرنێن داخران. لەو خپیشاندانانەدا هێزەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی تووند هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژێم، سەدان خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات سەدانی دیکەش دەستگیر کران و ڕەوانەی زیندانەکانی کران.
شەوی ٥ی کانوونی یەکەم، لە زەماوەندێکی بوک گواستنەوە لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازەوە، تەقینەوەیەک ڕوویدا. لە تەقینەوەکەدا ١١ کەس گیانیان لەدەست دا کە ٥ کەسیان منداڵ بوون، ٣٤ کەسیش بریندار بوون.
ف.ق