ساڵێکی ‌تریش بە مێژووی تێکۆشان زیاد بوو!

ساڵی 2019 ساڵێکی بە ئێش و ئازار بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە کوردستان بووە مەیدانی شەڕێکی گەورەی جیهانیی.

ساڵی 2019 ساڵێکی بە ئێش و ئازار بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە کوردستان بووە مەیدانی شەڕێکی گەورەی جیهانیی. هەر لە تیرۆرکردنی رۆژانەی کۆڵبەرانەوە بۆ لە سێدارەدانی تێکۆشەران و لێستاندنی خەرجی تیربارانکردنیان لە خانەوادەی سەربەرزیان بەرەو ریزبەستنی تانک و زرێپۆش لە تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی باکوور، هێرشی سپای تورک و چەتەی ئیسلامیی بۆ سەر رۆژئاوا و داگیرکردنی کوردستان لە رۆژئاوا و باشوور تا ژیانی بەردەوامی ئێزیدیەکان و زەرەرلێکەوتووانی کارەساتی سرووشتیی کە تا ئێستاش لە ناو چادردا هاوین و زستان بەڕێدەکەن.

هاوکاتیش ساڵی شکۆمەندیی و سەربەرزیی بوو کە دایک و باوکانی گیانبەختکردووان و پاکڕەوانان بە سەمای سەربەرزیی و شانازییەوە ماڵئاوایی لە بینایی چاویان دەکەن، کە بە دەیان هەزار زیندانی سیاسیی کوردستانیی لەو پەڕی دژواریی زینداندا درێژە بە خۆڕاگریی خۆیان دەدەن، بە هەزاران لە کچ و کوڕانی کورد بەرامبەر بە کوشتاری دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەستاون و زیاتر و زیاتر سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

تورکیا و ئێران کە لە ڕاستیدا درێژەی زەبرپەرستیی و فراوانخوازیی ئیمپراتۆری عوسمانیی و سەفەویین پێکەوە کوردستان بە مەرگی خۆیان دەبینن و لەبەرئەوەش شەڕی تەڕ و وشک سووتاندن لە کوردستان ئەنجام دەدەن. ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە لەو شەڕە داگیرکارییە خوێناویەدا تەنیا لە یەک لایدا سەرکەوتوو بوون، ئەویش لێکترازاندنی کوردستانیان و رێگاگرتنیانە لە دروستبوونی یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی.

پاش سەدان ساڵ لە ئەزموونی داگیرکاریی، داگیرکاران دەزانن کە باشترین چەکی کاریگەر دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان رێگاگرتنە لە پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی.

نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکتر و خاوەنداریی لە مافی یەکتر لە شێوەی بەرخۆدانی سەربەرزانەی هەورامان و کرماشان و کۆبانێ و عەفرین و نوسەیبین و وان و ئامەد و شار و شارۆچکەی دیکەی کوردستان، نزیکبوونەوەی پێکهاتە جیاوازەکان و خاوەندەرکەوتنیان لە یەکتر و تێکشکاندنی سنوورەکانی داگیرکاریی لە لایەن جەوانانی باشوور و رۆژهەڵاتەوە بۆ بەشداربوون دژ بە هێرشی داگیرکاریی و بە دەیان نموونەی دیکە، سەلمێندەری ئەو راستیەن کە خەڵکی کوردستان خوازیاریی ئازادیی و سەربەخۆیی و ژیانێکی سەربەرزانەن.

لە گەرمایی ئەو هاوار و بانگە ئازادیخوازییەدا کەس نابێت لە خۆی قبوڵ بکات کە لە دەرەوە بمێنێتەوە. بەشدار نەبوون هەرگیز ئەڵتەرناتیڤی دروست نییە.

ئەم بەرخۆدانە هی دەڤەرێک و دووان نییە، هی ماڵباتێک و دووان نییە، شاییەکی داوەتیی نییە، بەڵکو هاواری گەلێکە دژ بە چەوساندنەوە، و شاییەکە دەگەڕێت و هەر کەس بۆی هەیە و دەبێت بە پێی توانا و تاقەتی خۆی تیایدا بەشدار بێت.

لە جیددیەتی ئەو تێکۆشانەدا دەبێت بتوانین ڕەخنە لە خۆمان بگرین و خۆڕەخنەکردن بکەین بە کولتورێکی دروستکار.

ئەوانەی لە جیددیەتیی ئەو تێکۆشانە تێ دەگەن دەبێت ماندوونەناسانە لە سەر کار و خەبات و نزیککردنەوەی گەل لە یەکتر بەردەوام بن. لەو کارەدا دۆڕاندن نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە بەردەوامیی بردنەوەیەک هەیە.

بە سەدان هەزار لە گیانبەختکردووانی رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵات و باکوور بە زیادەوە شایستەی درێژە دان بە ئەو ڕێگایەن. گەلێک کە بە زگی برسیی و پێخاوس و بە دەستی بێ چەکەوە بەرامبەر بە دڕندەترین دەسەڵاتی داگیرکەریی دەوەستێت و کوچە و کۆڵانی لێ دەگرێت، بێگومان شایستەی ئازادییە.

ئەو تێکۆشانەی ئەمڕۆ تێکۆشانێکی دیموکراتیکە و دەبێت بەرفراوانتر بکرێت. دەبێت هەموو ئایدۆلۆژیی و باوەڕەکان، ئەوانە نەبن کە رەگەزپەرست و دژژنن، جێی خۆیانی تیادا بگرن.

هەموو دوورەپەرێزیی و بەشدارنەبوونێک راستەوخۆ زیان بەم تێکۆشانە دیموکراتیکە دەگەیەنێت.

ڕاستە کە خەباتی هاوبەش و هاوسەنگەریی و هاودەنگیی ئاسان نیین، بەڵام ئاسانن و ئاسان دەبن کاتێک کە بە جیددیی لە ئەڵتەرناتیڤی بندەستیی و چەوسانەوە بڕووانیین. هەرگیز نابێت بهێڵین کە ژیانی بندەستیی ببێت بە شێوەیەک لە ئەلتەرناتیڤ.

کوردستانیانی دڵسۆز دەزانن و دەبێت بزانن کە خاڵی هاوبەشمان بە دەیان و بگرە سەدانن.

بە دڵنیاییەوە هەندێک خاڵ هەن کە دەتوانن لە ئێستادا راستەوخۆ هاوبەش نەبن یان لە پلەبەندییدا هاوبەش نەبن، بەڵام خاڵگەلی هاوبەشمان کە مرۆڤایەتیمان دەپارێزێت هێندە زۆرن کە تەنانەت پاش سەربەخۆیی و ئازادییش دەتوانین چەندین ساڵ هاوسەنگەر بمێنینەوە.

لە ژێر تیشکی ئەو راستیەدا با لەگەڵ یەک لە گەنگەشە و بێنەوبەرە و ململانێدا بیین، با تەنانەت لە یەکیش تووڕە ببین، بەڵام با هەرگیز دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر یەک دانەخەین، با لە هامشۆ و بەسەرکردنەوە نەکەوین و با فێر بین کە لەسەر خاڵگەلی هاوبەش پێکەوە کار بکەین هاوکات کە کات و تاقەتیش بۆ تێگەیشتن لە خاڵە کەمتر هاوبەشەکان دابنێین.

لەو بارەوە سڵاوی گەرم لە هەموو ئەو دڵسۆزە کوردستانیانە کە پەرە بە کولتوری رووتێکردن و یەکتربینین و یەکترقبوڵکردن دەدەن، ئەوانەی کولتوری خەباتی دڵخوازانە و خۆبەخش دژ بە کولتوری جۆرەکانی گەندەڵیی و مڵەیی بەهێز دەکەن، ئەوانەی ماندوو دەبن بەڵام هەر کۆڵ نادەن چون دەزانن لە هەموو تۆوێک درەختێک دەبەینەوە، چون دەزانن لە هەموو زەردەخەنە و ئامێزێکی ئاوەڵە سەدان قاقای پێکەنین و سەدان گۆڤەندی رەشبەڵەک قازانج دەکەین.

لەو رێگایەدا وەستاو رووەو ئاسۆیەک کە رۆشنە سڵاوی بێ پایان و دروود بۆ تەواوی گیانبەختکردووانی کوردستان، بۆ خۆشەویستانی سەربەرزیان، بۆ تاک تاکی هێزی گەریلا و ئەو  پێشمەرگانەی وەفادار بە خاک و گەلن، بۆ هەموو زیندانیانی سیاسیی لەوانە بەڕێز تێکۆشەر ئۆجەلان.

تێکۆشەر ئۆجەلان وا 21 ساڵ لە ژیانی زیندانیی بە سەر دەبات، بەڵام هەر لە سەرەتادا توانی ئەو گومانە مێژووییە وردوخاش بکات کە پێی دادەگرت سەرکردەیەکی کورد ئەگەر تەسلیم نەبێت فریو دەدرێت، ئەو تێکۆشەرەیە کە هەموو ئەو واتەوات و ویتەویتانەی تێک شکاند کە ئیتلاعات و میت و دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکان بە پیلانی زۆر ورد و داڕێژراو بڵاویان دەکردەوە کە ئەمڕۆ و سبەی پ ک ک کۆتایی دێت، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد ئاشبەتاڵ دەکات و چۆک دا دەدات. تێکۆشەر ئۆجەلان توانی خەسڵەتی کۆڵنەدەریی و بێباکیی لە مەرگ و ئامێزئاوەڵەیی و چاونەترسیی و خۆشەویستیی خاک و گەل کە خەسڵەتی گەلێکی تێکۆشەری دیکەی ناو مێژووی کورد بوون وەکوو پاشا مەحمودی حەفید، پێشەوا  قازی، شێخانی پیران و نەهری، فوئاد و سەدیق و قاسملۆ و شەرەفکەندیی و دەیان و سەدانی دیکە، لە کەسایەتیی خۆیدا زیندوو ڕابگرێت.

هەروەها ئەو تێکۆشەرەیە کە لە هزر و بیری ئازادیخوازییدا کۆمەڵێک رچەی لە تیئۆری خەباتی ئازادیخوازییدا شکاند و سەلماندی خەباتی ئازادیخوازیی پێویستە هاوتەریب کۆمەڵێک خەبات پێکەوە گرێ بدات دەنا نیوەناچڵ سەرکەوتوو دەبێت. پێویستە خەباتی دژ بە چەوساندنەوەی داگیرکەریی، خەباتی ژنان بۆ ئازادیی، خەباتی پێکهاتەکان بۆ ئازادیی و خەباتی هاوبەش بۆ خاوەندەرکەوتن لە یەکتر پێکەوە هاوکات ڕێ بپێون و یەکتر بەهێز بکەن.

تێکۆشەر ئۆجەلان ئەو شۆڕشگێڕەیە کە مایەیەکی زۆری لە سەر بەهێزکردنی یەکیەتیی گەلان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوبەشیانە  دادەنێت و بەو شێوەیە توانیوومانە نەهێڵین کە حکومەتەکان شەڕی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بکەن بە شەڕی نێوان گەلانی ناوچەکە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، چەکی ڕەگەزپەرستیی و جووکدان و هاندان لە دەست دەوڵەتەکان دەربهێنین و هەوڵی ڕەشەکوژیی کورد پوچەڵ بکەینەوە و تەنانەت وردەوردە کەسایەتیشیان تیادا هەڵبکەوێت کە لە سەنگەری دیفاع لە کوردستان خوێنی خۆی ببەخشێت. ئەمە  هەڵسووڕان و لێدانی گورزێکی گەورە لە سیستەمی داگیرکەرییە. بەو شێوەیەیە کە دەتوانین ئابڵووقەی سیاسیی و ئابووریی و جوگرافیی لە سەر کوردستان بشکێنین.

تێکۆشەر ئۆجەلان هەروەها ئەو  بیرمەندە کوردستانییە ئازادیخوازەیە  کە میتی یەکناسنامەیی نەتەوەیی تێک شکاند و لە بری ئەوە کولتوری فرەناسنامەیی پێشکەوتووخوازانەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پێشخست. ئەو تێکۆشەرەی نرخی هەموو تاکەکەسێک لە بەرخۆداندا بەرز رادەگرێت و  کولتوری خەباتی جەماوەریی بەرفراوان بە پێویستیەکی گرینگیی دژ سیستەمی کۆلۆنیالیزم دادەنێت. لەبەر هەموو ئەم هۆیانە و گەلێک هۆی دیکە، گرینگە کە بەشێکی خەبات و تێکۆشانی ساڵی ئاییندەمان بۆ ئازادیی ئەم مرۆڤە تێکۆشەرە بێت کە دەستبەرداری هەموو جۆرێک لە خاوەنداریەتیی شەخسیی بوو و تەواوی هەبوونی خۆی بۆ خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان تەرخان کردووە.

بێگومان ئازادیی ئەم تێکۆشەرە بە مانای ئازادیی بۆ هەموو زیندانیانی سیاسیی و وەرچەرخان لە چارەسەرکردنی دۆزی کوردستانیشدا دەبێت.

لە تێکۆشانی ئەم ساڵدا دەرفەتی گەورە بۆ کار و خەباتی ساڵی داهاتوو رەخسێنراوە کە دەبێت لە سەریان کار بکەین و بەرفراوانتریان بکەین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک لە بیست ساڵی ڕابردوودا چالاکیی بەئەژماری لە بواری جیاوازدا ئەنجام داوە و دەبێت پێکەوە بەهێزتری بکەین وا کە بتوانێت بڵندگۆی هاوبەشی بەرخۆدانی کوردستان و کەناڵی ڕەسمیی دیپلۆماسیی کوردستانیی بێت.

هاوکات کە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان بەهێزتر دەکەین دەبێت هاوپشتیی نێونەتەوەییش زۆرتر و گەورەتر بکەین. لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی داگیرکەر هێزی سپایی و تەکنیکییان گەورەتر دەبێت، دەبێت یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانمان بەئەژمارکردنی دۆستان و یارانمان بێت.

دڵییا بن چیاکان هەر لە جێی خۆیان دەبن و هەر بە پشت و پەنامان دەمێننەوە!

بە ئومێدی یەکتربینینەوەمان لە مەیدانێکی گەورەی تێکۆشاندا ساڵی نوێی زایینیی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.

دڵنییا بن پێکەوە بەهێزین و سەردەکەوین!