سنووری باشماخی مەریوان شادەمارێکى سەرەکیى هەناردەکردنى ئێرانە

خاڵی سنووری نێودەوڵەتیى باشماخ لە نێوان مەریوانی رۆژهەڵاتى کوردستان و پێنجوێنی باشووری کوردستان دووەم گەورە سنووری ئێرانە بۆ هەناردەکردن و لە ٩ مانگى پێشوودا ئێران بە بڕی زیاتر لە ٥٠١ ملیۆن دۆلای کاڵاى لەو سنوورە هەناردە کردووە.

سەرباری قەبارەى زۆری هەناردەی کاڵا لە خاڵی سنووری باشماخەوە، بەڵام پشکی هاووڵاتییانى شاری مەریوان و ناوچەکە لە سوودەکانى ئەو سنوورە نزیکە لە سفرەوە.

داهاتى خاڵی سنووریى باشماخ دەچێتە گیرفانى بەرپرسانى رژێم و دەوڵەت و گروپێک لە نوێنەرە گەندەڵەکان، کە بە هاوکاریى رژێم کار بۆ تاڵانکردن و دادۆشینى هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیە دەکەن.

پشکی هاووڵاتییانى مەریوان لەو سنوورە تەنها کۆڵبەری و کوژرانى کۆڵبەرانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانى رژێمى ئێرانەوە، یان رەقبوونەوە و بەربوونەوە و مینەکانى سوپاى پاسداران بووەتە پشکیان.

وەک هەموو ناوچەکانى تری رۆژهەڵاتى کوردستان و بەهۆی سیاسەتە دوژمنکارانەکەى رژێمەوە رۆژ لە دواى رۆژ هەژاری زیاتر بەرۆکى خەڵکی مەریوان و دەورووبەری دەگرێت و هیچ پشکێکیشیان نەک لە داهاتە زەبەلاحەکەى ئەو سنوورە نییە، بەڵکو لە کاتى کۆڵبردن وکاسبیکردنیشدا دەکوژرێن.

بڵاوبوونەوەى ئاماری داهاتی خاڵی سنوورى باشماخ لە کاتێکدایە، کە چەندین گەنجی دەرچووی زانکۆ و کەسانى نوخبە و بژاردە لەو  ناوچەیەدا بە ناچاری کۆڵبەری و دەستگێڕی دەکەن. هەر دوێنێ وێنەى گەنجێکى مەریوانى بڵاوکرایەوە، کە بە تاوانى فرۆشتنى میوە لەلایەن بەکرێگیراوانى رژێمەوە ئازار درابوو و سوکایەتیى پیکرابوو و ئەویش لە کاردانەوەدا و لە ناچاریدا ئاگری لە هەموو سامان و داراییەکەى بەردابوو، کە ماتۆڕێک بووە بۆ میوە فرۆشتن بەکاری هێنابوو.

ر.م