سەرۆکى پارتی کۆمۆنیستى کوردستان: دەبێت کورد دژی قەیوم یەکبگرێت

سەرۆکی گشتیی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە - KKP) لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە وتی، کورد دەبێت لەهەرچوار پارچەدا لەدژی ئەو داگیرکارییە یەکبگرێت.

ناڕەزایی دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپەی ئامەد، وان و مێردین بەردەوامن. چەندین هێز بە ڕاگەیاندراو پشتیوانییان لە هەدەپە کردووە. لە چەندین شاری کوردستان و تورکیا، ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان ڕایدەگەیەنن، کە پشتیوانی لە هەدەپە دەکەن. سەرۆکی گشتیی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە - KKP) سینان چیفت یورەک لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە لێدوانێکى دا.

چیفت یورەک ئاماژەی کرد، لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان، کورد دەبێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و ڕایگەیاند، لەدژی قەیومەکان پێویستی بە هەڵوێستی هاوشێوەى هەڵوێستی دژ بە داگیرکردنی کۆبانێ، عەفرین و کەرکوک هەیە. چیفت یورەک ئەوەشی وت، زۆر گرنگە کورد لە هەموو پارچەکان برژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان دەربڕن.

'ئاکەپە کودەتا دەکات'

چیفت یورەک ڕایگەیاند، ئاکەپە خۆی وەکو دەوڵەت پێناسە دەکات، لە ڕێگەی ئەو یاسایانەی ئامادەی دەکات، دەیەوێت کورد سەر لە نوێ و وەک ئەوەى خۆی دەیەوێت دیزاین بکاتەوە و ڕایگەیاند: "کاتێک کورد پاڵێوراوی بەدڵی ئەوانی نەکردە سەرۆکی شارەوانی، ئەو کاتە هاوسەرۆکانی شارەوانییان قبوڵ نەکرد. خۆی بەرپرسانی ئاکەپە بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کرد. یاساکانی خۆشیان پێشێل دەکەن. ١٧ ساڵە ئاکەپە دوو ڕفرانس باس دەکات: یەکەمیان دەڵێت، ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئەوەی دووەمین دەڵێن، کودەتای سەربازی و سیاسی قبوڵ ناکەن. بەڵام ئەوە ١٧ ساڵە هەردووکیان لەدژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت. ئیرادەی گەل قبوڵ ناکات، لەدژی ئیرادەی گەلی کورد جاری دووەمە، کە کودەتای مەدەنی دەکات. گەلی کورد ئەوە قبوڵ ناکات. ئێمە حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە کۆ بووینەوە. کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن. ئەنجامی هاوبەش بەدەستدەهێنین و تا دوا هەناسە بە شێوەی مەدەنی، دیموکراتی و ڕەوا لە تیکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین".

ژ.ت