سەرۆکی فراکسیۆنى هەدەپە: سولەیمان سۆیلو-ی وەزیری ناوخۆ درۆ دەکات

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە رایگەیاند، دەوڵەت رۆژێک لە دواى هەڵبژاردن بڕیاری دانانی قەیومی داوە و ئەوەى سولەیمان سۆیلو دەڵێت، دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکان کارێکى یاساییە، درۆ دەکات.

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا رایگەیاند، پێشتر بیستبومان ئەردۆغان و سۆیلو بڕیاریانداوە قەیوم لە شوێنى هاوسەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دادەنێن و لە یەک رۆژ دوای هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئامادەکارییان بۆ ئەوە کردووە و وتی" ئەوەى سۆیلو دەڵێت، بڕیارەکەمان بۆ لادانى سەرۆک شارەوانییەکان بڕیارێکى حقوقی و یاساییە، درۆ دەکات".

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا وتی، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی حقوقی و دیموکراتیک لە دژی قەیومەکان.

ئۆلوچ لەبارەى لێدوانەکەى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی ترکیا لەسەر قەیومەکان، کە وتبوی "بڕیارێکى حقوقی و یاساییە"، رایگەیاند "بڕیارەکە، بڕیارێکى تەواو سیاسییە و یەکەم بڕیار و هەنگاویان بۆ داگیرکردنى شارەوانییەکان لە ١ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٢ی نەورۆز (خاکەلێوە) دا دەرکردووە، چونکە یەک رۆژی دواى هەڵبژاردن بڕیاریانداوە قەیوم لە شوێنى هاوسەرۆک شارەوانییەکان دابنێن و ئەوەش نیشانی دەدات، کە بڕیارەکەیان، بڕیارێکى تەواو سیاسییە".

ئەردۆغان خۆی دەیوت قەیوم دادەنێن

ئۆلوچ لە بەردەوامیى وتەکانیدا ئەو قسانەى ئەردۆغانی بەبیرهێنایەوە، کە لە کاتى هەڵبژاردندا کردبوونی و وتی "ئەردۆغان بە کوردەکانى وت، ئەگەر ئێوە خۆشتان هەڵبژێرن، ئێمە لەسەر کارتان لادەبەین و خۆمان بەڕێوەى دەبەین".

ئۆلوچ ئەو قسەیەى سۆیلوشی بە بیرهێنایەوە، کە ئاماژەى بە کاری قەیومەکان لە ماوەى ٢ ساڵ و نیودا کردبوو و وتبووی، ماوەى قەیومەکان دەکەین بە ٥ ساڵ بۆ ئەوەى هەدەپە نەمێنێت.

ئۆلوچ وتیشی "حقوقی بوون و یاسایی بوونی بابەتەکە بە تەواوی درۆیە. بابەتەکە تەواو سیاسییە. دەسەڵاتیان لە سندوقەکانەوە بە دەست نەهێنا، بۆیە دەیانەوێت بەمشێوەیە دەسەڵات بگرنە دەست و بۆ ئەوەش دەستیانگرت بەسەر مافی هەڵبژاردن و دەنگی گەل دا".

درێژە بە تێکۆشانی دیموکراتیک دەدەین

ئۆلوچ لەبارەى بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر شارەوانییە دەستبەسەردا گیراوەکان رایگەیاند "ئەوە روونە، کە لە تورکیادا دادگا و دادوەر نەماوە. ئێمە ئەوە بە روونی دەبینین، کە حقوق نەماوە. دادگا و دادوەرێکى لایەنگر و ملکەچی شوێنێکى ترە. لەبەر ئەوەش ئێمە بڕوا ناکەین دادوەر لە دادگادا بڕیارێکى بێلایەنانە، دادپەروەرانە و سەربەخۆیانە بدات. سەرباری هەموو ئەوانەش ئێمە هەر بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە تێکۆشانمان لە گۆڕەپانی حقوقی و یاساییدا لە پێناو:

* راوەستاندنى ئەو سکاڵایانەى لە دژی بەڕێوەبەرەکانمان ئامادەیان کردوون

* لە داواکاری گشتی سکاڵا بۆ پاراستنى مافەکانى هەر دەنگدەرێک، کە لە هەڵبژاردندا دەنگی خۆی بەکارهێناوە و ئێستا دەستیان بەسەر دەنگەیدا گرتووە ، تۆمار دەکەین.

* هەروەها لە گۆڕەپانى نێونەتەوەیى بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی حقوقی و یاسایى، چونکە ئەگەر لە رێگەى حقوق و یاسا لە تورکیا ئەنجامێک بەدەست نەهێنین، ئێمە بابەتەکە دەبەینە دادگا نێونەتەوەییەکان.  

لەبەر ئەوانەش ئێمە درێژە بە تێکۆشانە حقوقی و دیموکراتیکەکەمان دەدەین".

ژ.ت