بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)، لە ناوەندی کەلتور و هونەری ئارام تیگران لە شارۆچکەی رمێلانی سەر بە کانتۆنی قامشلۆ، پارتی یەکێتی دیموکراتیک-ی ناوچەی گرکێ لەگێ کۆبوونەوەیەکی رێکخست و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەی گرکێ لەگێ، دێرک و چلاخا تێیدا بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پەیەدە، باسی ئەو دۆخەی کرد کە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت، هاوکات باسی لە پێویستی یەکڕیزیی کوردیشی کرد.
شاهۆز ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیان دەدات، بە ئامانجی لەناوبردنی دەستەکەوتنەکانی گەلی کورد ئەنجامی دەدات، لەم بارەیەشەوە وتی: "یەکەمین ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لەناوبردنی گەلی کورد و دوورخستنەوەیەتی لە ئازادی. دوای ئەوەی کە گەلی کورد ئیرادەی خۆی لە شۆڕشی رۆژئاوادا سەلماند، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات دەستکەوتەکان لەناو ببات، یانیش لاوازی بکات. بۆیە پێویستە ئێمە لە شوێنی خۆماندا نەمێنینەوە، بە پێچەوانەوە، دەبێت خەباتی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بەردەوام بێت".
لە لایەکی دیکەوە شاهۆز حەسەن ئاماژەی بە یەکڕیزیی کورد کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە یەکڕیزیی کورد ببێتە تاکە رێگا بۆ قەدەغەکردنی دەوڵەتی داگیرکەر لە پێکانی ئامانجەکانی، لەو بارەیەشەوە وتی: "ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ ئەوەی کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد رێکبخرێت".
ز.ش