شەنگالییەکان داوای یەکسانی لە بەرپرسانی عێراق دەکەن

لەگەڵ هاتنى زستان دا بارودۆخی ژیان لە شەنگال بۆ هاووڵاتییان قورس بووە. هاووڵاتییانى شەنگال رەخنە و گلەییان لە بەرپرسانى عێراق هەیە و دەڵێن، بەرپرسانى عێراق لە بڵاوکردنەوە و دابەشکردنى سوتەمەنی و غازدا نەژادپەرستى و جیاوازی دەکەن.

بە هاتنی وەرزی زستان ژیانى هاووڵاتییانى شەنگال قورستر بووە. بەرپرسانى عێراق لە ناوەندى شەنگال دەستیان بە دابەشکردنى غاز کردووە، بەڵام هاووڵاتییانی شەنگال لە دابەشکردنی سوتەمەنی و غاز لەلایەن بەرپرسانى عێراقەوە ناڕازین و رایانگەیاند، غاز و سوتەمەنی بە یەکسانى دابەش ناکرێت و نەژادپەرستی و جیاکاریى تیادا دەکرێت.

هاووڵاتییەکى شەنگالی بە ناوی باپیر تالو رایگەیاند، ماوەى ٣ رۆژە لە سەرەی سوتەمەنی و غاز دایە، بەڵام سەرباری ئەوەش نەیتوانیوە غاز، یان گازوائیل وەربگرێت.

تالو گلەیى ئەوە دەکات، هەندێک کەس بە بێ سەرە دەڕۆن غاز و گازوائیل وەردەگرن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە، کە مافی هاووڵاتییانى ئاسایى بخورێت.

تالو راشیگەیاند، سوپاى عێراق هاووڵاتییانى عەرەب ی گوندەکانى بلیچ و دەورووبەری بردووەتە شەنگال و غاز و گازوائیل یان بەسەردا دابەش دەکات و ئەوەشی وت "ئەوە پێشێلکاری و خواردنى مافی هاووڵاتییانی ترە. لەو رۆژەوە فەرمان و کوشتار بەسەر کۆمەڵگەى ئێزدیدا هێنراوە، حکومەتى عێراق هیچ خزمەتگوزارییەکى پێشکەشی گەلی ئێرە نەکردووە. بەرپرسان لە بریى ئەوەى غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکەن، غازەکە دەدزن و دەیفرۆشن. بەو هۆیەوە لەم زستانەدا دۆخی گەلی شەنگال زۆر خراپە".

باپیر تالو ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆی دۆخی قورسی زستان و نەبوونی غازەوە منداڵەکانیان نەخۆش دەکەون و داواى لە دەوڵەتانى جیهان کرد، هاوکاریى شەنگال بکەن.

مەژدەل خێرۆ هاووڵاتییەکى تری شەنگالە و باسی ئەوەیکرد، ماوەى ٥ رۆژە لە سەرەی وەرگرتنی غازدایە، بەڵام تا ئێستا غازی پێنەدراوە.

خێرۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رۆیشتووە بۆ ٢٠ ماڵ غاز وەربگرێت، بەڵام هیچ غازێک بەو ٢٠ ماڵە نەدراوە و دەستبەتاڵ گەڕاوەتەوە.

ئەوەشی وت "دۆخی هاووڵاتییانى شەنگال باش نییە. ئەگەر کار هەبوایە ئێمە دەڕۆیشتین و کارمان دەکرد، بەڵام کار نییە و پێویستە هەلی کار بڕەخسێنرێت".

خێرۆ لە بەردەوامیى قسەکانیدا رایگەیاند، جگە لە خۆی، سەدان بنەماڵەى تر لە چاوەڕوانیى وەرگرتنى غازدان و هەزاران هاووڵاتیی تریش بەهۆی هەژاری و بێ پارەیەوە ناتوانن غاز بکڕن.

مەژدەل خێرۆ راشیگەیاند، داوا لە دەوڵەتانى جیهان دەکات پشتیوانیى لە شەنگال بکەن و هاوکاری بۆ شەنگال بنێرن، چونکە  حکومەتى عێراق هاوکارییان ناکات و هەلی ئەوەش لە ئارادا نییە، کە بتوانن پێداویستییەکانى خۆیان دابین بکەن.

ر.م