"عەقلیەتی فاشیستیی مەهەپە لەناو ئاکەپەدایە"

هوشیار عەبدوڵڕەحمان شارەزا لە کاروباری تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر هەدەپە دەنگیش بەدەست بهێنێت رێگە نادەین دەست بە کاربێت.

ئەحمەد کەرکوکی - کەرکوک

هوشیار عەبدوڵڕەحمان شارەزا لە کاروباری تورکیا دەربارەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ لابردنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی ئامەد و مێردین و وان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەو رووداو و بڕیاری لابردنی هاوسەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان کودەتایەکی سیاسییە و تۆڵەسەندنەوەیەکە لە هەدەپە بەرامبەر ئەو شکستەی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو توشی بوو لە ئستەنبول و ئەنقەرە و ئەزمیر."

ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە رێگە نادات هەدەپە دەست بە کاربێت

هەروەها هوشیار عەبدوڵڕەحمان دەربارەی ئەم کودەتایە وتیشی: "مانگێک پێش ئەوەی هەڵبژادنەکانی ٣١ی مانگ ئەنجام بدرێت ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو و هەڕەشەی کردبوو، کە ئەگەر هەدەپە دەنگیش بەدەست بێنێت رێگە نادەین دەست بە کاربێت و قەیوم لەجێگای ئەندامانی هەدەپە دادەنین."

ئەم کودەتایە ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی فاشیستیی مەهەپەیە لەناو ئاکەپە

هەروەها ناوبراو دەربارەی عەقڵیەتی ئەردۆغان و ئاکەپە بەرامبەر کورد و دیموکراسیخوازان ئەوەشی وت: "ئەم رووداوانەی ئەم دوایەی ئاکەپە ئەنجامیدا ڕەنگدانەوەی عەقلیەتی فاشیستیی مەهەپەیە لەناو ئاکەپەدا، ئەو بەرەیەی ئاکەپە ئەمڕۆ دروستی کردووە بەرەی فاشیزمە و ئاکەپە دژی هەر بەرەیەکە داکۆکی لە دیموکراسی بکات."

ئاکەپە کۆتایی هێنا بە پرۆسەی ئاشتی

دەربارەی ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئاکەپە بەرێوەی دەبات لە ناوخۆی تورکیا هوشیار عەبدوڵڕەحمان ئاماژەى بەوەکرد: "لە ئێستادا تورکیا ٤١.٣٪ لە ژێر هێلی هەژاری-یە و بە سەدان هەزار خەڵک زیندانی کراون، ئاکەپە سیاسەتێکی توندوتیژی پەیڕەوکرد لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بینیمان کۆتایی هێنا بە پرۆسەی ئاشتی لە دۆڵمەباخچە، دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی دەرەوە تەنها لە چوارچێوەی سوریا و باشووری کوردستان نەما، بەڵکو دەستێوەردانەکانی تورکیا گەیشتنە باکوری ئەفریقا و لیبیا-ش."

ئەمریکا و روسیا قبوڵ ناکەن جارێکی دیکە تورکیا ببێتە هێزێکی گەورە

دەربارەی هەوڵدانی تورکیا بۆ خۆسەپاندنی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست وەکو زڵهێزێک ناوبراو ووتی: "ئەم عەقلیەتەی دەیەوێت میساقی میللی عوسمانیەکان زیندوو بکاتەوە عەقلیەتێکە ناتوانێت دەربەری لە نێوان زڵهێزەکانی وەکو ئەمریکا و روسیادا بکات، چونکە زلهێزەکانی وەکو ئەمریکا و روسیا قبوڵ ناکەن جارێکی دیکە تورکیا ببێتە هێزێکی گەورە لە ناوچەکە کە بتوانێت بەرامبەریان ڕاوەستێت."

لەدوای ئەم کارە نۆرەی شارەوانیەکانی دیکە دێ

هەوەها وهوشیار عەبدوڵڕەحمان وتیشی: "ئەو کودەتا سیاسییەی ئاکەپە بەرامبەر هەدەپە کردی، رەنگدانەوەی زهنیەت و عەقلیەتی فاشیزمی باخچەلی پێوە دیارە بوو، چونکە کەسە ناودارەکانی ئۆپەزسێۆنی ئاکەپە وەکو عەبدوڵا گیول، ئەحمەد داود ئۆغلۆ و یەکێتیی ئەوروپا سەرزەنشتی ئەو کودەتایەن کرد کە دژی دیموکراتیە، چونکە دەزانن لە دوای ئەم کارە نۆرەی شارەوانییەکانی دیکە دێ وەکو ئەستەنبول و ئەزمیر و ئەدەنەو شوێنەکانی دیکە."

ئەردۆغان دەزانێت ئەمە کۆتا هەناسەیەتی بۆ مانەوەی

لە کۆتیدا هوشیار عەبدوڵڕەحمان دەربارەی هۆکاری ئەو پەلامارانەی ئەردۆغان بۆ سەر ناوچەکە بەگشتی وتی: "ئەردۆغان دەزانێت ئەمە کۆتا هەناسەیەتی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و بەرگەی هەڵبژاردنێکی دیکە ناگرێت، بۆیە شەڕەکانی لە سوریا و باشووری کوردستان و لیبیا سەخت تر کردووە، چونکە ئەمە دوا پەلەقاژەیەتی و دوا پەلەقاژەی عەقلیەتی ئیخوان موسلمینە لە رۆژ هەڵاتی ناوەراستدا بە سەرکردایەتی ئەردۆغان.''

ژ.ت