فاریس ئۆگیولاری: دەیانەوێت هەدەپە تاوانبار بکەن

موسا فاریس ئۆگیولاری پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، چالاکییە تێکدەرانەکانی بەردەم بینای هەدەپەی ئامەد بەشێکە لە شەڕی تایبەتی ئاکەپە و بانگەوازی بۆ بنەماڵەکان کرد نەکەونە داوی ئاکەپەوە.

هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن هەدەپە منداڵەکانیانی بردوەتە چیا و ئاماژە بەوە دەکرێت ئەو بانگەشەیە لەلایەن پۆلیسەوە رێکخراوە و هەندێک کەس هاندراون لەبەردەم بینای هەدەپە چالاکی ئەنجام بدەن. هەروەها هەموو بنەماڵەی ئەو سەرباز و پۆلیسانە، کە لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە دەستگیرکراون  لەو چالاکییەدا بوون.

پەرلەمانتەری هەدەپەی ئامەد موسا فاریس ئۆگیولاری دانیشتنی هەندێک بنەماڵە بە بانگەشەی ئەوەی "هەدەپە منداڵەکانی ئەوانی بردوەتە چیا" و هێرشەکانی لەدژی بیناکەیان هەڵسەنگاند. فاریس ئۆگیولاری ڕایگەیاند، ڕژێمی ئاکەپە- مەهەپە، بۆ ئەوەی هەدەپە لەناو ڕای گشتی تورکیا بێ متمانە بکات دەستی بە یارییەکی تازەی سیاسی کردووە.

 فاریس ئۆگیولاری باسی لەوەشکرد، ئەو ڕووداوە چەواشەکارییەی لە بەردەم بیناکەیان بەشێکە لە شەڕی تایبەتی ئاکەپە و وتی: "چەندین ساڵە لەسەر پارتی، سیاسەتمەدار، خەباتکار و سیاسەتی دیموکراتیک سیاسەتەکانی چۆکدانان پەیڕەو دەکرێن و بەو سیاسەتانە دەیانەوێت متمانەى هەدەپە نەهێڵن. سیاسەتەکانی ئاکەپەی قەیوم و ئەو بنەماڵانەی بانگەشە دەکەن منداڵەکانیان براونەتە چیا یەکێکە. ڕاستە کاتێک منداڵەکانی هەر کەسێک ون دەبن مرۆڤ نیگەران دەبێت، بەڵام شوێنی گەڕان بە دوایاندا هەدەپە نییە، شوێنی لێگەڕانەکان نووسینگەکانی شەڕ-ی ئاکەپەن، دەبێت هەموو ئەو بنەماڵانە ڕوو لە بارەگاکانی ئاکەپە بکەن، پرسیاری منداڵەکانیان لە ئاکەپە بکەن. با هیچ بنەماڵەیەک نەکەوێتە داوی یارییەکەی ئاکەپە".

ئۆگیولاری وتیشی "چەند ڕۆژ لەمەوبەر بنەماڵەیەک لە گێلێ-ەوە هاتن و لەبەردەم بیناکەی ئێمە دانیشتن. دواتر منداڵەکەی خۆیان بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و وتی، 'من لەبەر زۆرداریی بنەماڵەکەم هەڵاتووم، بنەماڵەکەم دەیەویست بەزۆر بەشووم بدات و من نامەوێت، بۆیە من لە بنەماڵەکەم دوور کەوتمەوە' ئەو ڕووداوە زۆر ئاشکرا بوو، کە پۆلیس ئەو بنەماڵەیە ناردە بەردەم بیناکەی ئێمە. دواتر گەنجەکە بۆ ڕاگەیاندن قسەی کرد و گەنجەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا".

'ئامانجیان ئەوەیە هەدەپە تاوانبار بکەن'

فاریس ئۆگیولاری ڕایگەیاند، ئەو بنەماڵانەی لەبەردەم بینای هەدەپە دانیشتوون لە لایەن پۆلیسەوە نێردراون. ئەوەشی وت: "بۆ ئەوەی حیزبەکەمان لەناو ڕای گشتی تورکیا بێمتانە بکەن، دەستیان بە یارییەکی تازەی سیاسی کردووە. ئەوە بە ئاشکرا دەبینرێت. بینای حیزبەکەی ئێمە ٢٤ کاتژمێر لەژێر چاودێریی پۆلیس و ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکاندایە. ئەگەر هێزەکانی ئاسایش ئەوەیان بینبێت و موداخەلەیان نەکردبێت ئەوە تاوانە. هەروەها ئەو ئاراستەکردنەی بنەماڵەکان دوای سەپاندنی قەیومەکان، ئێمە زۆر باش دەزانین ئەوە ئاراستەکردنێکی تایبەتە. پێش چەند ڕۆژێک هەندێک خێزان هاتنە بەردەم بیناکەمان، بەڵام منداڵەکانی ئەو بنەماڵانە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دۆزرانەوە. لە داواکاریی بنەماڵەکاندا ئاشکرا بوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بنەماڵەکەیانی ناردووەتە بەردەم بینای ئێمە. لە بەردەم ئەو کامێرایانەی هەواڵیان لێ پێشکەش دەکرێت و لەبەر چاوی پۆلیسەکان، بنەماڵەکان هێرشی سەر ئێمە دەکەن و جامەکانی بیناکەمان دەشکێنن. جگە لەوەی ئەو هێرشانە تاوانن، بەڵام پۆلیس دەستوەردانی نەکردووە و بوونەتە هاوبەشی ئەو تاوانە. بە جەختکردنەوەوە دەڵێین؛  لایەنێک لەپشت ئەو تاوانبارکردن و درۆیانەوەیە. دەیانەوێت ئەو بەرخۆدانە تێکبشکێنن کە لە دژی قەیومەکان لە گەشەسەندندایە و حیزبەکەمان تاوانبار بکەن. راستییەکەی ئەوەیە دوای ئەوەی لە ڕێگای سولەیمان سۆیلو ئەو بنەماڵانە لەگەڵ ئەردۆغان قسەیان کرد، ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد."

پۆلیس بە ئۆتۆمبیلی خۆیان بنەماڵەکانیان هێنایە بەردەم بینای هەدەپە

هەروەها سەربازێک بەناوی موسلم ئالتنتاش کاتێک لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥/ ١٠ی ڕەزبەر لە پولومور-ی دێرسم سەربازیی دەکرد لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە دەستگیر کرا. کەسێک بەناوی ڤەدات کایا لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥/ ٢ی گەلاوێژدا لە لیجە و سەدات یابالک-یش لە ٢٨ی تەمووزی ٢٠١٥/ ٦ی گەلاوێژ لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە دەستگیر کران. بنەماڵەی ئەو سەرباز و پۆلیسانەش هەموویان لەو چالاکییەی بەردەم بینای هەدەپەدا بوون. وتیان پۆلیس سەرلەبەیانییەکەی ئەو بنەماڵانەی لە ماڵەکەی خۆیان هەڵگرتووە و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هێناویانەتە بەردەم بینای هەدەپە. لە کاتی چالاکیدا بینیان، کە خواردن و خواردنەوەش لەلایەن پۆلیسەوە بۆیان دابین دەکرێت.

ژ.ت