فراکسیۆنى نەوەی نوێ بۆردومانى کامپی مەخمور و شەنگالی ئیدانە کرد

فراکسیۆنى نەوەی نوێ لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیاى بۆ سەر کامپی مەخمور و شەنگال ئیدانە کرد و لە بەرامبەر بێدەنگیى حکومەتى ناوەندیى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناڕەزایەتیى نیشاندا.

فراکسیۆنى نەوەی نوێ لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر مەخمور و شەنگال راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

"دەبێت لەلایەن حکومەتەوە رێگری لە بۆردومانەکان بکرێت"

لە راگەیاندراوەکەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ دا هاتووە:

"ئێمە بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی هەرێم و عیراق دەخەینە ئەستۆی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عیراقی، كە ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەروەریی وڵاتەكەمان پێشێلدەكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق، نەیانتوانیوە لەڕێی كەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییەكانەوە، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دەستدرێژییانە بدۆزنەوە".

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتوان، بە ئەركی حكومەتی هەرێم و عیراقی دەزانێت، کە نەهێڵێن جارێكی تر ئەم روداوانە دووبارە ببنەوە و قەرەبوی زیانلێكەوتوانیش بکەنەوە.

ر.م