فەرماندەیی یەرەکە: با گەنجان بە ڕۆحی سمکۆکانەوە بەشداری شۆڕش ببن

"بۆ ئەوەی شەڕی ئازادی سەربکەوێت، پێویستە سوپا بەهێزتر بکرێت. بۆ ئەوەی لەدژی داگیرکاریی، فاشیزم و کۆیلایەتی سەربکەوین، پێویستە گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆح و هەستەکانی سمکۆکانەوە بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا ببن"

هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سمکۆ سەرهەڵدان، فەرماندەی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە - YRK)، بە مەراسیمێکی شایستە لە چیاکانی کوردستان کرایەوە.

لە فەرماندەیی یەرەکەوە شۆڕش ئالان، شێرۆ دەمهات، ئادار گەڤەر، ئاریەن ئاری، ئازاد ماکۆ و دەیان گەریلای دیکەی یەرەکە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

لە مەراسیمەکەدا فەرماندەی یەرەکە شۆڕش ئالان قسەی بۆ گەریلاکان کرد و یادی سمکۆ سەرهەڵدان و هەموو ئەو گەریلایانەی کردەوە کە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان شەهید بوون.

'کەسایەتییەکی نەتەوەیی بوو، بۆیە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان تێکۆشا'

شۆڕش ئالان ڕایشگەیاند، ئەوان گەریلاکانی یەرەکە لەسەر ڕێبازی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان دەڕۆن و تێکۆشان گەورە دەکەن.

شۆڕش ئالان باسی کەسایەتی سمکۆ سەرهەڵدانی کرد: "شەهید سمکۆ لە تەمەنێکی بچوکیدا بە هەستە وڵاتپارێزییەکانی، بە هەستە شۆڕشگێڕییەکانی بەشداری ناو ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان بوو. بە تێگەیشتنی تێکۆشانەکانی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ماوەیەکی کورتدا بووە فەرماندەیەکی پێشگەنی ئازادی کوردستان. شۆڕش لە هەر شوێنێک پێویستی بوایە، هەڤاڵ سمکۆ لەوێ کاری دەکرد. کار و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی بەڕێوە دەبرد. وەکو کەسایەتییەکی نەتەوەیی، لە هەر شوێنێکی کوردستان، قەندیل، برادۆست، دەرسیم، دەریای ڕەش تێکۆشا و ببوە ئەفسانەی گەریلای ئازادی کوردستان".

شۆڕش ئالان سەرنجی ڕاکێشایە سەر شەڕی قەندیل و وتی، لە پێشەنگایەتی شەهید سمکۆدا، شەڕی قەندیل لەدژی داگیرکەریی سەرکەوت.

'بە بەرخۆدانێکی مێژوویی هێرشی داگیرکەران تێکشکێندرا'

هەروەها ڕایگەیاند: "لە شەڕێ قەندیلدا لەدژی داگیرکاریی، تەکنیکێکی نوێی بەرخۆدان بەڕێوەچوو. هەڵوێست و تێکۆشانی هەڤاڵ سمکۆ لە بەرخۆدانی قەندیل نمونە بوو. بەرخۆدانی قەندیل، نەک تەنیا لەدژی سوپای داگیرکەری ئێران بوو. هاوکات بەرخۆدانی قەندیل لە دژی پیلانگێڕیی و هێرشەکانی ساڵی ٢٠١١ی سەر بزووتنەوەی ئاپۆیی بوو. ساڵی ٢٠١١ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهاری گەلان دەستیپێکردبوو. بۆ ئەوەی لە کوردستان بەهاری ئاپۆیی دروست نەبێت، هێرشە داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان زیاتر بوون. لەسەر هەموو کوردستان هێرشکێ گشتگیر بەڕێوەچوو. ئەو کاتە لەسەر داواکاریی دەوڵەتی فاشیستی تورک، ڕژێمی داگیرکەری ئێران و سوپا داگیرکەرەکەی هێرشی سەر گەریلاکانی قەندیلی کرد. بەڵام گەریلاکانی قەندیل بە فەرماندەیی هەڤاڵ سمکۆ سەرهەڵدان، بۆ ئەوەی پلانەکانی دوژمن لەسەر بزووتنەوەی ئاپۆیی تێکبشکێنن، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی هەموو هێرشەکانی داگیرکەرانی ئێرانیان تێکشکاند." هەروەها شۆڕش ئالان بەم شێوەیە باسی بایەخی پێشخستنی تێکۆشانی پاراستنی جەوهەری کرد: "بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و لەدژی داگیرکەریی تێکۆشانێک ئەنجام بدات، پێویستە پاراستنی جەوهەری خۆی بەهێز بکات. بۆ ئەوەش ئەرکی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر شانی گەنجان. پێویستە بە ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییەوە لە تێکۆشانی ئازادییدا ڕۆلی خۆیان باش بگێڕن".

ئەندامی فەرماندەیی یەرەکە، شۆڕش ئالان وتی، سەدان گەنجی کوردستان لەسەر ڕێبازی سمکۆ سەرهەڵدان ڕۆیشتن و بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوون.

هەروەها بانگەوازی بۆ هەموو گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد: "بۆ ئەوەی شەڕی ئازادی سەربکەوێت، دەبێت سوپا زیاتر بەهێز بکرێت. بۆ ئەوەی لەدژی داگیرکەر، فاشیزم و کۆیلایەتی سەربکەوین، پێویستە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆح و هەستەکانی سمکۆکانەوە بەشداری ناو ڕیزەکان گەریلا ببن".

ک-ش