موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتیی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له میانه‌ی به‌شداری كردنی له به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی ڕادیۆی «ده‌نگی وه‌ڵات»، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای ده‌رباره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا هه‌ڵسه‌نگاند.
«بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ سوپرایز نه‌بوو»
موراد قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه‌یان له سووریا درێژكراوه‌ی بڕیاره‌كه‌ی ٦ی تشرینی دووه‌مه دژ به ٣ پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد و له چوارچێوه‌ی هێڵی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا دراوه.
«ده‌رباره‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێت بڵێم: ئه‌م بڕیاره بۆ ئێمه سوپرایز نییه. ئێمه سه‌رمان نه‌سووڕما. ئێمه هه‌موو هێزێك باش ده‌ناسین. ئه‌م بڕیاره كه له لایه‌ن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دۆنالد تره‌مپ درا، درێژه‌پێدانی هێڵی پیلانگێڕییه. وه‌ك ده‌زانرێت، ئه‌مه‌ریكا ٦ی تشرینی دووه‌م له دژی ٣ هاوڕێی ئێمه بڕیارێكی دا. بڕیاری كشانه‌وه‌ش درێژدانه به بڕیاری ٦ی تشرینی دووه‌م. جارێكی دیكه سه‌لما كه تێكۆشانی ئازادیی گه‌لی كورد و ستاتۆی كوردان خه‌می هیچ هێز و ده‌وڵه‌تێكی هه‌ژموونگه‌را نییه. كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بگونجێت، له‌گه‌ڵ كوردان هاوكاری ده‌كه‌ن، كاتێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كوردان نه‌یه‌ته‌وه، وازی لێ دێنن. به‌شێوه‌یه‌كی هه‌لپه‌رستانه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. ئێمه ئه‌و كاراكته‌ره‌ی هێزه ههژموونگهراكانمان باش ده‌ستنیشان كردووه. شۆڕشگێڕانی ڕۆژاڤاش له‌سه‌ر بنه‌مای هێڵی سێیه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك په‌یوه‌ندی دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام پشتی خۆیان به كه‌س نابه‌ستن. له‌به‌رئه‌وه پێم وانییه له‌وێ كه‌موكوڕییه‌ك ڕووبدات.»
قه‌ره‌یلان له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا گوتی: «پێیان وایه هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژاڤا به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا بووه. ئه‌وانه‌ی له‌نزیكه‌وه چاودێری دۆخه‌كه ده‌كه‌ن باش ده‌زانن كه ئه‌وه ڕاست نییه. ئه‌مه‌ریكا ساڵی ٢٠١٥ هاته سووریا. شۆڕشی ڕۆژاڤا ساڵی ٢٠١٢ ڕوویدا. له دژی گرووپه چه‌ته‌كانی نووسره و داعش ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤ به هێزی خۆی شه‌ڕی كرد و سه‌ركه‌وت.»
«هێڵی پیلانگێڕی له‌ناوده‌چێت»
قه‌ره‌یلان ڕاشیگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك هه‌وڵ ده‌دات كاری هێڵی پیلانگێڕی له دژی كوردان جێبه‌جێ بكات، ده‌یه‌وێت هه‌موو هێزه‌كان له دژی كوردان هه‌ڵوێست پیشان بده‌ن.
«زۆر كه‌س له‌نێو حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكادا دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و بڕیاره‌كه به ڕاست دانانێن. ئه‌ورووپاش ئه‌مه‌ی به ڕاست دانه‌نا و پشتیوانی نه‌كرد. هه‌ندێك لایه‌ن ڕایانگه‌یاند كه ناكشێنه‌وه. به‌ر له‌وه‌ش، دیوانی باڵای دادی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی په‌كه‌كه بڕیارێكی دا كه ده‌كرێت به ئه‌رێنی دابنرێت. له‌وانه‌یه هه‌ڵوێستێكی به‌هێز كه بتوانێت ئه‌نجامه‌كه بگۆڕێت پیشان نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه: ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وامی به هێڵی پیلانگێڕی بده‌ن؛ ده‌وله‌تی توركی فاشیست و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكایه كه له تیمێكی تووندی تره‌مپ پێكهاتووه. هاوشێوه‌ی ساڵی ١٩٩٩ له‌و ئاسته‌دا نین كه زۆر ده‌وڵه‌ت به‌شدار بن، ته‌نگه‌تاومان بكه‌ن و ئه‌نجام به‌ده‌ستبێنن. هه‌ر بۆیه ده‌ركه‌وتووه كه نه‌ك ته‌نیا پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانگێڕییه‌كه، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش هه‌یه كه پیلانگێڕی به‌ته‌واوی تێكبشكێنرێت و له ڕۆژه‌ڤ ده‌ربكرێت. ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كراوه بینرا.»
«شۆڕشی ڕۆژاڤا خاوه‌ن ئیراده‌یه»
موراد قه‌ره‌یلان به‌بیری خسته‌وه كه شۆڕشی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا پشتی به گه‌لان به‌ستووه و به‌م شێوه‌یه ئافراوه. گوتیشی: «خاوه‌ن هێز و ئه‌لته‌رناتیڤه و هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر هێڵی سێیه‌م ڕۆیشتووه. پێویسته خۆی به كه‌س نه‌سپێرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م شۆڕشه بتوانێت به هێزی خۆی له‌سه‌رپێ بمێنێته‌وه، ئه‌و كاته به‌ڕاستی ده‌بێته شۆڕش. شۆڕشهڕاستهقینهكان به‌م شێوه‌یه ڕوویاندا. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ خاوه‌ن ئیراده بن. ئێمه باوه‌ڕمان پێ هه‌یه كه خاوه‌ن ئیراده‌ن. هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێت ترس بخه‌نه نێو گه‌ل. ئه‌مه شتێكی ڕاست نییه. گه‌ل خاوه‌ن سیاسه‌ت و هێزی خۆیه‌تی.»
قه‌ره‌یلان هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌گه‌ر هێڵی سێیه‌م له بواری سه‌ربازی، سیاسی، دیپلۆماتی و جڤاكی به‌باشی به‌ڕێوه‌ببرێت، هه‌لومه‌رجی ئێستا ڕێ له به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌كاته‌وه.
«ده‌كرێت درێژه به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بدرێت»
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه موراد قه‌ره‌یلان ده‌رباره‌ی ڕۆژاڤا ڕایگه‌یاند: «له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگیی نوێ بونیاد بنێت، به ده‌ستبه‌ستراوی ناوه‌ستێت. ده‌توانێت چه‌ند ڕێككه‌وتنێك بكات، هه‌ندێك هاوكاری نوێ په‌یدا بكات. ئه‌مه له سه‌رانسه‌ری دونیادا به‌و شێوه‌یه‌یه. لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌تا ئێستا خۆی به كه‌س نه‌سپاردووه و پشتی به كه‌س نه‌به‌ستووه. ده‌توانێت درێژه به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بدات و ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش بپارێزێت. لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه هێزی خۆی بپارێزێت، به‌هێزی بكات و پشت به هێزی خۆی ببه‌ستێت. له ڕووی سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌بێ باوه‌ڕی به‌خۆی هه‌بێت و به هێزی خۆی جموجۆڵ بكات. ئه‌گه‌ر به بیر و باوه‌ڕی هێزه‌كه‌ی جموجۆڵ بكات، ده‌توانێت خۆی بپارێزێت. هه‌روه‌ها ده‌توانێت جێی خۆی له‌نێو هاوسه‌نگییه نوێیه‌كاندا بگرێت. خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌یه كه ئامانجه‌كانی به‌دیبێنێت. ده‌رفه‌تی ئه‌مه هه‌ن.»
«ده‌وڵه‌تی تورك وه‌ك ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی جه‌ژن بكات، پێشوازی له بڕیاره‌كه كرد»
قه‌ره‌یلان باسی له‌وه كرد كه بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ چه‌ند هاوسه‌نگییه‌ك ده‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه له سووریا هاوسه‌نگیی نوێ بێنه ئاراوه. گوتی: «ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن؛ بۆیه ئه‌مه ڕوویدا، چونكه شۆڕشی ڕۆژاڤا خۆی به هه‌ندێك هێز سپاردووه، ده‌یبینن كه به‌هه‌ڵه‌داچوون.»
«ده‌وڵه‌تی تورك كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای وه‌ك جه‌ژن بینی. ده‌ڵێت، [ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بڕوات، بۆ ئێمه خێری ده‌بێت، شۆڕش له‌نێو چه‌ند ڕۆژێكدا تێكده‌چێت] هه‌موو ڕۆژێك پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌مه ده‌كه‌ن. به‌ڵام جه‌نه‌ڕاڵ و كاربه‌ده‌سته‌كانیان باش ده‌زانن كه ئه‌مه كارێكی ئاسان نییه. وه‌كو دیكه، ده‌وڵه‌تی تورك هێزێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی نییه كه ئه‌وه‌نده زل بكرێت. ئێمه پێشتریش گوتمان و ئێستاش ده‌یڵێین؛ با كه‌س هێزی ده‌وڵه‌تی تورك زل نه‌كات. به دڵی خۆیان ناتوانن هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێت داگیری بكه‌ن. گرینگه گه‌لانی عه‌ره‌ب، سریانی، كورد، شه‌ڕڤان و فه‌رمانده‌كانیان باوه‌ڕ به‌مه بكه‌ن و به شێوه‌یه‌كی ڕاست بچنه سه‌نگه‌ره‌كانیان. به ئیراده‌یه‌ك له ڕێ و ڕێبازی ڕاست، ده‌توانن به‌ئاسانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بشكێنن.»
«ئێمه له‌گه‌ڵیان ده‌بین و پشتگیری‌یان ده‌كه‌ین»
قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، توركیا، داعش، سووریا و چه‌ند هێزێكی دیكه پێیان وایه كه به ڕۆیشتنی ئه‌مه‌ریكا شۆڕش ته‌نگه‌تاو ده‌بێت. گوتی، «ئێمه باوه‌ڕمان به شۆڕشی ڕۆژاڤا، باكوور - ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌یه كه ده‌توانێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی بپارێزێت.»
موراد قه‌ره‌یلان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه به ناوی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و گه‌لی كورد هه‌میشه له‌پشت شۆڕشی ڕۆژاڤا ده‌بن. گوتیشی، پێویسته هێزهدیموكراتییهكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و هێزه‌كانی كورد هه‌موو پشتیوانی له شۆڕشی ڕۆژاڤا بكه‌ن.
s.m