مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، خۆڕاگرانی مانگرتنە گەورەکەى ١٤ى تەمووز و بە شەهیدبوونیان چەندین بەهای گەورەیان ئافراند. لە درێژەى قسەکانیدا وتى "ئەو شۆڕشگێڕە گەورانە شەهید بوون. دروست نییە مرۆڤ بڵێت، ئەوانمان لە دەستدا. دروست نییە مرۆڤ ئەو شەهیدانە وەک لەدەستدان لێکبداتەوە. ئێمە ئەوانمان لە دەست نەداوە و ئەوان لە دەست نەچوون. ئەوان بوونى خۆیان کاریگەرتر کرد. ئەگەر ئێمە لێکدانەوەیەکى لەو شێوەیە بکەین ئەو کاتە لێکدانەوەکە دەچێتە سەر بنەمایەکى دروست و ماناى دروستى خۆى وەردەگرێت".
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە یەکێک لە بەرخۆدێرەکانى ١٤ى تەمووز بوو. چاوێکەوتنێکىى قەرەسوو لەبارەى مانگرتنە گەورەکەى ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢ / ٢٣ى پووشپەڕ، لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا بڵاوکراوەتەوە.
"بەهۆى سیاسەتیان لە دژى پەکەکە قۆناغى بەرگریکردنیان دەستپێنەدەکرد"
هۆکارى ئەوەى دادگایکردنى ئێمە قۆناغی بەرگریکردنى بەڕێوەنەدەبرد بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕایەوە کە لە دژى پەکەکە بەڕێوەیان دەبرد. پەکەکە زیانى بەرکەوتبوو، بەڵام وەک رێکخستن بە تەواوی لەناو نەچوبوو. رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانى ترى سەرەکی و گرنگ لە دەرەوە بوون. ئیتر پەکەکە بەو شێوەیە درێژەى بە بوونى خۆی دەدا و بۆ تێکۆشان لە دژى دەوڵەتى تورک ئامادەکاریى دەکرد. بۆ ئەوەش بڕیاری دانیشتنى ئێمە لە دادگا بۆ بەرگریکردن لە خۆمان بەڕێوەنەدەچوو و ئەو بڕیارەیان نەدەدا. لەلایەکى ترەوە ئامانجیان ئەوە بوو گوشارى زیاتر بخەنە سەر زیندانییەکان، ئەشکەنجەیان بکەن و هەموو کەس تەسلیم بکەن و برەو بە سیاسەتى دان پیادانان بدەن. بۆ ئەوەش لە دادگا لەسەر رێکخستنەکانى تر بڕیار دەدرا و خەڵکیان لە سێدارە دەدا، بەڵام لە دۆزی پەکەکەدا قۆناغى بەرگریکردن دەستیپێنەکردبوو و ئەو بڕیارەیان نەدابوو. لە روانگەى 'پەکەکە بە تەواوی لەناو نەچووە، بە تەواوی پاکتاو نەکراوە، هێشتا پێداگرە لەسەر تێکۆشان' لەبەر ئەوە دەترسان کادێرەکانى بزووتنەوەیەکى لەو جۆرە لەسێدارە بدەن، چونکە ئەوە کۆتایى بە پەکەکە ناهێنێت، بەڵکو پێداگریى پەکەکە بۆ درێژەدان بە تێکۆشان زیاتر دەکات. لە مێژووى تورکیادا لە دواى ئەوەى سەرهەڵدانێک، راپەڕینێک، تێکۆشانێکى شۆڕشگێڕی سەرکوت بکرایە، لەسێدارە دان ئەنجامدراوە و هێماکانى ئەو بزووتنەوەیە پاکتاوکراون. بەڵام جیاواز لە لەسێدارەکانى پێشتر، پەکەکە پاکتاو نەکراوە، رێبەر ئاپۆ دیل نەکراوە و ورەی تێکۆشانى پەکەکە تێکنەشکاوە. ئەو دۆخە بوو بووە رێگر لە بەردەم ئەوەدا، کە کادێرە پێشکەوتووەکانى پەکەکە لەلایەن ئەنجوومەنى سەربازیى فاشیستییەوە لەسێدارە بدرێن".
قەرەسوو لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، دەیانویست لە کەسایەتیى کەسە دەستگیرکراوەکان و کادێرە پێشەنگە زیندانیکراوەکانى پەکەکە، پەکەکە پاکتاو بکەن و دەیانویست بڕوا بە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و تێکۆشانى ئازادیى کوردستان تێکبشکێنن. قەرەسوو وتیشی "لەو دۆخەدا شەهیدبوونى مەزڵوم دۆغان و دواتر بە چالاکیى چوارەکە، ئەو حەزە دروستبوو، کە بەبێ ئەوەى دوا بکەین دەبێت بەرخۆدان دەستپێبکەین. دواى چالاکییەکەى فەرهادەکان و ١٣ بۆ ١٤ رۆژ پێش ٣١ى ئایار، دۆزى سەرەکیى پەکەکە لە ئامەد دەستیپێکرد".
سەرەتاى قۆناغى مانگرتن تا مردن
قەرەسوو ئەوەشى وت "ئەو کاتە دۆزی سەرەکی خۆی لە ٤ دۆزدا دەبینییەوە. دۆزەکانیش بریتی بوون لە دۆزی ئامەد، دۆزی سێرت – ئێلح، دۆزی حیلوان – سیوەرەک – رحا و دۆزی مێردین. خەیرى، کەمال و مەزڵوم بەشدارى هەموو دۆزەکان دەبوون. من بەشدارى دۆزی ئامەد دەبووم. ٣١ى ئایار وەک هەموو جارەکانى تر ئێمەیان بەخێرایى برد بۆ رێڕەوەکان. کاتێک ئێمەیان برد بۆ رێڕەوەکان بۆ پشکنین و کۆنترۆڵکردنمان، دەستمان لە دواوەوە کەلەپچە کرابوو و ئێمەیان لە بەردەم دیوارێکدا ریزکرد. لە نێوانى من و کەمال دا هەڤاڵێک هەبوو. کاتێک ئێمەیان لەبەر دیوارەکەدا ریز دەکرد، دەرفەتمان هێنا و چوومە لاى کەمال. من بە کەمالم وت، دەبێت ئیتر کارێک بکەین. کەمال پیر لەبارەى قسەکەى منەوە، بۆ ئەوەى سەرم سوڕ بمێنێت و بکەومە بیرکردنەوە وتى 'من بۆنم لێدێت'. خواستى پێم بڵێ، ئیتر کاتى بەرخۆدانە، چونکە وتبوی ئەگەر یەکێک دەستپێبکات ئەو دووەم کەسە. کەمال بەو هەڵوێستەى ئەوەى خستەڕوو، کە ئیتر نابێت بەرخۆدان دوابخرێت. دواتر ئێمەیان خستە ناو ئۆتۆمبێلەکان و هەر وەک ئەوە وابوو بەسەر یەکەوە هەڵمانچنن. لە ئۆتۆمبێلەکەدا خۆم لە خەیرى نزیک کردەوە. پێم وتى ئیتر کاتى چالاکییە و کەمال بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە. خەیرى وتى، دەى تەواو. خەیرى لە بیری چالاکییەکە و دەستپێکردنیدا بوو و ئێمەیان برد بۆ دانیشتنەکە. کاتێک ئێمە لە دانیشتنەکە گەڕاینەوە لەگەڵ خەیری قسەم کرد. زۆر باشە ئێمە بەرخۆدان دەستپێدەکەین، بەڵام با دەستپێکردنەکە لە گروپەکەى رحاوە بێت. وتى، دۆزی رحا ئەو دۆزەیە، کە بۆ تێکۆشانەکەى ئێمە قورسە و دانیشتنى گرنگی بۆ دادەنرێت. دەبێت ئێمە لەوێ خاوەنداری لە هەڤاڵان و لە حیزب بکەین. هەروەها وتی، ژمارەى پارێزەزەران و بنەماڵەش لە دانیشتنەکەدا زۆر دەبن و لەو رێگەیەشەوە دەتوانین کاریگەری لە دەرەوەش دروست بکەین، بۆیە دۆزی رحا باشترە. من ئەوەم بە کەمال وتی، دکتۆر چیى وت با وابێت. ئەگەر هەر ئەو ساتە بەرخۆدان دەستپێکردایە، ئەوە کەمال هەر لە زووەوە ورە و بڕیارمەندیى خۆى خستبووە ڕوو. قۆناغی بڕیاردان بۆ مانگرتنە گەورەکەی ١٤ى تەمووز بەو شێوەیە دەستیپێکرد".
"لە ساتەکانى رۆیشتن بەرەو شەهادەتدا ورەیان بەرز و گەش بوو"
قەرەسوو لەبارەى دوا ساتەکانى شەهیدانى ١٤ى تەمووزەوە وتی "بەڕاستی دوا ساتەکانى ئەو هەڤاڵانەى کە لە ١٤ى تەمووزدا شەهید بوون زۆر گرنگە. تاوەکو لە شەهادەت نزیک دەبوونەوە، دەم بە بزە بوونیان زیاتر دەبوو. نزیکبوونەوە لە شەهادەت ئارامی دەکردنەوە. بەو ئارامییە، کە ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێهێنا دوا هەناسەکانیان دا. بۆ ئەوەى مرۆڤ تێبگات، کە بڕواى گەورە و مرۆڤەکانى ئەو دۆزە و شەهادەتەکەیان بە چ مانایەکە، مرۆڤی خاوەن بڕواى گەورە چ مانایەکى هەیە، چۆن دەژین، چۆن دوایین هەناسەکانى خۆیان دا، تێگەیشتن لە بەرخۆدانى ١٤ى تەمووز زۆر گرنگە. ئەوان ژیانى خۆیان گەیاندە ئاستێکى زۆر باڵا و ماناجدار. باشترین و بەرزترین ئاستى مانادارە بۆ ژیان. لەبەر ئەوەش تاوەکو لە شەهادەتەکەیان نزیک دەبوونەوە ورە و جۆشیان زیاتر دەبوو. بەو شێوەیە چوونە ناو مێژوو و لەم دونیایەدا مانایەکى زۆر گەورەیان بە ژیان بەخشی".
"تاوەکو مردنیان دڵسۆزی پارتی رێبەرایەتى و هاوڕێکانیان بوون"
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى کەجەکە ئەو وتەیەى محەمەد خەیرى دورمووش بە بیرهێنایەوە، کە وتبووی، لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسن "قەرزای گەلەکەمم" و لەو بارەیەوە وتى "بەڕاستى محەمەد خەیری دورموش تاوەکو دوا هەناسەى دڵسۆزی حیزبەکەی، رێبەرایەتی و هاوڕێکانى بوو. هەموو ساتەکانی ژیانکردن بوو لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و لە هاوڕێکانیدا لە حیزبدا. بە بەرپرسیارێتییەک کە شایانیان بێت، دوا هەناسەی بەخشی. تاوەکو دوا هەناسەى بیرى لە کادێرەکانى پەکەکە و بونیاد و پێکهاتەى پەکەکە لە زینداندا دەکردەوە".
"عەلی چیچەک ئەستێرە سوورەکەمانە"
قەرەسوو لەبارەی لێکدانەوەى خەیرى دورموش لەسەر عەلی چیچەک وتی "لێکدانەوەیەکى لەسەر عەلی چیچەک هەبوو. دەیوت، ئەو ئەستێرە سوورەکەى ئێمەیە. ئەو قسەیە بەو مانایە دێت، کە عەلی چیچەک بەو تەمەنە گەنجییەوە و بەهۆى هەڵوێستەکانییەوە دەبێت ماناى تایبەب بە بەرخودێرییەکەى ببەخشرێت. کاتێک ئەو قسەیە کرد، عەلی چیچەک هێشتا لە ژیاندا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەى، کە هەڤاڵێکى ئەوەندە گەنج لە دەرەوەى حیزب بە چالاکییەکانی بەو رادەیە دڵسۆزی حیزبە. کاتێک دەستگیرکرا لە ژێر ئەشکەنجەکاندا هیچى نەدرکاند. بەشداریى هەموو بەرخۆدانەکانى کرد. کاتێک بەرخۆدانى ١٤ى تەمووز راگەیەندرا دەستبەجێ و بەخێرایى هەڵوێستى خۆى خستەڕوو و بە ورەوە بەشدارى بەرخۆدانەکە بوو. ئەوانە وایانکرد، کە خەیری دورموش بە عەلی چیچەک بڵێت "ئەستێرە سوورەکەى ئێمەیە".
"حەماسەتى شۆڕشگێڕیى کەمال پیر تا دوا ساتەکانى ژیانى بەردەوام بوو"
قەرەسوو لەبارەى کەمال پیرەوە وتى "کەمال هەموو کات پڕ بوو لە حەماسەت. جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕییەکەى تا دوا هەناسەکانى بەردەوام بوون. هەر چەندە لە مانگرتن تاوەکو کردن هەر چاوەکەى لە دەست دا و ئیتر نەیدەتوانى ببینێت، بەڵام ورەى بەرخۆدانیى هەنگاوێک دانەبەزی. سەرەتا هەوڵی دابوو تاوەکو ماوەیەک هەڤاڵان بەوە نەزانن، کە چاوى نابینێت. بۆ ئەوەى کار نەکاتە سەر هەڤاڵەکانی. بۆ ئەوەى کاریگەرییەکى خراپ لە بەرخۆدانەکە نەکات، بە هەڤاڵانى نەوت کە نابینێت. کاتێک دوژمن زانیى چاوى نابینێت و پێى دەڵێن، رێگا بدە چارەسەریت بۆ بکەین، بۆ ئەوەى چاوەکانت دووبارە ببیننەوە. توڕە بوو بوو و وتبووی، ئێوە ئێمە وەک خۆمان قبوڵ ناکەن، لەبەر ئەوەى ئێوە قبوڵمان ناکەن، قسەکانتان هیچ مانایەکى بۆ ئێمە نابێت. هەروەها وتبوی، ئێوە دەڵێن با چاوەکانى کەمال ساخ بن، بەڵام کەمال خۆى نەمێنێت. ئێوە دەڵێن با چاوەکانى کەمال ببینێت، بەڵام ورە و ئیرادەى نەمێنێت. ئێوە دەڵێن، با چاوەکانی کەمال هیچیان لێ نەیت، بەڵام با کەمال خۆی نەمێنێت، من کەمالێکى وام ناوێت. بەو شێوەیە هەڵوێستى خۆى خستبووە ڕوو".
"عاکیف یڵماز میلیتانبوونێکى نمونەیى خوڵقاند"
قەرەسوو دەربارەی عاکیف یڵمازەوە وتى "عاکیف یڵماز لە پاڵ مندا ژیانى لە دەست دا. پێش ئەوەى شەهید ببێت بۆ هەفتەیەک پێکەوە لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا پێکەوە بووین. کاتێک منیان برد بۆ نەخۆشخانەی سەربازی، بردمیان بۆ لاى عاکیف. تاوەکو ژیانى لە دەستدا ئێمە پێکەوە بووین. کاتێک ئەوان (بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا و زیندان و نەخۆشخانە) پێیان وت، دەستبەرداری بەرخۆدانەکەت بە، ئیتر دۆخەکە وەک پێشوو نابێت. دەستبەرداری ئەو بیروبڕوا و ئەو قسانە بن. بە روونی هەڵوێستى خۆى خستەڕوو و کاتێک بەرەو شەهیدبوون دەڕویشت بە ئەندازى نوکە دەرزییەک گومان و دوودڵیى تیادا دروست نەبوو. میلتانبوون و جەنگاوەرێکى نمونەیى بۆ حیزب سەلماند. دوژمن لە کەسایەتیى ئەو هاوڕێیەدا ئەوەى بۆ دەرکەوت، کە پەکەکە و جەنگاوەری پەکەکە چۆنن".