قەرەسوو: جگە لە بەرخودان رێگایەکى تر لە دژی عەقڵیەتى قڕکەر بوونی نییە

مستەفا قەرسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە ٧هەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی دا وتى "جگە لە بەرخودان رێگایەکى تر لە دژی عەقڵییەتى قڕکەر بوونی نییە".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) شیکاریى بۆ کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی و رووداوەکانى دواى ئەو کۆمەڵکوژییە کرد و وتى "باشە ئەردۆغان و ئاکەپە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن کە دوژمنى کوردن، دەبێت چیى تر بکەن؟". قەرەسوو بانگی تێکۆشانی لە کوردان کرد.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی-یەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، کۆمەڵکوژییەکە بە ئەنقەست و بە پلان ئەنجامدراوە و بەرپرسانى تورکیش دانیان بەوەدا ناوە.

 

راشیگەیاند "خۆیان دەڵێن، گوایە 'پەکەکەییان لە ناودا بووە!' یانى بۆ کوشتنى پەکەکەییەک رێگا بە خۆیان دەدەن ٣٤ منداڵ بکوژن، یانی دەتوانن ٣٤ هەزار کەسیش بکوژن. ئەوە دانانە بە تاوانەکەیاندا".

هەڵسوکەوتیان بەرامبەر بە کورد

قەرەسوور وتى "ئەوە نزیکایەتى و هەڵسوکەوتى دەوڵەتى تورکە بەرامبەر بە کورد و لە بەرخودانى خۆبەڕێوبەرەیى ساڵانى ٢٠١٥ – ٢٠١٦ شدا ژن و منداڵ و سەدان هاووڵاتیى مەدەنییان کوشت. کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکى ئەنجامی سیاسەتى شەڕانگێزانەى رژێمى ئەردۆغان بوو. ئەردۆغان و ئاکەپە لە کاتى ئەنجامدانى ئەو کۆمەڵکوژییەدا لەگەڵ فەتحوڵا گیولەن و گیولەنییەکاندا زۆر بە چڕی باسی پلانى پاکتاوکردن و سڕینەوەی 'مۆدێلی سریلانکا'یان دەکرد و دەیانخواست، ئەوەى لە سریلانکا روویداوە لە کوردستان لە دژی کورد و بۆ پاکتاوکردنى کورد ئەنجامى بدەن".

ئەردۆغان بۆ خۆی فەرمانى پێکردوون

قەرەسوو وتیشی "فەرمانی کۆمەڵکوژییەکە راستەوخۆ لەلایەن خودی ئەردۆغانەوە دەرکراوە. فەرماندەى بنکەیەکى سەربازی ناتوانێت بڕیاری کوشتنى ئەو هەموو مرۆڤەوە پێکەوە دەربکات. ئەردۆغان خۆی پیرۆزبایى لە بکوژەکان کرد. ئەگەر ئەو خۆی لە ناو تاوانەکەدا نەبوایە، ئەوا ئەوەندە بە رووی قایمی و ئاشکرا پشتیوانیى لە کوشتن و کۆمەڵکوژکردنی ئەو منداڵانە نەدەکرد".

قەرسوو ئەوەشی وت "ئەردۆغان بۆ ئەوەى بەهۆی تاوانە گەورەکانییەوە لێپرسینەوەى لەگەڵ نەکرێت و لەسەر دەسەڵاتیش بمێنیتەوە کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی، کۆمەڵکوژییەکانى کاتى بەرخودانى خۆبەڕێوەبەریی ئەنجامدا و پەیوەندیى لەگەڵ داعش دروستکرد و هاوبەشیى لەو تاوانانەشدا کرد".

تۆڵە لە فەرهاد ئەنجو دەکەنەوە و سزاى دەدەن

قەرەسوو سەرنجی خستە سەر ئەو پێشێلکاری و بێمافییانەى لە دواى کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی روویاندا و لەبارەى زیندانیکردنى فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەى خەڵکی رۆبۆسکی وتى "هۆکارى سەرەکیى زیندانیکردنى ئەنجو ئەوەیە، کە لە دژی کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی هەڵوێستى وەرگرت و لە هەموو شوێنێکیدا ئەنجامدەرانى کۆمەڵکوژییەکەى ئیدانە و ریسوا دەکرد و ئەوەى سەلماند، کە ئەردۆغان تاوانباری ئەو کۆمەڵکوژییە".

باشە دەبێت ئەردۆغان چیى تر بکات بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە دوژمنی کوردانە؟

قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد "دەبێت ئیتر هەڵوێستێکى روون و راشکاوانە لە دژی دەسەڵاتى ئاکەپە بخرێتەڕوو. بۆ ئەوەى ئەردۆغان و  ئاکەپە بیسەلمێنن، کە دوژمنى کوردن دەبێت چیى تر بکەن؟ ئەگەر دواى ئەو هەموو کۆمەڵکوژییە هەندێک کورد دەنگ بە ئاکەپە بدەن و بەشداری لە کارەکانى ئاکەپەدا بکەن، ئەوە خیانەتکردن لە ناسنامە و شوناس و گەلەکەى خۆی".

کورد ناچارە بەرخودان و خۆڕاگری بکات

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد "هەڕەشەکان بۆ داگیرکردنى رۆژئاوا، هێرشەکانى سەر مەخمور و شەنگال و ئەو عەقڵیەتەى کۆمەڵکوژییەکى رۆبۆسکیى ئەنجامدا، یەک عەقڵیەتن. دەبێت گەل، ژنان و گەنجانی کورد راستیى ئەردۆغان، راستیى پاکتاوکارانە و قەڕکەرانەیان و دوژمنایەتییان بەرامبەر کورد ببینن و بەو بڕوایەوە تێبکۆشن. ئەگەر کورد نایەوێت پاکتاو بکرێت و بسڕدرێتەوە تەنها یەک رێگاى لە بەردەمدایە، ئەویش بەرخودانە. جگە لە بەرخودان هیچ دەرفەتێکى تر نییە بۆ ئەوەى بوونی خۆی بپارێزێت".

کورد مافدارە، بەهێزبوون لە مافداربووندایە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "کورد بەهێزە. بەراوردی هێز بە ژمارەى سەربازان، تەکنەلۆژیا و پارە ناکرێت. لە پێش هەموو شتێکەوە هێز مافداربوونە، رەوایى بوونە، لەسەر بنەما و نرخە موراڵییەکان. دوژمن بەهێز نییە. ئەگەر تێکۆشان ئەنجام بدرێت، تەمەنى دوژمن کورت دەبێت. لەبەر ئەوەش هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە گوشار دەکات. ئەو گوشارانە بەهۆی لاوازى و تەنگاویى دوژمنەوەیە. دەبێت هێزە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد ئەو راستییە ببینن. رۆژ رۆژی تێکۆشانە".

ر.م