قەرەسوو: دەوڵەتى تورک زۆر لە داعش مەترسیدارترە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک زۆر زیاتر لە داعش مەترسیدارترە. راشیگەیاند، تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە تێکۆشانە بۆ ئازادیى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتاری ئەم هەفتەیەدا لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکاریى بۆ سیاسەت و ئامانجەکانى پاکتاوکردن و سڕینەوەى دەوڵەتى تورک لە دژی گەلی کورد و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد.

قەرەسوو رایگەیاند، تێکۆشانی گەلی کورد لە دژی دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە وەک تێکۆشان لە دژی داعش وەرسوڕاوە بۆ تێکۆشانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى. راشیگەیاند "دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە لە کەسایەتیى کورد دا هێرش دەکاتە سەر هێزە دیموکراتیک و بەهاکانى مرۆڤایەتى، چونکە بوونی بەهاکانى دیموکراسی و مرۆڤایەتى بە مەرگی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هێرشەکانى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە دژی تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد لە زۆر رەهەندەوە شیکارییان بۆ بکرێت".

 دەوڵەتى تورک دەوڵەتێکى قڕکەری پاکتاوکارە

قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، تورکیا ئێستا بووەتە پاسەوان و ئەکداری پاشکەوتوویى، سیستمى ملهوڕی و دەسپۆتیزم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. لەبەر ئەوەش تاکە ئامانج و ستراتیژ و سیاسەتەکانى خۆی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى کورد و لە دژی بەها مرۆڤایەتییەکانى و دیموکراسی تەرخان کردووە.

مستەفا قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد، تورکیا سیاسەتێک بەڕێوەدەبات کە لە دونیادا بەمانای تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى دەناسرێت. راشیگەیاند "دەوڵەتێکى قڕکەری پاکتاوکارە. لەبەر ئەوەى ناتوانێت ئەوە بەشێوەیەکى ئاشکرا ئەنجام بدات، هەوڵ دەدات بە گرتنەبەری شێوازەکانى درۆ، فریودان و هەڵخەڵتاندان دونیا لە خشتە ببات، بەڵام راستییەکان پێچەوانەى ئەو سیاسەتەى دەوڵەتى تورک -یان سەلماندووە. مرۆڤ دەتوانێت بۆ تورکیا بڵێت، وڵاتێکە کە راستیى تیادا پێچەوانە کراوەتەوە".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە بەردەوامیى وتارەکەیدا نووسیویەتى "تورکیا دەوڵەتى شەڕی تایبەتە. لە ناوەوە کۆمەڵگەکەى خۆی و لە دەرەوەش گەلانى دونیا و وڵاتان هەڵدەخەڵەتێنێت. هەموو شتێک بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد و کۆمەڵگەکانى تر ئەنجام دەدات. ئەوانەى ئەو سیاسەتە قبوڵ ناکەن و پشتیوانیى لێناکەن وەک دوژمنی تورکیا سەیر دەکرێن. بۆیە ئەوە بەسەر هەموو کەسێکدا دەسەپێنێت، کە دەبێت سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد بە ئاسایى و رەوا بزانێت".

دەوڵەتى تورک، کورد بە هۆکاری نەمانى خۆی دەزانێت

قەرەسوو ئاماژەى بەوەکردووە، لە تورکیا هەموو ئەو کەسانەى کە کوردبوونی خۆیان قبوڵ کردووە و دەیانەوێت بە کوردەواریانە بژین، وەک دوژمن دەناسێنرێن. راشیگەیاند "وەک دوژمنى تورکان و کۆمەڵگەیەک سەیر دەکرێن، کە کۆتایى بە تورکان دەهێنێت. لەبەر ئەو عەقڵییەتەش، کاتێک تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد و کورد لە شوێنێکدا دەستکەوتێک بەدەست دەهێنێت، ئەوە بە کێشە بۆ دوارۆژی خۆی دەناسێت و دەزانێت. بۆیە سیستمى دیموکراتیکی باکووری سوریا بە کێشەى دواڕۆژی تورکیا دەزانێت".

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد، تورکیا بە زۆرداری و ملهوڕیى لە دژی ٢٠ ملیۆن کورد لە باکوور تێر نابێت و وتی "نایەوێت کورد لە دەرەوەى تورکیاش ئازاد ببن. بۆ ئەو ئامانجەشی لەگەڵ هێزە جۆراوجۆرەکان هاوپەیمانى لە دژی کورد دروست دەکات. نەک تەنها کورد، ئیتر هەموو کەس ئێستا لەو سیاسەتەى دەوڵەتى تورک تێگەیشتووە".

وتەى 'کورد بە دەستى تورکەکان دەکوژرێن'، کە لەلایەن بەرپرسێکى ئەمریکییەوە وترا، بۆچوونى هەموو جیهانییانە

قەرەسوو سەرنجی خستەسەر لێدوانى بەرپرسێکى ئەمریکا، کە باسی لە کوشتنى کورد لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کردبوو و وتى "لە راستیدا ئەو بەرپرسە بە ناچار ترس و نیگەرانیى گەلانى جیهان و گەلی ئەمریکاى خستەڕوو، چونکە هەموو دونیا دەزانێت کورد لە تێکۆشانی دژ بە داعش دا دەیان هەزار شەهیدى داوە. کاتێک دەوڵەتی تورک لەو بوارەدا دەستى بە دژومنایەتى کرد و وتى 'من ئەوێ داگیر دەکەم' هێزە دیموکراتیک و میدیا جیهانییەکان ئەوەیان وەک خواستی کوشتنى کوردان لێکدایەوە. ئیتر ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ناچار بوو لێدوانێکى لەو شێوەیە بدات. ئەوە تەنها وتەى بەرپرسێکى ئەمریکا نییە، بەڵکو هەموو جیهانیان دۆخەکە بەو شێوەیە دەبین. ترس کەوتووەتە دڵی تورکیا، کە ئەو تێگەیشتنە لە عەقڵییەت و سیاسەتی تاوانکارانەى بۆ هەموان ئاشکرا ببێت، بۆیە تاوەکو لە دەستى دێت دەیەوێت ئەو تێگەیشتن و بڕوایە لەبارەى عەقڵییەت و سیاسەتە تاوانکارانەکەیەوە بگۆڕێت".

دەوڵەتى تورک زۆر لە داعش مەترسیدارترە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وتى "دەوڵەتى تورک ئێستا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى زۆر لە داعش مەترسیدارترە. دواى ئەوەى داعش سەروژێر بوو و تێکشکا، سیستمى دەوڵەتى تورکی قڕکەر بە دەسەڵات و هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە راستەوخۆی دەستیان بە هێرش و جموجوڵ کرد. چونکە ئەگەر لە سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رێگری لە جێبەجێکردنى بۆچوونەکانى رێبەر ئاپۆ نەکات، ئەوا ناتوانێت سیستمە قڕکەری خۆی لەسەر پێ رابگرێت. گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دیموکراسی و ئازادییان دەوێت. سیستمى رێبەر ئاپۆ لەسەر بنەماى نەتەوەى دیموکراتیک بە ئازادی و چارەسەریى کێشەکان دەزانن. لەبەر ئەوەش ئەو سیستمە دیموکراتیکە، کە لە رۆژئاوا و باکووری سوریا بونیاتنراوە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گۆڕیوە بۆ بەهەشتى دیموکراسی و سەرنجەکانى بۆ خۆی راکێشاوە. تورکیا بوونی سیستمى دیموکراتیکی باکووری سوریا و بە دیموکراسیکردنى سوریا بە دژی خۆی و بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت. ئەو مۆدێلە دیموکراتیکە نەک تەنها دەبێتە هۆی رەخساندنی بواری بە دیموکراسیکردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵکو هاوکات تورکیا ناچار دەکات، کە بکەوێتە سەر هێڵی نەتەوەى دیموکراتیک و بە دیموکراسیکردن. لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دوژمنایەتیى دیموکراسی دەکات. دوژمنایەتی بەرامبەر بە دیموکراسی و دوژمنایەتى بەرامبەر بەکورد دەکات".

تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە تێکۆشانە بۆ ئازادیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، سیاسەتى ئەم ساڵانەى دوایى لە تورکیا ئەوەى سەلماندووە تاوەکو سیستمى سیاسیى نا دیموکراتیکى تورکیا لەناو نەبرێت، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دیموکراسی بەدی نایەت.

قەرەسوو ئەوەشی وت "لە کوێ دیموکراسی بەدی بێت، تورکیا دەبێتە دوژمنى ئەو شوێنە. لەبەر ئەوەش تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە تێکۆشانە بۆ ئازادیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست".

قەرەسوو ئەوەى خستەڕوو، تورکیا لە کەسایەتیى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا خۆڕاگرییەکى پاشکەوتوانە بەرێوەدەبات و لەوبارەیەوە وتى "عەقڵییەت و سیاسەتى دەوڵەتى تورک لە هی داعش زۆر مەترسیدارترە. تورکیا دەیەوێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دۆخێک دروست بکات، کە گەلان نەتوانن هەناسەى تیادا بدەن و سیستمى دەسەڵاتى ئۆتۆریتەر و ملهوڕانەى تیادا باڵادەست بکات. دەیەوێت سیاسەت و مۆدێلی ئێستا، کە لە ناوخۆی تورکیادا بەڕێوەى دەبات بە سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوى بکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان لە ناو تورکیا رێگا بەوە نادەن، هێزە دیموکراتیکەکانیش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە دژی ئەو دەسەڵاتە خۆڕاگری دەکەن. لەبەر ئەوەش بەرخودانی تورکیا و باکووری کوردستان و بەرخودانى باکووری سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێکۆشانی هاوبەشن. کورد لە ریزی پێشەوەى ئەو تێکۆشاندایە، بەڵام تێکۆشانی هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. راستیى میژوویى و دۆخی سیاسیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رۆڵێکى مێژوویى لەو شێوەیە بە کورد داوە. بێگومان کورد بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشێت. ئەوە رێگا و چوارچێوەى ئایدۆلۆژی و سیاسەتیەتی، بەڵام ئەو تێکۆشانە، کە کورد بۆ ئازادیى رۆژهەلاتى ناوەڕاست ئەنجامى دەدات بۆ کورد تەنها بژارەیەک و لە هەمان کاتدا ناچارییە. کورد ناتوانێت لەوە بگەڕێتەوە".

قەرەسوو ئەوەشی راگەیاند، بەرخودانى گەریلا، بەرخودانى لەیلا گیوڤەن و هەموو زیندانیان، بەرخودانى گەلی کورد لە هەموو شوێنەکاندا تەنها بۆ کورد و تورکیا نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا تێکۆشانە بۆ ئازادی و بە دیموکراسیکردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

قەرەسوو راشیگەیاند "لەبەر ئەوەشە کورد و هێزە دیموکراسییەکان و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێکۆشانێکى پیرۆز بۆ مرۆڤایەتى بەڕێوەدەبەن".

ر.م