قەرەسوو: کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش راهێنانی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بوو

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەی کۆمەڵکوژیى مەرەش لە ١٩ بۆ ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨دا بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، کۆمەڵکوژیى مەرەش راهێنانى فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بوو بۆ بە تورککردنی رۆژئاواى فورات.

قەرەسووی یادی قوربانیانیى کۆمەڵکوژییەکەى مەرەشی بە رێز و بەرزی راگرت و باسی لە هەلومەرجی کاتى ئەنجامدانى کۆمەڵکوژییەکەی کرد.

 

قەرەسوو وتى "ساڵی ١٩٧٨ بە هۆی دەسەڵاتى فاشیستییەوە قەیرانى سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیری تورکیای تەنیبووە. لەو دۆخەدا تێکۆشانی گەلان، رەنجدەران، ژنان وگەنجان لە دژی دەسەڵاتى فاشیستی گەشەى کرد. کۆمەڵکوژیى مەرەش لەو بارودۆخەدا روویدا. دواتر ئەوەندەى بۆ ئێمە روون بوویەوە، کۆمەڵکوژیى مەرەش راهێنانى فاشیزم بوو بۆ کودەتای ١٢ی ئەیلول، یانی بۆ ئەوەى رێگا بۆ کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ خۆش بکەن، کۆمەڵکوژیى مەرەشیان ئەنجامدا".

پلانێک بوو بۆ بە تورککردنى رۆژئاواى فورات

قەرەسوور وتیشی، دەسەڵاتدارانى فاشیست بە بەردەوامى کاریان بۆ نانەوەی شەڕ و ئاڵۆزی کردووە و خواستیان کودەتا و دەسەڵاتە فاشیستییەکەیان رەوا نیشان بدەن. کۆمەڵکوژیى مەرەشیان بە پلان و بەرنامە بۆ ئەو ئامانجە ئەنجامدا.

قەرەسوو رایگەیاند "لە کاتى دامەزراندنى تورکیاوە، بۆ سڕینەوە و توانەوەى کورد لە رۆژئاواى فورات و بە تورککردنى ئەو هەرێمە پلانێکى بەرفراوان و هەمە لایەنە ئامادە کرابوو. کاتێک مرۆڤ لە کۆمەڵکوژیى مەرەش ورد دەبێتەوە، ئەوە بە روونی دەردەکەوێت ئەو کۆمەڵکوژییە هەنگاوێک بووە لە چوارچێوەى پلانى 'ئیسڵاحاتی شەرق' چاکسازیى رۆژهەڵاتدا ئەنجامدراوە".

لە رۆژئاواى فورات دا سەنتەزی تورک – ئیسلام سەپێنرا

قەرەسوو ئاماژەى بەوەکرد "دواى کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش، لە شارى کوردە عەلەوییەکاندا لە مەرەش، مەلەتی، سەمسوور، سێواس، ئەرزینجان و دێرسیم دا رێژە و ژمارەى کوردان کەمکرایەوە. عەلوییەکان بەرەو گەورە شارەکانى تورکیا و وڵاتانى ئەوروپا کۆچیان پێکرا و بەو شێوەیە رۆژئاواى فورات لە کورد و عەلەوی چۆڵکرا".

قەرەسوو ئەوەشى وت "رۆژئاواى فوراتیان کردە جوگرافیایەک کە سەنتەزی تورک – ئیسلام-یان تیادا سەپاند".

کۆمەڵکوژییەکە ماوەیەکى کەم لە دواى دامەزراندنى پەکەکە ئەنجامدرا

قەرەسوو وتیشى "کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش بە ماوەیەکى کەم لە دوای دامەزراندنى پەکەکەوە ئەنجامدرا. ساڵی ١٩٧٨ بزووتنەوەى ئاپۆیى لە دیلۆک، رحا، مەرەش زۆر بە خێرایى گەشەى کرد. هاوکات لە دێرسیم، ئامەد، ئێلح، مێردین، سەرحەد و هەموو ناوچەکانى تری کوردستان بزووتنەوەى ئاپۆیى لە گەشەی بەرچاودا بوو. کۆمەڵکوژیى مەرەش هەم وەڵامێک بوو لە دژی هەموو بزووتنەوە دیموکراتیک و شۆڕشگێرەکانى تورکیا و هەمیش وەڵامێک بوو لە دژی پێشکەوتنەکانى بزووتنەوەى ئاپۆیى لە سەرتاسەری کوردستاندا".

دەبێت عەلەوییەکان بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان

قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو "ئەرک و بەرپرسیاریى عەلەوییەکان، هێزە دیموکراتیکەکان و بزووتنەوەى کورد ئەوەیە، کە دەرەنجام و ئامانجەکانى ئەو کۆمەڵکوژییە پێچەوانە بکەنەوە. ئامانجیان لەو کۆمەڵکوژییە هەرچییەک بوو بێت، دەبێت ئێمە لە رێگەى تێکۆشانی خۆمانەوە ئامانجەکان و دەرەنجامەکانى ئەو کۆمەڵکوژییە بگۆڕین. بۆ ئەوەش دەبێت کوردانى عەلەوی، تورکانی عەلەوی، کە لەسەر شوێن و زێدی خۆیان دەرکراون بگەڕێنرێنەوە سەر خاکی خۆیان و رۆشنبیری و کولتوری خۆیان سەرلەنوێ زیندوو بکەنەوە".

قەرەسوو ئەوەشى وت "هیچ گروپێکى ئیتنیکی و رۆشنبیری ناتوانن لە هیچ شوێنێکى تردا درێژە بە بوون و مانەوەى خۆیان بدەن، جگە لە شوێن و زێدی خۆیان نەبێت. لەبەر ئەوەش تاوەکو نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتى خۆیان ناتوانن عەلەوى بوونیان بپارێزن".

بەبێ تێکۆشانی دیموکراسی، عەقڵیەتى تاکپارێزی ناگۆڕدرێت

قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد "بۆ گەڕانەوە دەبێت تورکیا بە دیموکراسی بکرێت. لە تورکیایەکى خاوەنی عەقڵیەتى تاکپارێز (تاکە نەتەوە، تاکە ئایین، تاکە ئاڵا، تاکە زمان، تاکە دەوڵەت و تاکە پیاو) نە عەلەوییەکان، نە کورد و نە پێکهاتە جیاوازەکانى تر ناتوانن بوونی خۆیان بپارێزن. تاوەکو تورکیا بە دیموکراتیک نەکرێت، ئەو عەقڵییەتە تاکپارێزە، عەقڵییەتى سەنتەزی تورک – ئیسلام بەردوامیى دەبێت. تاوەکو تێکۆشان بۆ دیموکراسی ئەنجام نەدرێت، ئەستەمە عەلەوییەکان بتوانن بە ناسنامە و کولتور و رۆشنبیریى خۆیان بە شێوەیەکى ئازادانە بژین".

قەرەسوو داواى لە عەلەوییەکان کرد، کە زیاتر بەشداری لە ریزەکانى تێکۆشانی دیموکراسیدا بکەن، چونکە کاتێک تێکۆشان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە گەشە بکات، ئەوا لەو کاتەدا بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتى فاشیستى تێکدەشکێت.

ر.م