قەرەیلان: سەرکەوتنى هەدەپە کلیلی تێکشکاندنی فاشیزمە – بەشی یەکەم

موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئەمڕۆ داگیرکەری تورکیا و رژێمى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپە هەموو شتێکی خۆیان بەپێى دژایەتیکردنی تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد رێکخستووە. دەیانەوێت شەڕ قوڵ بکەنەوە و ئەوەش ناشارنەوە و لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیشدا بە ئاشکرای باسى دەکەن.

موردا قەرەیلانى ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى هەڵمەتى ١ى حوەزیران و هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران لە تورکیا و باکوورى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆى دەنگى وڵات دا وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە و لە لێکدانەوەکانیدا سەرنجى خستە زۆر بابەتى سەرنجڕاکێش.

هەڵمەتى ١ى حوەزیران بۆ بزووتنەوەکەتان چ مانایەکى هەیە؟

 هەڵمەتى ١ى حوزەیران لە مێژووى تێکۆشانی ئازادیى کوردستاندا هەڵمەتێکى زۆر گرنگە. ماوەی ١٤ ساڵە ئێمە لەسەر بنەمای هەڵمەتى ١ى حوزەیران تێکۆشان بەڕێوەدەبەین، بۆیە پێش هەموو شتێک لە ١٤هەمین ساڵیادى هەڵمەتى ١ی حوزەیراندا، ئەو هەڵمەتە لە رێبەر ئاپۆ، هەڤاڵان، خەباتکاران و گەلی کورد و دۆستەکانى پیرۆز دەکەم. ١٤ ساڵ بە تێکۆشانێکى گەورە تێپەڕی و بە خوێنى شەهیدان ئاودرا. من هەموو شەهیدانی ئەم هەڵمەتە لە کەسایەتیى هاوڕێیانى نەمر، ئەردال، عادل و دەلال بە یاد دەهێنمەوە و ئەو سۆزەى بەوانمان داوە، دووبارەى دەکەینەوە.

دووەمین قۆناغی ١٥ى ئاب

لە تێکۆشانەکەماندا هەڵمەتى ١ی حوزەیران وەک ١٥ى ئاب، خاوەن پێگەیەکى مێژووییە. دەزانرێت، کە هەڵمەتى ١٥ی ئاب رێگەى لە کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى گەلی کورد گرت. چونکە داگیرکەر دەیویست کێشەى کورد و گەلی کورد وەک شتێک نیشان بدات، کە بوونى نییە. تێکۆشانی ١٥ى ئاب کێشەىی کوردی کردە بابەتى رۆژانەی گەلی کورد و جیهان و راستیى بوونی ئەو کێشەیە ئاشکراکرد. دواى ١٥ى ئاب رێبەر ئاپۆ دەستیکرد بە هەوڵە سیاسی و ئاشتیخوازانەکانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد. لە ساڵی ١٩٩٣دا تاوەکو ٢٠٠٤ خەباتێکى زۆر بەڕێوەبرا و ئاگربەست راگەیەندرا. تەنانەت دوای پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى شەڕ راوەستێندرا.  تاوەکو ٥ ساڵ هیچ چالاکییەکى سەربازى ئەنجام نەدرا. ئەوانە هەمووی بۆ ئەوە بوون، کە بناغەیەکى پتەو و بەهێز بۆ چارەسەرى سیاسی دروست بکرێت، بەڵام سەربای ئەو هەوڵە ئاشتیخوازانەیە، لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە هیچ هەنگاوێک نەنرا. نەک هیچ هەنگاوێک نەنرا، بەڵکو دەیانویست ئەو هەوڵانەش کە رێبەر ئاپۆ پێشیان دەخات، بکەنە دەرفەتێک بۆ پاکتاوکردنى بزووتنەوەکەمان. ئاشکرا بوو، کە داگیرکەری تورکیا هیچ مەبەستێکى نییە بۆ قبوڵکردنى کورد و بوونی کورد قبوڵ ناکات تاوەکو ئاشتیى لەگەڵدا ئەنجام بدات.

بە تایبەتى کاتێک ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢دا هاتەسەر دەسەڵات هەوڵیدا سیاسەتى پاکتاوکارانە و سڕینەوەى گەلی کورد بە رێگە و شێوازى شاراوە زیاتر بەڕێوەببات. دەیویست بە دوڕوویى ئەو سیاسەتە بەڕێوەببات و کۆمەڵگەى کورد بێ ئیرادە بکات. لەبەر ئەوە هەڵمەتێکى نوێی ١٥ى ئاب، بوو بە پێویستییەکى مێژوویى. خواستیشیان لە چوارچێوەى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیدا لە ناو ئێمەدا لە رێگەى هەندێک چەتەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام بدەن. ئێمە هەوڵمان دەدا کێشەکە بە رێگەى ئاشتییانە چارەسەر بکەین. ئەوانیش هەوڵیان دەدا ئێمە لەناو ببەن.

دەوترێت بزووتنەوەى ئازادیى گەلی کورد لە دژى داگیرکەران لە دەرەوە و لە ناوخۆ هەڵمەتى ١ى حوزەیرانى هینایە پێشەوە، ئێوە چۆن دەتوانن ئەوەمان بۆ روون بکەنەوە؟

وا نییە. بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان هەڵمەتى ١ى حوزەیرانی بۆ ئەوە دەستپێکرد، کە سیاسەتى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى پووچ بکاتەوە و کۆتایى بە سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوە بهێنرێت و گەلی کورد رزگار بێت. هەر چۆن ١٥ى ئاب بوونى کێشەى کوردی ئاشکرا کرد و رێگەى لە کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى گەلی کورد گرت، هەڵمەتى ١ى حوزەیرانیش بۆ دامەزراندنی کوردستانێکى ئازاد و تورکیایەکى دیموکراتیک دەستیپێکرد. یانی هەڵمەتەکە لە بەرامبەر گروپێکى تەسفیەکاردا رێکنەخرا. هەڵمەتى ١ی حوزەیران دەبوایە لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەستپێبکردایە، بەڵام گروپە تەسفیەکارەکە بە هێنانەوەى هەندێک پاساو، هەڵمەتەکەیان دواخست. لەوەشدا ئێمە کەموکوڕیمان هەیە. لە کاتى کۆنگرەى دووەمدا بڕیاری هەڵمەتى ١ى حوزەیران گفتوگۆى لەسەر کرا، بەڵام ئەو گروپە تەسفیەکارە لە دژی بڕیارى هەڵمەتەکە بوون و لە کۆنگرە چوونە دەرەوە. لەو کاتەدا دیار نەبوو ئەو گروپە چی دەکەن، لەبەر ئەوە هەڵمەتەکە لە دژى پاکتاوکارانی ناوخۆ نەبوو، بەڵام ئەو هەڵمەتە لە ناوخۆشدا یەکلایى بوونەوەی دروستکرد.

هەڵمەتى ١ى حوەزیران یەکلایى بوونەوەى پێشخست

هەڵمەتى ١ى حوزەیران هەم لە ناوخۆ یەکلایى بوونەوەى پێشخست و هەم لە بەرامبەر دوژمندا شەڕێکى بەهێزى پێشخست. کاتێک من دەڵێم شەڕ، شەڕ تەنها لە رێگەى چەکەوە پێش نەکەوت، بەڵکو شەڕ لە ستراتیژیاى نوێدا لەسەر پارادیگمای رێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشانی نوێ پێشخرا. ستراتیژیاى پاراستنى رەوا ٢ کۆڵەکەى هەیە. یەکەم کۆڵەکەیان گەریلایە و دووەم کۆڵەکەشی ڕاپەڕینە. هەڵمەتى ١ى حوزەیران قۆناغێکى نوێی لەوجۆرەى پێشخست. لەلایەک جوڵەى گەل گەشتر و بەهێزتر بوو و گەریلاش وەک هێزى پاراستنى چالاک، بۆ ئەوەى بنبەستی سیاسەتى دوژمن تێپەڕێنێت و پاراستن پێش بخات، چالاکیى کردە بەشێک لە کارەکانى خۆیەوە. یانى ئامانجەکە خۆ گەورەترکردن و خۆ بەرفراوانترکردنە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوەوەش یەکلایى بوونەوەى لێکەوتەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵمەتەکە بۆ کۆتایهاتن بە پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى و پووچەڵکردنەوەى تەواوەتیى ئەو پیلانگێڕییە و بۆ ئەوە بوو کوردستان ئازاد بێت و لەو چوارچێوەیەشدا بناغەى هەڵمەتەکە داڕێژرا. تاوەکو ئێستا ١٤ ساڵە ئەو هەڵمەتە بەردەوامە. لە ئەنجامى ئەو ١٤ ساڵەدا، ئێمە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە بەر دەرگاى چارەسەری.

تێکۆشانی ئێمە ئەمڕۆ گەیشتووەتە قۆناغێکى زۆر گرنگ و ئەو ١٤ ساڵەش هۆکارى گەیشتنە بەم قۆناغە. لەو ١٤ ساڵەدا ڕەنج و برەودانێکى گەورە خراوەتەڕوو. پێش هەموو شتێک هەڵوێستى رێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی، کە لە دژى گۆشەگیری و شەڕی دەروونی، ئیرادەى مرۆڤێکى ئازادى خستەڕوو و بەو ئیرادەیە بەرەنگاری گۆشەگیرى و شەڕی دەروونى بوویەوە. لەلایەکى ترەوە گەلەکەمان لە شەقامەکانى کوردستان و مەترۆپۆلەکاندا چیرۆکى بەرخۆدانییان نوسی و گەلەک شەهیدیان دا. گەلی کورد سیاسەتى خۆى بونیاتنا و بەهێزتری کرد. سیاسەتى کوردیش بەرەنگاریى کرد و خۆى نەدا بەدەستەوە. زوڵمى لێکرا، بەڵام سەربارى ئەوەش کەس هەنگاوێکى بۆ دواوەوە هەڵنەگرت، بەڵام ئەوانەى رۆڵى سەرەکییان گێڕا، گەریلاکانى ئازادیى کوردستانن. ئەوانیش قۆناغ بە قۆناغ ئەو  تێکۆشانەیان تاوەکو رۆژى ئەمڕۆ هێناوە.

پێشەنگەکانى ١ى حوزەیران رۆح و ورەیەکیان دروستکرد، شیکردنەوەیى ئێوە بۆ ئەو رۆح و ورەیە چۆنە؟

لە ناوەرۆکى حیزبەکەى ئێمەدا، هەر لە یەکەم رۆژەوە، رۆحێکى فیدایانە هەبوو. لە زیندانى ئامەد، رۆحی مەزڵوم دۆغان، فەرهاد کورتای و هەر سێ هەڤاڵەکەى، جارێکیتریش لە ١٤ى تەموزدا رۆحی فیدایى بە بەرخۆدان خۆى کردە پێشڕەو. لە گۆڕەپانى شەڕیشدا، لە هەڵمەتى ١٥ى ئابەوە چەندین شەڕی فیداییانە ئەنجامدران.  لە ساڵی ١٩٩٦دا هەڤاڵ زیلان (زەینەب کناجی) بە چلاکییەکەى لە دێرسیمدا، ئەو رۆحە فیداییەى تێکۆشانەکەمانى کردە رێبازێک. لە هەناو و گەوهەری بزووتنەوەى ئاپۆیدا، رۆحێکى فیدایى بوونى هەیە. دواى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى لە ناو بزووتنەوەکەماندا یەکەى نەمران دامەزرا. لە گۆڕەپانى تێکۆشاندا هەر گەنجێک و باپیرە و داپیرەى کورد فیداکاری و فیدایى بوونیان پێشخست. خەڵکى ئێمە ترسیان کوشت و ئازایەتییان لە خۆیاندا بونیاتنا. لە شەڕی دژ بە داعشدا ئەوە زۆر بە ڕوونى دەرکەوت. هیچ هێزێک نەیتوانى لە بەرامبەر هێرشە وەحشیانەکانى داعشدا خۆى ڕابگرێت، بەڵام بزووتنەوەکەى ئێمە ڕاوەستا و داعشى تێکشکاند. لە بزووتنەوەى ئاپۆیدا رۆحی فیدایى و نەترسی زۆر بەرز و باڵایە. ئەوەش لە هەڵمەتى ١ى حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا خۆى بە درەوشاوەیى نیشان دەدات.

بنەمای هەڵمەتی ١ى حوزەیران فیدایى بوونە

مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، لە هەڵمەتى ١ى حوزەیراندا فیدایى بوون، بنەمایە. پێش هەڵمەتى ١ى حوزەیران و کاتێک ئێمە لەوە تێگەیشتن، حکومەتى ئاکەپە نییەتی چارەسەرکردنى کێشەى کوردى نییە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا پۆل پۆل گەریلامان رەوانەى باکوورى کوردستان کردەوە. لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە دەشتى بەشیر دەستەیەک لە هەڤاڵان و دوژمن بەرەو رووی یەکتر بوونەوە. دەشتاییەکى گەورە و تەخت بوو، دەرفەتى شەڕکردن لەو دەشتەدا زۆر کەمە، بەڵام بە پێشەنگایەتیى هەڤاڵی شەهید، ماهیر دەرسیم و ٧ هەڤاڵی لە پێناو شکۆ و کەرامەتى شۆڕشگێڕییاندا شەڕێکى قارەمانانەیان کرد و شەهید بوون. جارێکیتر و هەر لەو ساڵەدا و لە مانگى تشرینى دووەمدا هەڤاڵ شەڤگەر ماردین لەگەڵ ١٤ هەڤاڵیدا لە چەولیگ و لە بارودۆخى سەختى زستاندا، دوژمن چووە سەریان و ئەو هەڤاڵانەش بۆ شکۆ و کەرامەتى شۆڕشگێڕییان شەڕیان کرد و بە قارەمانى شەهیدبوون. پێش هەڵمەتى ١ى حوزەیران ئەو بەرخۆدانانە بوونە تۆو و گەرای هەڵمەتەکە. پێش ١ى حوزەیرانیش گەریلا بە رۆحی فیدایى خۆى بەڕێوەبردووە. لەوەشدا رەنجى ئەرداڵەکان، عادلەکان، نوداکان زۆر زۆرە. بە دواى ئەوانیشدا رەنجی شەهیدانى وەک رەشید سەردارەکان، حوسەینەکان، کەمالەکان، سمکۆکان هەیە. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت سەدان و هەزاران شەهید ناو ببات. زۆربەیان لە گۆڕەپانى شەڕدا و لە پێناو شکۆ و کەرامەتى خۆیاندا سەریان بۆ دوژمن دانەنەواند و شەڕیان کرد و بەو شێوەیە بەرەو شەهادەت رۆیشتن. لە پاڵ ئەو رۆحە فیداییەدا لە کەسایەتیى ئێرش و ئاندۆکدا، لە کەسایەتیى زنار و دۆغانەکاندا رۆحی فیدایى ئەوەندەى تر گەشایەوە.

بە کورتی مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، رۆحی هەڵمەتى ١ى حوزەیران تاوەکو رۆژى ئەمڕۆ بەردەوامە. قۆناغێکى ئاسایى و باو نییە، بە رۆحێکى فیدایى و ڕەنجێکى فیداکارانە گەیشتووەتە ئەمڕۆ. هەڤاڵان ئێستا لەسەر ئەو هێڵە تێکۆشان بەڕێوەدەبەن و بە هەمان رۆح و بە هەمان نزیکایەتییەوە تێکۆشان بەڕێوەدەبەن.

سبەی بەشی دووەم و کۆتایى ئەم چاوپێکەوتنە بڵاودەکرێتەوە

ر.م