موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و وڵامی پرسەکانی ڕۆژنامەنووس ئارژین فەراتی دایەوە.
قەڕەیلان لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەدا کە دوێنێ بڵاومان کردەوە ڕایگەیاندبوو، دەسەڵاتی تورکیا لە ڕێگای هاوسەنگیەکانەوە هەوڵ دەدات لە سەر پێ بمێنێتەوە، بە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی دەیەوێت لە هەرێمەکە سەردەست بێت و وتی، "ئەگەر شەڕ نەکات، یان کێشەکان چارەسەر بکرێن، ناتوانێت لەسەر دەسەڵات بمێنێت."
لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەدا قەڕەیلان باس لە دەرفەتەکانی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و دروستکردنی ستاتۆیەک دەکات و دەڵێت، دەرفەتی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیمان هەیە، دەتوانین جێگایەک بۆ نەتەوەکان بکەینەوە.
'گەلی کورد کاتی لەبەردەست نەماوە کە بە فیڕۆیبدات'
قەڕەیلان ڕایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا دۆخێکی ڕون و ئاشکرا نییە، بەڵام هەموو لایەنەکان بە ئەرێنی یەکێتی نەتەوەیی دەبینن و قسەی لەسەر دەکەن و وتی، "ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی کە لە دەوری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا گەش بوو، بناغەیەکی بەهێزی خوڵقاند."
قەڕەیلان باسی ئەوەشی کرد، گەلی کورد کاتی لەبەردەست نەماوە کە بە فیڕۆیبدات. یەکێتی نەتەوەیی هەرچەند زوو ئەنجامبدرێت، ئەوەندە باشە.
'ئەگەر کوردستان بە داگیرکراوی بمێنێتەوە، هۆکارەکەی نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی یە'
قەرەیلان، نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی وەک هۆکاری داگیرکەری و قڕکردنی کوردستان لەقەڵەمدا و وتی، "لەگەڵ ئەوەی کورد کۆنترین گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن کۆمەڵگا و کلتورە، لەگەڵ ئەوەی ناوەندی شۆرشی نئۆلۆتیکە، بەڵام هێشتا داگیرکراوە و تاڵاندەکرێت. تورک پێش هەزار ساڵ هاتوونەتە هەرێمەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمەکە دەسەڵاتیان گرتەدەست."
قەڕەیلان بەبیریهێنایەوە، لەگەڵ دەوڵەمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی، کورد بە ژێردەستەیی مایەوە و وتی، "هۆکاری ئەوەش نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی یە."
قەڕەیلان بەم شیوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا، "ئێمە لە سەدەی ٢١ داین. لە ڕووی سیاسی، زانستی، ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتیەوە ئێمە خاوەن عەقلیەتێکی بەهێزین. پێشتر کورد خاوەنی قۆتابخانە زانکۆ و خوێندن و نووسین نەبوو. بەڵام ئێستا شتێک کە کەس نایزانێت ئێمەی کورد دەیزانین و خاوەن هزری نوێ و پیشکەوتووین. هەنگاوەکانی شۆڕشەکانی ئێمە، پێشکەوتنەکان، ئاستی شرۆڤەی کۆمەڵگا و مێژوو، هۆنەری چارەسەری ئێمە لە کەم جێگای جیهان هەیە و لەوانەیە نەشبێت. ئێمە ئەمڕۆ بە ڕاستی خاوەن عەقلیەتێکی ڕۆناک و پێشکەوتووین.
'ئەگەر مێژووی خۆمان دووبارە بکەینەوە، نەوەی داهاتوو تف لە گۆڕەکانمان دەکات'
قەڕەیلان وتیشی، لەم قۆناغەدا نابێت مێژوو دووبارە بکەینەوە. ئەگەر ئێمە مێژوو دووبارە بکەینەوە، نەوەی داهاتوو تف لە گۆڕەکەمان دەکەن. هەر کەسێک کە خۆی بە پێشەنگی سیاسەتی کورد دەزانێت، پێویستیە ڕاستیەکە باش بزانێت. ئەمە مەسەلەی پارتێک یان بەرژەوەندی لایەنەک نییە. ئەمە مەسەلەیەکی گەورەی نەتەوەیی یە.
هیوادارین هەموو کەسێک وەک ئێمە هەوڵ بدات. دەبێت کەموکورتیمان هەبێت، دەتوانن بێن و پێمان بڵێن. بەلام ئێمە دەمانەوێت سیاسەتمەدارانی کورد و هەموومان لەبەرامبەر مێژوو بەیەکەوە سەرمان بەرز بکەینەوە. با سەرمان بەرز بێت. مەسەلەی سیاسی ئێمە ئەمەیە."
لەگەڵ ئەوەی شەڕ قوڕسە، دەرفەتی گەورەش دروست بووە
قەڕەیلان ئاماژەی بە هێرشە گشتیەکان لەدژی گەلی کورد دا و ڕایگەیاند، هێرشەکان زۆر قوڕسن.
قەڕەیلان وتی، "لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی گەورە بۆ ئێمە خوڵقاوە. کورد کاریگەریەکی گەورە لە سەر ڕای گشتی دروست کرد. بۆ هێزێکی نوێ گۆڕاون و ئەمەش زۆر گرنگە. کەس ناتوانێت رێگا لە هێزی ڕای گشتی جیهان بگرێت.
ئەگەر ئێمەی کورد لە سەر بناغەی ستراتیژی هاوبەش کۆبینەوە و یەکبگرین. ئەو کاتە دوژمنەکانمان چەندێک هەوڵ بدەن ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. دەستوەردانەکانی تورکیا سەرناکەون.
دوژمنی دڕندە لەدژی ئێمە لە سەر بناغەی عەقلیەتی ئیتحاد و تەرەقی یەکدەگرێت و هێرش دەکاتە سەرمان. بەلام لە دۆخێکی زۆر لاواز دایە."
ئێمە دەتوانین بۆ نەتەوەکەمان جێگایەک بکەینەوە
قەڕەیلان باسی دەرفەتە بەهێزەکانی گەلی کوردی کرد و وتی، "هێزی ڕای گشتی لەگەڵ ئێمەدایە. دەرفەتی دیپلۆماسی، سیاسی و سەربازیمان هەیە. ئێمەش دەتوانین بۆ نەتەوەکەمان جێگایەک بکەینەوە."
قەڕەیلان وتیشی، "پێویستە سیاسەتمەدار و کۆمەڵگای کورد باش تێبگات. لێرەدا بەرژەوەندیەکی خانەوادەیەک، ڕێکخستنەک و پارتێک نییە. پرسی نەتەوەیەکە. لەبەرئەوەی یاریەکەی بەرامبەر دەکرێت گەورەوە، نابێت بە شێوەیەکی تاکتیکی نزیکی مەسەلەکە ببین. ئەوانەی بەم شێوەیە دەجوڵێنەوە، زیانیان پێدەگات. پرسەکە ستراتیژییە. دەوڵەتی تورک ڕووداوەکانی ١٠ ساڵی تر بە پێی بەرژەوەندیەکانی لێکدەداتەوە و هێرش دەکات. پێویستە ئێمەش ئێدی داهاتووی خۆمان ببینین و دەست بە جوڵە بکەین. پێویستە بە تەنها بۆ ئێستا بیرنەکەینەوە. پێویستە ئێمەش ستراتیژی بیربکەینەوە. بە شێوەیەکی ستراتیژی بجوڵێینەوە و ببین بە ئەکتەرێکی ستراتیژی. پێویستی هەرێمەکە بەمە هەیە. بە پێچەوانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سفرەی گورگەکان وایە. ئاسان نییە لەم سفرەیەدا پارچەیەک نان بەدەستبهێنیت. بۆ ئەوەی تۆش بتوانیت پارچەیەک نان بەدەست بهێنیت پێویستە وەک گورگ وابیت.
ئەمە چۆن دەبێت؟ لە گۆڕەپانی شەڕ کەس ناتوانێت وەک ئێمە قاڕەمان و ئازا بێت. بەڵام ئەمە بەش ناکات. وەک وتم، لە هەموو ڕووەکانەوە پێویستە وەک گورگ بین. پێویستی ئێمەی کورد بەوە هەیە. ڕۆشنبیر، هونەرمەند دەتوانن لە سەر ئەم بابەتە لێکۆلینەوە بکەن. عەقلیەتێکی بەم شیوەیە دەتوانرێت دروست بکرێت.
پێشنیارم بۆ هونەرمەند و ڕۆشنبیران هەموویان هەیە: بە بەشداری ڕۆشنبیرانی چوار پارچەی کوردستان دەتوانرێت یەکێتی نەتەوەیی دروست بکرێت. بۆچی نایکەن؟ بە تەنها ڕۆشنبیرانی ئەوروپا کۆبوونەوە، ئەوە گرنگە بەڵام بەس نییە. ڕۆشنبیران لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بەشداری بکەن."
قەڕەیلان ئەوەی خستەڕوو، بێ ئەوەی چاوەڕیی سیاسەتمەداران بکرێت، هەموو دەزگا هەموو بەشەکان کۆببنەوە و کۆنگرە و کۆنفرانسەکانتان ئەنجام بدەن. بۆ نمونە: ژنان دەتوانن سەرلەنوێ کۆنفرانسی خۆیان ئەنجامبدەنەوە، پێم وابێت، هەوڵەکانیان بەردەوامە. پڕۆسەیەکی بەم شێوەیە دەتوانرێت دەستپێبکرێت. لەبەرئەوەی یەکێتی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەتوانێت یەکێتی نەتەوەیی گەشتر و بەهێزتر بکات و بناغەیەکی بەهێز دروست بکات.
لە کۆتایی دەمەوێت بڵێم، ئەگەر لەسەر ستراتیژی هاوبەش لە دەوری یەکتری کۆبینەوە سەرکەوتوو دەبین. بە تایبەتی پێویستە هەوڵدانی ڕۆشنبیر و هونەرمەندان ببینرێت و ئەگەر ئەو هەوڵدانەش بە جددی وەربگیرێت، ئەو کاتە دەتوانن پێشەنگایەتیش بکەن. ئێمەش سوپاسیان دەکەین. لە ڕاستیدا پڕۆسەیەکی بەم شێوەیەی گرنگ هەیە. پێویستە ئەم پڕۆسەیە بە تەئکیدی سەربکەوێنین. ئەگەر ئێمە ئەم پڕۆسەیە سەربکەوێنین، لە هەموو ڕوویەکەوە سەردەکەوین.
ف.ق