لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک: پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر داعش لە گەلی رۆژئاوا دەکەن

لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک رایانگەیاند، سەرکەوتن بەسەر داعش دا سەرکەوتنێکى مەزنە و دەستکەوتی سیاسیی مەزنی دەبێت و دەڵێن، داعش لە رووی سەربازییەوە داعش کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لە رووی ئایدڵۆژبیەوە لە ناوچەکەدا ماوە.

مامۆستا رەسوڵ رەئوف بەرپرسی حزبی سۆسیالستی کوردستان لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "پیرۆزبای لە سەرجەم کوردان دەکەم بە تایبەتی کوردانی رۆژئاوا بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەی کە بەدەستیان هێناوە لە شەڕی دژی داعش. داعش یەکێک بوو لە سەرەکیترین دوژمنەکانی هەموو مرۆڤایەتی نەک تەنها دوژمنی کورد. کورد توانیی سەرکەوێت بە سەر داعش دا و خەلافەتەکەی لە ناوبەرێ، ئەوەش بە تێکوشان و لێبووردەیی ١١ هەزار شەهیدی رۆڵەکانمان لە کچان و کوڕان بەدەستهاتووە".

وتیشی: "لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتیدا کە نوێنەری زۆربەی وڵاتەکان ئامادەبوون کۆتای داعش ڕاگەیاندرا و ئەوەش  دەستکەوتێکی زۆرە بۆ گەڵی کورد. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان روودەدات لە دایکبوونی قۆناغێکی نوێیە و دەبێت کورد بە ژیرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات. لە رۆژئاوا زۆر بە ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەل ئەم قۆناغە نوێیە کراوە و توانراوە لە بواری سەربازی سەرکەوتن بە دەست بێنین و لە بوراری  دبلۆماسیدا توانراوە زۆربەی وڵاتتە زلهێزەکان بێنینە ناو پرۆسەکەوە. لە ئێستادا حکومەتی سوریا بە شێوەیەک مامەلە لەگەڵ ئەم هێزە بە هێزەی ناوخۆ و رزگارکەری وڵات دەکات، کە ئەوەى بەو هێزانە کراوە بە حکومەتی تورکیا و ئێران و سوریا ناکرا".

ئەوەشی وت: "لە رۆژئاوا تونرا دەنگی نەتەوەکانی دیکە بە دەست بێنن، بەڵام ئێمە لە کەرکوک نەمان توانی نەتەوەکان هاوڕا بکەین لەگەڵ خۆمان".

کۆمەڵ سەمەد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە کەرکوک دەربارەی سەرکەوتنەکەی کوردانی رۆژئاوا بە ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی پیرۆزبایی لە گەلی رۆژئاوا دەکەین بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی تۆماریان کرد، لەگەڵ دروستبوونی خەلافەتی داعش جینوسایدی مرۆڤی و کلتوری دروستبوو و لەسەر دەستى داعش ئەو ناوچانەی کە شوێنی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکان بوو لە ناوچوون".

راشیگەیاند: "شەڕی کۆبانێ دەستپێکی شەڕی کۆتایهێنان بە داعش بوو بە پالپشتی گەل و بەبێ دەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کوردانی رۆژئاوا توانیان شکست بە داعش بێنن، گەلی کورد قوربانییەکی زۆری دا لە پێشمەرگە و شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعش، داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لە رووی ئایدڵۆژییەوە لە ناوچەکە ماوە و پێویستە شەڕێکی ئایدلۆژی بەرامبەر داعش بکرێت".

ئارام کەرکوکی بەرپرسی بەرەی دیموکراسیی گەل دەربارەی سەرکەوتنەکەی کوردانی رۆژئاوا وتى: "پیرۆزبایی لە کوردانی رۆژئاوا دەکەم بۆ ئەو سەرکەووتنەی بە سەر داعش دا تۆماریان کرد، ئەم سەرکەوتنە کەیسی کوردی بەرەو پێشبرد لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی فکر و تێکوشانی ڕێبەر ئۆجالانە، کە چەندین ساڵ گەلی رۆژئاوای پەروەردە کرد".

هەروەها وتی شەڕی شەڕڤانان دژی داعش کۆتایی بە خەلافەتی داعش هێنا، ئێمە ئەم سەرکەوتنە بە دەستکەوتێکی مێژوویی گەلی کوردی دەبینین، چونکە ژنانی کورد توانییان بەرامبەر دوژمنێکی زاڵم و دڕندە تێکۆشان و بەرخودانی بێ وێنە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا بکەن".

ر.م