حکوومەتی هەرێم و عێراق ڕۆژانه ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگه نەوته‌کانی کەرکووک له ڕێی بەندەری جه‌یهان و کۆمپانیای سۆما هەناردەی دەرەوە دەكه‌ن. نەوتی کەرکووک بە دونیادا بڵاو ده‌بێته‌وه و تینوێتی دەوڵەتانی سەرمایەدار ده‌شكێنێت، بەڵام هاوڵاتییانی ئەو شارە بۆ وەرگرتنی تەنها ١٠٠ لیتر نەوت، دەبێ ماوەی زیاتر لە یەک هەفتە لە به‌رده‌م وێستگه‌كانی دابه‌شكردنی نەوت، ئێشکە لە بەرمیلەکانیان بگرن.
وێستگه‌ی دابەشکرنی نەوتی نەهرۆ یەکێك لەو ناوه‌ندانه‌یه و دەکەوێتە گه‌ڕه‌كی ڕه‌حیماوای شاری کەرکووک. نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی سەر بەو ناوه‌ندەن، بەڵام حکوومەت هەفتانە تەنها ٣٦ هەزار لتری بۆ دەنێرێت، ئەو ڕێژەیه‌ش بەشی ئەو ژمارەی هاوڵاتییان ناکات. هاوڵاتیان دەڵێن لە دابشکردنی ئەو بڕەکەمەشدا فێڵیان لێ دەکرێت و بەشێکی کەمی دابەش دەکرێت، ئه‌وه‌ی دیكه بە قاچاخچییەکان دەفرۆشرێت.
فاتمە محەمەد، ماوەی هەفتەیەکە ڕیزی گرتووە بۆ ئەوەی بەشە نەوتەکەی وەرگرێت. ئه‌و دەڵێت: «ڕێژه‌یه‌كی کەم نەوت دەنێردرێت بۆ ناوه‌ندی دابەشکرنی نەوت، ئەو ڕێژه‌یه‌ش بەشی هاوڵاتییان ناکات. ئەو بڕه‌ی کەمە دەنێردرێت بۆ هاوڵاتییان، هەمووی دابه‌ش ناکرێت، بگرە دەفرۆشرێتەوە بە قاچاخچییه‌کان.»
هاوكات کامەران سەعید بەرپرسی وێستگه‌ی نەهرۆ بۆ دابەشكردنی نەوت لە گەڕەکی ڕه‌حیماوا ده‌ڵێت: «هەفتەی یەک جار نەوت بۆ وێستگەکەمان دێت، بۆیە قەڵەبالغییەکی زۆر هەیە لێرە. حکوومەت ١٠٠ لتر نەوت دەداتە هاوڵاتییان کە بەشی ٣٥٠ بلیت دەکات. ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ کەس لێرەیە، بەڵام ئێمە تەنها ده‌توانین بەشی ٣٥٠ خێزان نه‌وت بە هاوڵاتییان بده‌ین. کێشەکە لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دابەشكردنی نەوت (مەنتوجات)ه.»
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێشتر مانگانە ٢٦ کاروان نەوت بۆ وێستگەکەیان ده‌هات، بەڵام ئێستا مانگانه تەنها ٤ جار نەوت بۆ وێستگەکه‌یان ده‌نێردرێت.
s.m