لە ئامەد پۆلیسی تورک کەسێکیان کردە ژێر زرێپۆشەکەیانەوە و گیانی لەدەستدا

لە دەوروبەری باڵەخانەی هەدەپەی ئامەد، پۆلیسی تورک کەسێکیان بە ناوی جیهان جان کردە ژێر ئۆتۆبۆسی زرێپۆشەوە و گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی تورک کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ەوە باڵەخانەی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەیان لە ئامەد گەماڕۆداوە، بە زرێپۆشەکەیان جیهان جانی ئەندازیاریان کوشت کە تەمەنی ٣٣ ساڵە. زرێپۆشەکەی پۆلیس لە چواڕیانی تورگوت ئۆزاڵەوە بەرە باڵەخانەی هەدەپە دەڕووی و جیهان جانی کرد بە ژێرەوە کە هەوڵیدەدا بۆ لایەکەی تری جادەکە بپەڕێتەوە.

لە کامێرەکاندا دەردەکەوێت جان ماوەیەک لەژێر ئۆتۆموبیلەکە ماوەتەوە و دواتر پۆلیسی تورک هەوڵیداوە بەجێیبهێلێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان ڕووداوەکەیان بینی، هێزەکانی پۆلیس جیهان جانیان بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی شار گواستەوە و دواتر جەنازەکەیان بۆ پزیشکی دادی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی گواستەوە.

لە کاتی پشکنیندا نەخۆشخانەکە لە لایەن پۆلیسی تورکەوە گەماڕودرا.

دوای ئەوەی بە ڕووداوەکەیان زانی، خانەوادەی جیهان جان، دەرسیم داغ، نەجدەت ئیپەکیوز پەرلەمانتارانی هەدەپە، زەیات جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد و ئەندامانی هەدەپە چوونە نەخۆشخانەکە.

ف.ق