لە باشووری کوردستان کرێکار و کارمەندان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد

لە سلێمانی خۆپیشاندانی کارمەندان، بە دروشمی "شکستتان ھێناوە دەست لە کار بکێشنەوە" دەستی پێکردەوە، هەروەها داوایان دەکرد سەرجەم مووچە خۆران بێنە سەر شەقامەکان.

ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران و کارمەندانی هاتووچۆ و ژمارەیەک مووچەخۆری دیکەی فەرمانگەکانی دیکەی شاری سلێمانی، لەبەردەم باخی گشتی شارەکە بە دروشمی "شکستتان ھێناوە دەست لە کار بکێشنەوە" بەردەوامیان بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویاندا.

لە خۆپیشاندانەکەدا کە لەلایەن کارمەندانی هاتووچۆوە ڕێکخراوە و هەریەک لە کارمەندانی تەندروستی، فەرمانبەرانی شارەوانی، مامۆستایانی ناڕازیی و دەیان کەسی دیکە بەشداربوون، داوای مووچەکانیان کرد.

خۆپیشاندەران جگە لە دروشمی "شکستتان ھێناوە دەست لە کار بکێشنەوە" چەندین دروشمیان بەرزکردبوەوە، لەوانە "ئێوە دژی چاکسازین کەی تێر دەخۆن لە دزی"، "بەڵێنی ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە لە چ گۆڕستانێک نێژراوە"، " ئەم حکومەتە بەڵایە مووچەی شەش مانگی لایە".

ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان لە شاری سلێمانی و چەند شارۆچکەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان دژی پێنەدانی مووچە بەردەوامە، حکومەتیش هیچ وەڵامێکی مووچەخۆران ناداتەوە، لە نوێترین بڕیاریشیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری بڕینی ٢١٪ی مووچەی وەزارەتەکانی دەرکرد، ئەوەش مووچەخۆرانی ئەوەندەی دیکە توڕەکردووە.

ف.ق