لە تەبقا بە هەزاران کەس لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک رژانە سەر شەقام

لە ناوچەی تەبقای سەر بە فیدراسیۆنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هەزاران کەس رژانە سەر شەقام و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد. خەلکی تەبقا پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک دووپات کردەوەو وەک هێزی پاراستی پێکهاتەکان ناویان برد.

رێپێوانەکە بە پێشەنگیی بەڕێوەبەرایەتی سڤیل-ی دیمۆکراتیک بەڕێوە چوو. بە هەزاران کەس لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی ژنان-ی تەبقا گرد بوونەو هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو تاوانانەی ئەنجامی داوە، رسواو شەرمەزا کران. دواتر رێپێوانێکیان ساز کرد و تێیدا پانکارتی شەرمەزارکردن دەوڵەتی تورک و وێنەی ئەو شەڕڤانانەی لە ئەنجامی هێرشە داگیرکەرییەکاندا شەهید بوون، بەرز کرانەوە.

خدر عەلوش هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سڤیل-ی تەبقا و مەجیدا حوسێن ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ژنانی ناوچەکە و عوبێید ئەل نەهیریش لەسەر ناوی سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکەو موسەنا عبدولکەریم بە ناوی پارتی پێشڤەرووی سوریاوە قسەیان کرد.

لە پەیامەکاندا باس لەوە کرا کە بە هاتنی ئەردۆغان و چەتەکانی بۆ ناو خاکی سوریا، خاکەکەیان پیس بووە، منداڵ و ژن دەکوژرێن و هەوڵ دەدەن ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکەن.

هەروەها لە پەیامەکاندا تیشک خرایە سەر ئەوەی گەلانی ناوچەکە لە پشتی قەسەدەوەن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دروست بووە و ئامانجی بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و شکۆکەندانەیە بۆ گشت پێکهاتەکانی سوریا.

هەروەها بانگ لە روسیای فیدراڵ و حکومەتی سوریاش کرا کە ئەرکەکانیان بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پاراستنی مەدەنییەکان جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیشدا پەیام ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخستەکانی مافی مرۆڤ کرا کە بەجدی تەماشای رووداوەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن و لێپرسینەوە لەسەر کریارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بکەن.

ز.ش